پێشڕەوی و پاشەکشە، دو چەمکی ناو مێژوی کورد

 

فارس نەوڕۆڵی

 مێژووی کورد هەمیشە چیرۆکێکی دووبارە بووە، ماوەیەک پێشڕەوی و نزیک بونەوە لە لووتکە ، پێش گەیشتن بە لووتکە ،سەرە و لێژ بونەوە و پاشەکشە چارەنوسی بووە. لەمێژووی نوێدا باشوری کوردستان لە پێشڕەوییەکی بەرچاودا بووە تا دروستکردنی حکوومەت و پەرلەمان.

ئێستا لە چ دۆخێکداین؟ (پێشڕەوی کردن یان پاشەکشەو سەرەو لێژ بونەوە). پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە حیزبە سیاسییەکان و جڤاتی کوردی ئەم پرسیارانە لە خۆی بکات:
١. ئێمە لەکوێوەهاتین؟
 ٢. گەیشتینە کوێ؟
 ٣. ئێستا لەچی دۆخێکداین؟
 ٤. بەرەو کوێ دەڕۆین؟

 مێژووی کورد لە زۆربەی وێستگەکاندا لە دۆخی (بەردەکەی سیزیف) دەچێت گەیشتوەتە نزیک لووتکە و سەرەو لێژ بوەتەوە! ئەگەر بە تێگەیشتنەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لە پێشەکیەکەدا هاتووە بدەینەوە ئەوا دەگەینە بەرەنجامێک و وەڵامی دروست کە:
ئێمە لە ئەنفال، کیمیاباران، کۆڕە و زیندانەکانی بەعسەوە هاتین و گەیشتینە ئەوەی بۆ یەکەم جار لەمێژوودا پەرلەمان و حکوو مەتمان هەبێت و خاوەنی گوتارێکی کوردستانی بین، لەهەمانکاتدا گەشەیەکی ئابووری خێرا کوردستانی گرتەوە. هەرچەندە پێم وایە گەشەیەکی نا سروشتی بوو. بە هەر جۆرێک بوو هەرێمی کوردستان جێگای ئومێدی هەموو کوردێک بوو لەهەمانکاتدا ببوە پاڵپشتێک بۆ کوردەکانی دیکە کە بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و سەرمایەگوزاری بکەن و بحەوێنەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کوردستان ببوە جێگای ئومێد، کە دیموکراسییەتی تێدا گەشە بکات و ببێتە نمونەی ئازادی و مۆدێلی ناوچەکە تێپەڕێنێ و بتوانێ مۆدێلێک لەناوچەکەدا دروست بکات و میللەتانی ناچەکە وەک سیمبول سەیری بکەن، بەڵام ئەگەر لۆژیکی  هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و قسەی لەسەر بکەین ئێستا لە دۆخێکی نا تەندروستی سیاسیداین و دەتوانین بڵێین لە مەئزەقداین! ئەم دۆخەی ئێستای ناوماڵی کورد، پەیوەندی حیزبەکان وایلێکردوە داهاتوو ڕوون نەبینرێت و بەرەو تارمایی ڕێدەکەین!  

ئەگەر هەڵوێستەیەک لە دوێنێ بکەین بەتایبەتی لە دوای (٢٠٠٣)ــەوە دۆخی هەرێمی کوردستان لەگەشەیەکی بەرچاوی سیاسی و ئابووری و دبلۆماسیدا بوو تا ئەو ڕادەیەیی کە:
 ١. هێزی بڕیاری کورد ئەوەندە بەهێز بوو سەرۆک وەزیرانی عێراق کورد دەیگۆڕی و کورد سەرۆک وەزیرانی دایدەنا، ئەی ئێستا!
٢. نوێنەری هەر وڵاتێک دەهاتە کوردستان تەنها یەک کەسایەتی لە سەرکردایەتی کوردستان دەیبینی وەک نوێنەری کورد، ئێستا وەک ئێمەی هەڵەبجەیی ێژینی نوێنەرانی وڵاتان کەدێن بۆ هەرێم ماڵ لە پەڕی شارەزوور دەبینن، کە گوێبیستی حیزبەکان دەبن هەریەک لەئاوازێکی ناشاز دەخوێنێ ئەم هەموو ڕا پەرتەوازەیە کە وەری دەگرن مانایەکی نەرێنی دەدا بەدەستەوە و تێدەگەن لەچی سەرگەردانیەکداین.
 ٣. کورد توانی هێزی پێشمەرگە لەناو خاکی تورکیاوە بنێرێتە ڕۆژئاوا بۆ هاوکاری براکانمان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئەمە وێستگەیەکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی کورد بوو و ئەی ئێستا لەکوێی ئەم جۆرە بڕیارانەداین.
 ٤. هێزی پيشمەرگە وەک سیمبولێکی جیهانی سەیر دەکرا چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا بکرێتە هێزێکی نیشتیمانی و پشتگیری ئازادیخوازان لە ناوچەکە، ئێستا نازانم هاوپەیمانان چی ڕایەکیان هەیە لەسەر هێزی پێشمەرگەو شێوازی بەڕێوەبردنی.
٥. نەوەی سەردەمی ئێمە و باو باپیرانی ئێمە قوربانیاندا بۆ دروستکردنی قەوارەیەک بۆ کورد تا ئەمڕۆ دروست بکەین. تا شەڕی داعش گەنجەکانمان هەمان ئامانجیان هەبوو خۆبەخشانە بەرەو مەرگ دەچوون، بەڵام ئێستا زۆربەی گەنجان خەونی جیاوازتریان هەیەخەونێک کە (….....…) وەڵامەکەی بەجێ دەهێڵم بۆ حزبەکان بێ جیاوازی. 
لێرەدا ئەگەر بەپێوانەی واقیع بخوێنینەوە نەک بە وەصفی، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ماڵی کورد هەلا هەلایە و لە زۆر ڕووەوە لە پاشەکشەداین. ئەمەش تەنها خەتای هێزێک و دوو هێز و سێ هێز نیە، بەڵکو هەموو حیزبەکان بەپێی قورسایی خۆیان قورساییان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە نالۆژیکی مامەڵەیان کردوەو نەیانتوانی سەرمایە گوزاری سیاسی لەناوپرۆسەی سیاسیدا بکەن و خەونیان بۆ پەیداکردنی پارە بووە و نەیان توانی تاکی هۆشیار دروست کەن، کە تاکیش دروست نەکرا کۆیەکی ئەرێنی دروست ناکرێت. 


بۆیە ئێستا کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە، بەڵام هێشتا درەنگ نیە بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن و پێداچونەوە بۆ ئەوەی ئەم سەرەو لێژ بونەوەیە ڕاگرین و لە بری پاشەکشە بتوانین خاڵی پێشڕەوی دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی لەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکەدا نەکرێینە دەرەوەی گەمەکەو دەرەوەی مێژوو، ئەم هەنگاوەش عەشقی دەوێ چون ئاشق هەموو شت دەکاتە قوربانی مەعشوقەکەی. هیچ شتێکیش هێندەی نیشتیمان بەرز نیە کە هەموو شت بکەیتە قوربانی بۆی. ئەگەر پرنسیپ هەبێت ، دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین ڕاستە ئەم  هەرێمی کوردستانە بە خوێن دروست کراوە بەڵام چیتر بە خوێن ناپارێزرێت بەڵکو بە:.
پەروەردە.
ئەقڵ 
بیرکردنەوەی ستراتیجی.
دادپەروەری.
قانون .
 دە پارێزرێت بەتەنها لەڕێگای ئەوپێنج چەمکەوە دەتوانین ڕێگا لەپاشەکشەبگرین بتوانین ئەم دۆخە پێچەوانەکەینەوە بۆ پێشڕەوی ئەگینا مێژووگورزی خۆیمان تێ دەسرەوێنێتەوە .

 

سەرچاوە: سایتی خەندان