پاساوهێنانه‌وه‌ بۆ تاوانكارییه‌كانی دووژمنان

عارف قوربانی

هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیی ره‌گ و ریشه‌ی قووڵ و له‌مێژینه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سیاسی به‌رزی و نزمی زۆری تێكه‌وتووه‌. جاری وا هەبووه‌ ژینگه‌ی سیاسی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ر بووه‌ بۆیان كه‌ رووداو و پێشهاتی زۆر مه‌ترسیدار رووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌سه‌ریاندا زاڵ بوون و نه‌یانهێشتووه‌ بچێته‌ سه‌ر خه‌رواری كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانیان. له‌ هه‌ندێ‌ک زرووف و زه‌مانیشدا كێشه‌ و ناكۆكییه‌كی بچووكی نێوانیان گه‌یشتووەته‌ لێواری به‌ریه‌ككه‌وتن و ته‌قینه‌وه‌. له‌ هه‌ردوو ئه‌م حاڵه‌تانه‌شدا رۆڵی كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كان زیاتر له ‌ئه‌ندازه‌ی هه‌لومه‌رجه‌ سیاسییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌.

باڵاكردنی ناكۆكی و كێشه‌كانی ئێستایان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ململانێ‌ و ده‌ستبادانی یه‌كدی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2022، هێشتا تای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رینه‌داون و نه‌یانتوانیوه‌ تێیپه‌ڕێنن. له‌و كاته‌شه‌وه‌ هه‌رچی پێشهاتێكی سیاسی هاتبێته‌پێش هه‌ر ئاوی كردووەته‌ ئاشی ناكۆكییه‌كانیانه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و رووداوانه‌ش كه‌ پێویست بوو یه‌كیان بخات و به‌یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك گوتارییه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌، په‌رته‌وازه‌تری كردوون.

رووداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی له‌ ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی 7ی نیسان. ئه‌و كاردانه‌وه ‌و راگه‌یێندراوانه‌ی نێوان ناوه‌نده‌ حیزبی و كاره‌كته‌رەكانی پارتی و یه‌كێتیی له‌ناو حكومه‌ت دژ به ‌یه‌كدی، ئاماژه‌ی زۆر مه‌ترسیدارن. له‌بری ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی و پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ گه‌یشتووەته‌ شوێنی هه‌ستیاری وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌كان، كه‌چی كه‌وتنه‌ هێرش و په‌لامار بۆسه‌ر یه‌كدی.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هێرشی درۆنی نییه‌ بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان، پێشتر چه‌ند جارێك به‌ درۆن و مووشه‌ك هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر. به‌ڵام هیچ كات وه‌كو ئه‌م رووداوه‌ حكومه‌تی نه‌كرده‌ دوو له‌ته‌وه ‌و پارتی و یه‌كێتیی یه‌كدییان پێ تاوانبار نه‌كردووه‌. نازانم ئه‌مه‌ ناو بنێم به‌دبه‌ختی كورد یا شانسی دووژمنه‌كانی.

له‌ رووداوه‌كانی پێشووتری هێرش و په‌لاماردانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و هه‌ریر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌ دڵه‌وه‌ پێشیان خۆش بووبێت، به‌ڵام بۆ رای گشتی و له‌ راگه‌یێندراوی فه‌رمیی حیزبه‌كه ‌و لێدوانی هه‌ر كاره‌كته‌رێكیاندا سەرکۆنەی لایه‌نی ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه‌یان كردووه‌. هیچ كات پارتی و هه‌ندێک دام و ده‌زگای حیزبی و حكومییه‌كانی به‌رپرسیار نه‌كرد كه‌ به‌هۆی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌وانه‌وه‌ په‌لاماری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌درێت. به‌ڵام له‌ رووداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی لێدوانی گوته‌بێژی حكومه‌ت نالۆژیكیانه‌ بوو. حكومه‌ت هه‌ر ره‌خنه‌ و سه‌رنجێكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، رێگه‌ی دیكه‌ زۆره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی. به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان زیاتر له‌ژێر پابه‌ندێتیی یاسا و رێسا و چاودێریی به‌غدان و ده‌كرێت هه‌ر كه‌موكوڕی و كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌وێوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. نه‌ك پاساو بۆ په‌لاماردان و هێرشی دووژمنانی كورد بهێندرێته‌وه‌ و وا لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ خراپ مامه‌ڵه‌كردن و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی توركیا هێرشی بكاته‌ سه‌ر. به‌تایبه‌ت له‌م رووداوه‌دا كه‌ پلانه‌كه‌ بۆ به‌ئامانجگرتنی مه‌زڵووم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیكموكرات بووه‌ و وه‌فدێكی هاوپه‌یمانه‌كان هاوه‌ڵێتییان كردووه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌م پاساوه‌ بۆ توركیا به‌ لۆژیك بزانرێت، كه‌واتە ده‌بێت هه‌مان لۆژیك بۆ ئێرانیش وابێت كه‌ به‌ درۆن و مووشه‌ك هێرشی ده‌كرده‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و هه‌ریر. ئه‌مه‌ تێڕوانینێكی هه‌ڵه‌یه‌، نه‌خوێندنه‌وه ‌و نه‌بینینی ستراتیژییه‌تی وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كانه‌ له‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ تاكه‌ قه‌واره‌ كوردییه‌كه‌. ئێران و توركیا هیچ پاساو و مافێكیان نییه‌ بۆ په‌لاماردانی كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن و ده‌یكه‌ن به‌ پاساوی كاره‌ دووژمنكارییه‌كانیان، بۆ رووپۆش و شاردنه‌وه‌ی نیه‌تی راسته‌قینه‌یانه‌ كه‌ دووژمنایه‌تیكردنی كورده‌ له‌ ناوچه‌كه‌. ناكرێت پارتی و یه‌كێتی له‌ دژی یه‌كدی ئاو بكه‌نه‌ ئاشی ئه‌و چه‌واشه‌كارییه‌ی دووژمناندا.

یه‌كێتیی هه‌رچه‌ند له‌ پارتی نیگه‌ران بێت و ناكۆكی و كێشه‌كانیان چه‌ند قووڵ ببێته‌وه‌، هه‌ق نییه‌ رێگه‌ به‌ خۆی بدات په‌لاماره‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، ببه‌ستێته‌ سیاسه‌تی پارتییه‌وه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. هه‌روه‌ها پارتیش به‌ هه‌مان شێوه،‌ نابێت وا بیر بكاته‌وه‌ په‌لاماری توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی سلێمانی به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌.

پێویسته‌ كورد له‌و راستییه‌ تێبگات، ستراتیجی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی بیكه‌ن یان به‌ جیاجیا، رێگه‌ له‌ باڵاكردنی كورد ده‌گرن. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ نه‌ك له‌ باشوور نه‌بوایان، به‌ڵكو هه‌ر بونیشیان نه‌بوایە، له‌ هه‌لومه‌رجێكی وه‌كو ئێستادا توركیا توركمانه‌كانی كه‌ركووك و كفریی ده‌كرده‌ بیانوو بۆ په‌لاماردان و له‌شكركێشییه‌كانی بۆ ناو قووڵایی باشووری كوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ نه‌ك له‌ باشوور نه‌بوایان، هه‌ر بونیشیان نه‌بوایە، ئێران مه‌قام و مه‌رقه‌دی شیعه‌یه‌كی ده‌كرده‌ پاساو و بیانوو بۆ په‌لاماردان و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی.

ده‌بوو ئه‌م رووداوانه‌ پارتی و یه‌كێتیی به‌ئاگابهێنێته‌وه‌ له‌ ئاستی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و بیانخاته‌وه‌ سه‌ر رێگەی پێكه‌وه‌ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناخه‌، به‌ڵام پێده‌چێت كینه‌ و گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان له‌ یه‌كدی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی دیكه‌ی بیربردبنه‌وه‌.

 

سەرچاوە : ڕوداو