پێگەی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان

 

 فەرید دڵشاد

ئەگەرچی لە دوای  ساڵی 2003 وە كورد دۆسێی ئیداری، ئەمنی و تەنانەت ئابووریی ناوچە جیناكۆكەكانی بەدەستەوە بوو، زۆربەی پۆستە باڵاكان لەو ناوچانەدا لەلایەن كوردەوە بەڕێوەدەبران، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە، كورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی لەدەستدا و وردە وردە لە پۆستەكان دوورخرایەوە و لە ناوچەكە پەراوێزخرا.
بە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە، لە كەركوك زۆرترین بەرپرسی كورد پۆستەكانیان لێسەندراوەتەوە و دراون بە عەرەب و توركمان، لە یەكەم هەنگاودا پارێزگارێكی بە وەكالەتی عەرەب دانرا، دواتر لابردنی پۆستەكانی بەڕێوەبەری ناحیە و قەزاكانی گرتەوە، لە كۆی  هەشت ناحیە، تەنها بەڕێوەبەری دوو ناحیە كوردە و لە كۆی هەشت قەزا، هیچ قایمقامێک کورد نییە، تائێستا 98 پۆست لە كورد سەندراونەتەوە، لەو ژمارەیە 56 پۆست دراوە بە توركمان و 42 پۆستیش دراوە بە عەرەب، جگە لە دوورخستنەوەی نزیكەی 100 فەرمانبەری كورد لە پۆستی بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەش و هۆبە.
ئەو ئامارانە پێمان دەڵێن دوورخستنەوەی بەرپرسانی كورد لە پۆستەكان بۆتە هۆی لاوازبوونی پێگە و دەسەڵاتی كورد لەوناوچانە، هەروەك چۆن لەدەستدانی پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەسەر ئاستی پارێزگاكە و سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوەكان دەكات، كاریگەریی نەرێنی زۆری هەبووە، لە رابردوودا پارێزگارێكی كورد رێگربوو لە دەركردنی هەر بڕیارێك دژی كورد لەناوچەكە، بەڵام ئێستا بەهۆی پارێزگارێكی عەرەب كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دوورخستنەوەی بەرپرسانی كورد لە پۆستە گرنگەكان، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی  كورد لە بەڕێوەبردنی سێكتەرە گرنگەكاندا رۆڵی نەمێنێت.
هەروەها لادانی كورد لە (پۆستی قایمقام)ی ناوەندی پارێزگای كەركوك و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكان و  قایمقامی قەزاكانی سەر بەناوچە جێناكۆكەكان، كاریگەریی لەسەر پێگە و دەسەڵاتی كورد دەبێت لەو ناوچانە، چونكە قایمقام یەكێكە لە پۆستە گرنگەكان و رۆڵی لە پاراستنی موڵك و ماڵی هاووڵاتیاندا هەیە كە ئێستا هەڵمەتێكی داگیركردنی زەوی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان جێبەجێ‌ دەكرێت.
جگە لەوەش قایمقام سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی ناوچەكەیە، رۆڵی سەرەكی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە، بەتایبەتی لە پارێزگایەكی وەك كەركوك، كە دۆسێی ئەمنیی یەكێكە لە دۆسێ‌ گرنگەكان.
لەلایەكی دیكەوە لابردنی بەڕێوەبەری ناحییەكان كاریگەریی دەبێت لەسەر پێگە و دەسەڵاتی كورد لەناوچە جێناكۆكەكان، چونكە (پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە) كە سەرپەرشتی یەكە ئیدارییەكانی ناحیەكە و پارێزگاری ئەمنییەتی سنوورەكە و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان دەكات. 
كەواتە بەردەوامیی دوورخستنەوەی كورد لە پۆستەكان مەترسی گەورە لەسەر ئایندەی كورد لەناوچەجێناكۆكەكان دروست دەكات و دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەكەی لە رووی دەسەڵات و ئاسایشەوە.
جگە لەوە لە دوای ساڵی 2003وە كورد زیاتر 50 %ی رێژە و دەنگی كەركوكی هەبووە، بەڵام ئێستا لە پێدانی مافدا لە كەركوك پلەی سێیەمە لە دوای عەرەب و توركمانەوە، وەك كەمینە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا كورد مافی خۆی پێنەدراوە، نە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و نە لە رێژەی فەرمانبەران.

 

سەرچاوە؛ کوردستانی نوێ