خامەبەدەستانی هێژ!
شاعێرانی دەروەست!
شێعر بە درێژاییی مێژوو پانتایییەکی بەرفراوانی لە ئەدەبیاتی کوردی و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە و هەنووکەش شێعرە وەکوو یەکێک لە ژانەرە گرنگەکانی ئەدەبیاتی ئێمەی کورد ئەژمار ئەکرێت. زمان، گێڕانەوە، ڕوانگە و جیهانبینیی شاعێرانی ئێمە هەڵقوڵاوی ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی و هەمەلایەنەی کوردستان بوون و هەیە.
بەو بۆنەوە ناوەندی نووسەرانی کوردستان، پڕۆژە و بەرنامەیەکی تایبەت بە شێعر بە ناوی "پێنجشەممەشێعر" دیاری کردوە کە لە ڕۆژانی پێنجشەممەدا بەرهەمە شێعرییەکان بڵاو دەکاتەوە. ئەم ڕۆژە هەم لایەنی ستاتیکا و دەربڕینی شێعری لەگەڵدایە و هەمیش فەزایەکی شێعری بۆ خوێنەران ئامادە دەکات.
وەکوو ڕەواڵی هەمیشەییی ناوەندی نووسەرانی کوردستان کە باوەڕی بە فرەڕەنگیی فەرهەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و پلۆرالیزمی شێوەزاریی زمانی کوردی هەیە، جیا لەوەی کە هەموو شێوەزارەکان زمانی کوردی دەتوانن خۆیان لەو پڕۆژەیەدا ببیننەوە، بەڵکوو بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە پێشوازی لە ڕەنگاڵەبوونی بەرهەمە نێردراوەکانی شاعێر و بەهرەمەندان دەکەن.
بۆیە داوا لە هەموو شاعێرانی نیشتمان دەکەین کە خۆیان لەو پڕۆژە و بەرنامەیەدا ببینەوە و بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ناوەندی نووسەران بنێرن.
ئەمە هەوڵێکی بچووکە بۆ کۆکردنەوەی توانایییەکانی زمانی شێعری و نزیکبوونەوەی شاعێر و بەردەنگەکانی شاعێر و هەروەها دنیای شاعێران و خوێنەرانی کورد بەگشتی، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە تاراوگەدا.
پێویستە ئەوەش بوترێت کە بە پاڵپشتی ناوەندی نووسەرانی کوردستان، شێعر و بەرهەمە نێردراوەکانی بەرنامەی "پێنجشەممەشێعر" وەک کتێبی ساڵانەی شێعر، چاپ و بڵاو دەکرێتەوە کە ئاوێنەی ئەزموونی شێعری شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.
چۆنیەتی هەناردنی شێعرەکان:
ــ هەناردنی دەقی نووسراوی شێعر.
ــ ئەگەر شاعێرێک پێی خۆش بوو بە دەنگ یان بە ڤیدیۆ شێعر و بەرهەمەکەی پێشکەش بکات، ناوەندی نووسەران پێشوازی لێ دەکات. (ڤیدیۆ نێردراوەکان ئەوپەڕی تاکوو ۵ خولەک بێت، دەنگە نێردراوەکانیش وێنەیەکیان لەگەڵ بێت بۆ مۆنتاژکردن).
ــ پێویستە ئەو ڕەچاو بکرێت کە لە تۆمارکراوکردنی ڤیدیۆکاندا مۆبایلەکان بە شێوەی ئاسۆیی دابنرێن، یان بە واتایەکی تر؛ ڤیدیۆکان بە شێوەی ئاسۆیی تۆمار بکرێن.
پێشوازیی ئێوەی هێژا دەتوانێت ئەزموونی بەرهەمێکی ناوازە، ڕەنگاڵە، فرە ڕوانگەیی و دەوڵەمەندیی وێژەی کوردی بێت.
ڕێگەی ناردنی شعێرەکانی ئێوەی بەڕێز:
ئیمەیلی فەرمیی ناوەندی نووسەران
nawend.archive@gmail.com
ئەفراسیاب گرامی
afragrami@
ژاڵە سەفییاری
jale2722@
ناوەندی نووسەرانی کوردستان