پێداگرتن لەسەر ژیانی تایبەت.

 

مەریوان وریا قانع 


لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ”سەرچاوەکانی خود: دروستکردنی شوناسی مۆدێرن“،
،Sources of the Self: The Making of the Modern Identity ، فەیلەسوفی کەنەدی چارلس تایلۆر باس لەچەندان سەرچاوەی سەرەکیی بۆ دروستبوونی خودی مۆدێرن لە ناو کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا دەکات. یەکێک لەو سەرچاوانە پێداگرتنی ئەو کۆمەڵگایانەیە، لەسەر گرنگیدان بە ”ژیانی ئاسایی“ مرۆڤەکان. بەخشینی نرخ و بەھایەکی گەورە بەم ژیانە ئاساییە ڕۆژانەییە، ئەو ھەنگاوەیە کە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان دەینێن و لەم ڕێگایەوە خۆیان لە کۆمەڵگا کۆنەکانی بەر لە دونیای مۆدێرن دادەبڕن. بۆ نیشاندان و شیکردنەوەی ئەم گۆڕانکارییە چارلس تایلۆر دەگەرێتەوە بۆ ئەو جیاکارییە بەناوبانگەی فەیەلسوفی یۆنانی ئەرستۆ لە نێوان ”ژیان“ی ئاسایی و ”ژیانی باش“دا دەیکات. یەکەمیان وەک ژیانێکی کەمتر و دووھەمیان وەک ژیانێکی بەرزتر و بەھادارتر دەنرخێنێت.

ئەرستۆ پێیوایە ئەو چالاکییە رۆژانەییانەی کە بەردەوامی بەژیان دەبەخشن و دەیپارێزن، جیاوازن لەو چالاکییانەی کە ”ژیانێکی باش“ دروستدەکەن. ”ژیانی ئاسایی“ ئەو ژیانەیە کە تیایدا مرۆڤ مشوورلە مانەوەی خۆی دەخوات لەرێگای کار و ئیش و بەرھەمھێنان و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیەوە. مەسەلەی ڕێکخستنی ژیانی سێکسیی و پەیوەندیی نێوان نێر و مێش دەچێتە ھەمان بوارەوە. بەم مانایە مرۆڤ لە ژیانی ئاساییدا  ھەم ”مرۆڤێکی ئیشکەر“ و ”شت و مەک دروستکەر“ە، ھەم ”بوونەوەرێکی سێکسخواز“ە کە بەھۆیەوە خێزان دروستدەکات و نەوەدەخاتەوە و بەردەوامی بەژیان ئەبەخشێت. ئەم چالاکییانە ئەو پێداویستیانەن کە ژیانی ئاسایی دەپارێزن و درێژەیپێئەدەن.

ئەم ”ژیانە ئاسایی“ە لای ئەرستۆ ژیانێکە ھەموو مرۆڤەکان ھەیانە، جا چ کۆیلە بن یان ئازاد، چ کەسانێک خەریکی کاری تیوریی و فیکریی بن، یان کەسانێک کاری ناوماڵ و پێداویستییە مادییەکان دەستەبەربکەن. بەڵام ئەم جۆرە ”ژیانە ئاسایی“ە لای ئەرستۆ ھەموو ژیان نییە، ژیانێکی تر ھەیە لەم ژیانە بەرزتر و مانادارتر و بەنرختر کە ناوی ”ژیانی باش“ی لێدەنەێت. ”ژیانی باش“ ژیانی کەسە ئازاد و بیرکەرەوەکانە، ژیانی ئەو کەسانەیە کە لە یۆنانی کۆندا ناوی ”ھاوڵاتیی“یان لێنراوە. ئەگەر ”ژیانی ئاسایی“ ژیانێک بێت تەنانەت کۆیلەکان و ئاژەڵەکانیش ھەیانبێت و گرنگی پێبدەن، ئەوا ”ژیانی باش“ تەنھا ژیانی مرۆڤە ئازاد و بیرکەرەوەکانە، ژیانی ئەوانەیە لە گەردون و سیستمی شتەکان و سیاسەت وەک چالاکی رێکخستنی ژیانی گشتیی ڕادەمێنن و بیر لە ”چاکەی گشتیی“ کۆمەڵگا وەک گشتێک، دەکەنەوە. ئەمانە مرۆڤە کۆیلە و ئیشکەرەکانی ناو ماڵ نین، بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە بڕیارئەدەن چ جۆرە یاسایەک دابڕێژن بۆ حوکمکردنی کۆمەڵگا.
جیاکردنەوەیەکی شاقوڵیانەی ئەو دوو جۆرە ژیانە لەیەکتریی و نرخاندن و ریزبەندیکردنیان بەشێوەیەکی ھەرەمیی نایەکسان، ئاکاری سەرەکیی بیرکردنەوەی ناو کۆمەڵگا سونەتییەکان و شێوازی رێکخستنی ئەو کۆمەڵگا سونەتییانەن. فیکری ئەرستۆ، لەم ئاستەدا، فیکری ناو کۆمەڵگایەکی سونەتییە کە تیایدا ھەندێک مرۆڤ ئازاد و ھەندێک کۆیلە و ژێردەستن.

ئەوەی لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا رووئەدات سڕینەوەی ئەو ھەرمیەتەیە کە ”ژیانی ئاسایی“ لە ”ژیانی باش“ لەیەکتری جیادەکاتەوە. لە باتی ئەمە تێکەڵکردن و دەمجکردنی ئەو دوو جۆرە ژیانەیە بەیەکتری و کۆکردنەوەیانە لەناو یەک ژیاندا، کە ژیانی ئاسایی مرۆڤەکانە لەگەڵیەکدا. لابردن و سڕینەوەی ئەو ھیرارکیەتە ئەخلاقیی و ئەرستۆکراتیی و نایەکسانەی کە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکان دروستیدەکەن، ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە لە ڕوانین بۆ ژیانی ئاساییدا ڕووئەدات.

گواستنەوەی ”ژیانی باش“ بۆناو ”ژیانی ئاسایی“، مانای گواستنەوەی سەرجەمی ئەو چالاکییانەی وەک چالاکی بەرز و بەنرخ و تایبەتی ناو ژیانی باش دادەنران بۆ ناو خودی ”ژیان“ خۆی، بە مانا ئاساییەکەی. لەم گواستنەوەیەدا مەسەلەی بیرکردنەوە و داڕشتنی یاسا و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەوەکەوت تەنھا چالاکی بەشە ئەرستۆکراتییەکەی کۆمەڵگابێت، بەڵکو دەبێت بە چالاکیی سەرجەمی ئەو ھاوڵاتیانەی لە کۆمەڵگایەکەدا بەیەکەوە ژیانێکی ئاسایی، دەژین.
سڕینەوەی سنووری نێوان ”ژیانی ئاسایی“ و ”ژیانی باش“ و گواستنەوەی رەگەزەکانی ”ژیانی باش“ بۆناو خودی ”ژیانی ئاسایی“ خۆی، ئەو ھەنگاوەیە کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان دەیھاون و بەمەش خۆیان بەشێوەیەکی رادیکاڵ تازەدەکەنەوە.
ئەم بەیەکەوە کۆکردنەوە و تێکەڵکردنەی ”ژیانی ئاسایی“ و ”ژیانی باش“ لەناو یەک تێگەیشتندا، دۆخێک دروستدەکات دەشێت بە دۆخی ”رێزگرتنی ژیان وەک ژیان“ ناوببەین. لەمە بەدوا ھەموو چالاکییەک لە چالاکییە ئینسانییەکان، بە چالاکی بەرھەمھێنانی تیورییە فیکریی و زانستیەکانیشەوە، دەبن بە چالاکییەک لە خزمەتی ژیان خۆیدا، ئەو ژیانە ئاساییەی کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دروستیدەکەن. نەک کردنی ژیان بە قوربانی ئەو چالاکییانە و کردنی مرۆڤەکانی تر بە قوربانی ھەندێک مرۆڤی تر. لە گرنیگدان بە ژیانی ئاساییدا ھیچ چالاکییەکی ئینسانی نرخەکەی لە نرخی خودی ژیان خۆی بەرزتر و کامڵتر نابێت، بەڵکو ھەر چالاکییەک لە چالاکییەکان نرخەکەیان لەوەوە وەردەگرن، تا چەند بەکەڵکی ژیان دەێن و تا چەند دەتوانن خزمەت بە ژیان بکەن.

ئەم دۆخە وادەکات ژیانی باش تەنھا ژیانی نوخبەیکی خوێندەوار و ئازادی کۆمەڵگا نەبێت، بەو شێوەیەی لە یۆنانی کۆن و لەناو فیکری ئەرستۆدا ئامادەیە، بەڵکو ھەڵگرتنی سنووری جیاکاریی نێوان مرۆڤەکان و سڕینەوەی ئەو جیاکارییەکانەی لەسەر بنەمای پێگەی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی، جیاواز دروستکراون. ژیانی ئاسایی وەک ژیانێکی باش دەبن بە ئەگەرێکی کراوە لەبەردەم ھەر مرۆڤێکدا و ھەموو کەسێکیش دەتوانێت تیایدا بەشداربێت. چیتر ”ژیانی باش“ پابەست نییە بە ھەندێک بواری تایبەتی چالاکییەوە کە تاپۆی ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتی بێت، یان قۆرخکرابێت بۆ دەستەیەکی تایبەت، یان ئەو باوەڕە باڵادەستبێت کە تەنھا دەستەیەکی تایبەت دەتوانن ئەو چالاکییانە ئەنجامبدەن.

ئەوەی لەم گۆڕانکارییە گەورەیەدا دەکەوێت ئەو جیاکارییە سەرسەختەیە کە کۆمەڵگا سونەتییەکان لە ناوێوان ”ئەرستۆکراتیەت“ و ئەوەی ناوی ”عامە“ی خەڵکی لێدەنێن، دروستیدەکەن. یان ئەو جیاکارییەی لە مێژووی ئیسلامدا ناوی ”خاسە“ و ”عامە“ی لێندەنرێت. کەوتنی ئەم جیاکارییە ئەو ھەنگاوە سەرەکییەیە کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان لە کۆمەڵگا سونەتییەکان جیادەکەنەوە. ئەم جیاکارییە لە ئاستە سیاسییەکەیدا مانای لەدایکبوونی ھاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی یەکسان. بەرزنرخاندنی مرۆڤ وەک مرۆڤ بەبێ گوێدانە ئەو کار و پیشەیەی کە ئەنجامیەئدات. بەرزنرخاندنی ژیان خۆیشی وەک ژیان، بەبێ دابەشکردنی بۆ ژیانی ئاسایی و ژیانی باش.

ئەوەی لەناو بیرکردنەوەی سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی دونیای ئێمەدا غائیبە، کۆتاییھێنانە بەو جیاکارییەی لە نێوان کەسانێکدا کە خۆیان بە تایبەت و دەگمەن دەزانن، لەگەڵ زۆرینەیەکدا کە گوایە عەوام و نەزان و بێمێشکن. ئەو جیاکارییەی وادەکات کەسانێک وابزانن بۆئەوە دروستبوون و دروستدەبن کە حوکمڕانبن و ئەوانیتریش رەعیەتێکی بێماف و کەمنرخ.

 

سەرچاوە : درەو