هەندرێن خۆشناو هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریستی کورد، لە هۆڵی وەرزش و لاوان لە 27-28ی یۆلیۆ لە شارۆچکەی دارەتوو، شەشەمین پێشانگای تایبەتی کارتۆنی خۆی کردەوە، پێشانگاکە پێکهاتبوو لە (40) تابلۆی کارتۆنی، کە باسیان لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکرد، بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا، کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان.
لەم بارەیەوە هەندرێن خۆشناوی هونەرمەند لە لێدوانێکدا وتی: چەند مانگێک بوو لە هەوڵی کردنەوەی ئەم پێشانگەی بووین، ئەویش لەسەر داوا و هاندانی گەنجانی ناوچەکە بوو، کە زۆر بەپەرۆش بوون بۆ کردنەوەی پێشانگەیەکی کاریکاتێریی لەم جۆرە لە ناوچەکەیان، و ئێمەش بەم مەبەستە و بۆ زیاتر ئاشناکردنی گەنجانی کوڕ و کچی ناوچەکەکانی دەرەوەی شارەکان، بە هونەری کاریکاتێر و رەخنە تەنز، و پیشاندانی گرنگی و کاریگەریی ئەم هونەرە و رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا، و وەدەرخستنی کێشە و کەموکوڕییەکان لە کۆمەڵگاکەماندا، و بە هاوکاری یەکێتی نێودەوڵەتی لاوانی دیموکرات، کە بارەگای سەرەکی لە لەندەنی پایتەختی ئینگڵتەرایە، هەستاین بە کردنەوە ئەم پێشانگایە، بەهیوای ئەوەی توانیبێتمان هەنگاوێک بهاوێین بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی گەنجان و لاوانی کورد، و کێشە و گرفتەکانیان بخەینە بەرچاو.
سەرچاوە: pukmedia