وێنەی مرۆڤی سەردەم لە نمایشی کالیگۆلا بەرهەمی ئۆکرانیادا (2)


پ.ی.د.دڵشاد مستەفا 

ئەم گریمانەیە لە نێو نمایشێکی چڕ بە دراماتۆرگییەکی بنیاتنراو لەسەر هۆشیارییەکی گشتگیری مەبەستگەرا بۆ هێنانەگۆی ئێستا و ئێرەی هەر وەرگرێک بەر نمایش دەکەوێت، ئێستایەک سەرشار لە وێنەی بەهەژموونی دیکتاتۆرەکان. لەگەڵ ئەوەی زمانی نمایش وەک لەمپەرێک لەبەردەم وەرگردا وەستاوە _ هەرچەندە وەرگێڕانێکی کوردی لە گۆشەیەکی شانۆ هەبوو_ بەڵام هێڵە روون و ورد کێشراوەکانی دەرهێنان و گوتارە مرۆڤانە قووڵەکەی کۆمەکی وەرگێڕیان دەکرد لە هەموو ئەوە تێبگەن کە ( ئەلکسەندەر کۆفشن ) ی دەرهێنەر دەیویست لە میانەی نمایشەوە بەرەو روومان بکاتەوە. دەرهێنەر یان دراماتۆرگ، هەوڵی دابوو پارێزگاری لە بوونی کارەکتەرەکانی نێو دەقەکە بکات، بەڵام لە چۆراچێوە و فۆرمی جیاوازدا لە میانەی چارەسەرێک کە لەسەر بنچینەی گێڕانەوەی تراجیدیا بە ستایلێکی گاڵتەئامێز بنیاتنرابێت. پەنابردن بۆ ئەو فۆرمە هەوڵێکی ترە بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی فراوانتر لە بینەر لە رێی بزواندنی هەستەکانەوە بەبێ خۆ ونکردن لە پانتاییەکی نادیار و ئاڵۆزدا. ئەم تەرزە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نائومێدییەکانی مرۆڤدا لە سەردەمی شانۆی ئەبسۆرددا بە تەواوی دەبێتە مۆدێلێک لە رەخنە لە ژیانی تاکەکان و بارودۆخە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵ، دەبینین سامۆئیل بێکێتی رێبەری نێوداری ئەبسۆرد دەڵێت (هیچ شتێک بە هێندی نائومێدی جێی گاڵتە و پێکەنین نییە، گاڵتەیەک کە تاڵی سیمایەتی.) ئەم جۆرە هەوڵە بۆ وردبوونەوەیە لە لایەنی ئەنتۆلۆژی مرۆڤ و بن بەستی بوونی هەر هەلێک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بەرەو کەناری ئارامی و دڵنیایی.
دەرهێنەر لەسەر ئەو بنەمایە دەقی نمایشی بەرهەمهێنا بوو کە لە بنچینەدا ئاوێتەیەک بوو لە دەقی نووسەر و  روانین و دنیابینی خۆی، بەڵام لە زۆرینەی وردەکارییەکاندا هەست بە زاڵی دەقی نمایش دەکرا. بە جۆرێک هەموانی دەخستە سەر ئەو بڕوایەی ئێمە لەبەردەم نمایشێکی تەواو بێ خەوش و رێکخراو داین. نمایشێک هۆشیارییەک بەرهەمی هێناوە کە وردەکارییەکانی سروتی شانۆ دەناسێت و دەزانێت چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ وەرگردا دروست دەکات.
سینۆگرافیای نمایش یەکێکە لەو رەگەزە گرنگانەی بە وردی و دروستی کاری لەسەر کرابوو لە نێو سستمێکی دەلالی بەهێزدا کە مەدلولەکانی لە ژێدەری دەرەوەی کۆنتێکستی نمایش وەردەگرێت. واتە مەرج نییە ژێدەرەکانی واتاکانی ئاماژە لە نێو خودی نمایشدا بە زەقی هەبن، بەڵکو بەبەردەوام لەگەڵ بیستنی ناوی ئۆکراین دەچینەوە پانتاییەکی ترەوە کە سیاسەت و وێنەکانی زەقترن لەوەی پێویست بە باسکردن بکەن.
نمایش لە هەوڵێکی تریدا ئاراستەی پانتایی ترمان دەکات لە نێو دەقی تردا کە ئەتمۆسفیری هاوشێوەی نمایشی هەیە، هەندێک ئەتمۆسفیری ئاشنا بەجۆرێک هەندێک جار وا هەست دەکەیت لە نێو نمایشی ( مارا -ساد) ی پیتەر فایسدایت. هەندێک وردەکاری نێو نمایش بەتایبەت لە کۆتاییدا ئەو دەمەی کالیگۆلا دوای مردنی دەگەڕێتەوە و دەبینین سنگی کەسێک شەق دەکات و دڵی دەردەهێنێت و دەیخوات کە هاوشێوەی رەفتارەکانی مارکیز دی سادە. 
دەنگ و رەنگ و رووناکی و میوزیک و کارتێکەرە دەنگییەکان بەشێکی گرنگی ئەتمۆسفیری نمایش بوون. هاوکات و رێکخراو لەگەڵ وردەکارییەکانی سینۆگرافیا و هەڵبەتە هەندێکیان خۆیان بەشێکن لە سینۆگرافیای نمایش و دەچنە نێو ئەو رەوتانەی دەبنە پێکهێنەری گرنگی نمایش. ( بەدڵنیاییەوە بەتەنها بەشداری سینۆگرافی لە خوڵقاندنی کەشی نمایش لە کایگۆلادا پێویستی بە نووسینێکی تایبەتە کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە.)
کالیگۆلا وەک قوربانی
لە نیگایەکی ترەوە، دەرهێنەر \دراما تۆرگ، هەوڵدەدات لە هەندێک دۆخدا کالیگۆلا وەک قوربانی پیشان بدات، قوربانی پیلانی هاوەڵانی، لەو کاتانەدا وێنەی مەسیحێک وەردەگرێت گاهێک لەباوەشی هاوڕێیەکیدا و گاهێکیش لە باوەشی سیزۆنیا وەک نمادێک بۆ مەریەمی پاکیزە. ئەم وێنانەی مەسیح، ئەوانەن کە لە نێو هونەری شێوەکاریدا گەلێک دیارن.

ئەم نمایشە ترۆپکی ئیرۆتیکە
لایەنێکی تری ئەم نمایشە ترۆپکی ئیرۆتیکە، کە لە نمایشەکەی هەولێردا هەندێک لە قورساییەکەی کەم دەکرێتەوە و چەند دیمەنێک لە بەرهەمە سەرەکییەکە لابراوە. ناوی کالیگۆلا وا بەستەی ئیرۆتیکە. لە هەردوو کارەکتەری کالیگۆلای مێژوو و کالیگۆلای نێو ئەدەبیش، ئیرۆتیک جۆرێکە لە شوناس بۆ کارەکتەرەکە و بەتایبەتی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی لەگەڵ سیزۆنیا و هاوکات دەستبردن بۆ ژنەکانی تر، لەلایەک بەهۆی ئەو شەهوەتە ئیرۆتیکییە زەوەندەی کالیگۆلا و لەلایەکی تریش بۆ بزواندنی رقی کەسەکانی تر و سەرشۆڕکردنیان.

نواندن کارکردی بەهێزی نێو نمایش
لایەنێکی گرنگی ئەم نمایشە نواندنە، نواندن لەم بەرهەمەدا شێوازێنراوە لەسەر بنچینەی توانا جەستەیی و دەنگییەکانی ئەکتەرەکان بنیاتنراوە، بەجۆرێک لە راژەی ئەو هێڵانەدان کە دەرهێنەر لە میانەی جووڵەو پانتۆ و وەستان و بەشدارییە جۆراوجۆرەکانی ئەکتەری ئامادە دەیانکێشێت.
هێزی بزوێنەری ئەکتەر لە نێو کۆنتێکستی نمایشدا بەبەردەوام شۆکی ئیستاتیکی بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی بەردەوامی و پاکژبوونەوە ئەو دەمەی لە نێوماندا مرۆڤبوونێک بەئاگا دێنێت کە لە ئاوابووندایە. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە لە ئەکتەری ئامادەدا هێزێک دەداتە دەهێنەر کە لە فراوانکردنی بازنەی جووڵە لەنێو پانتاییدا سڵ نەکاتەوە، سەلیقەی ئەو ئەکتەرانەیە کە هیچ جۆرە ئاستەنگییەک نایان وەستێنێت، کە دەڕوانین چۆن بەسەر دیوارەکاندا دەپەڕنەوە کە لەبنەڕەتدا بێدی نەخۆشخایە دەروونییەکەیە و پانتاییەکی دیاری کراو بۆ نمایش جیا دەکاتەوە و جۆرێک لە دابڕان لەگەڵ دەرەوەی پانتاییدا دروست دەکات. هەرکاتێک ئەکتەرەکان بیانەوێت ئەو لەمپەرانە بە شێوازێکی سەرنجبەر و ورد هەژمارکراوە دەبڕن کە سەرنجی بینەر بەمەبەستی چاودێری نابەن بەهێندی ئەوەی بینەر سەرقاڵی بینینی جوانییە.
دواجار ئێمە لەبەدەرم نمایشێکداین کە وردەکارییەکانی سەرسامکەرن، جووڵە و پەیوەندی و پرۆپس و میزانسێن و سینۆگرافیا و نواندن و تەواوی پێکهێنەرەکان لە راژەی گوتارێکی ئیستاتیکی مرۆڤانەن لە میانەی مێژووەوە ئێستامان بە ئاگادێنن. هەرچەندە بەبڕیاری گشتی لە نێو نمایشدا کالیگۆلا وەک نمادی دیکتاتۆرەکان فڕێ درایە نێو مێژوو، بەڵام دواجار وێنە و نیگارە نوێیەکانی لە سەردەمی جیهانگیرییەدا لە فۆرم و ستایڵی جیاوازدا سەرهەڵدەدات و بەردەوام دەبێت. ئەوەتا لە کۆتایی نمایشدا دێتەوە و بە کوردییەکی ئۆکراینی ئاسا دەڵێت (من هێشتا دەژیم. ) ئەم نمایشە بمانەوێت یان نا جۆرێک لە راڤەی دۆخی ئێستای ئۆکراینە لەبەردەم جەنگە کاولکارییەکی لەگەڵ روسیا و شانۆ وەک دەربازێکی هونەری بۆ گەیاندنی پەیامی گەلێک بەکاردەبرێت کە لەگەڵ وێنەی دیکتاتۆرێکدا بەشەر دێت دەیەوێت یەزدانێکی نوێ بێت لەسەر زەوی.

 

 

سەرچاوە: knwe