وتارێکی سەرکردەی مەزنی کورد، سمکۆی شکاک


ورگێڕان لە فارسییەوە: کامیل بۆکانی
..........
ژمارە ٢ ساڵی یەکەم
کورد ١٣٤٠
ڕۆژنامەیێکە  سیاسی و ئەدەبی و ئەخباری.

سەرمەقالەی تەرجومە دەکرێ بە فارسی و  دەینووسێ کوردێک بۆ هەموو کوردان

(ئەم ڕستەیە لە گۆڤارەکەشدا بە کوردی و هەر بەم شێوەیە نووسراوە)

ئەی جەماعەتی کوردان، ئەی نەتەوەی بێ خاوەن و دادڕەس، ئەی ستەم لێ کراوانی دەستی ستەمگەران. ئاخۆ دەزانن نەتەوەی کوردستان چەندە پێخوستی بێگانەکان بووە و لە لایەن گەلانی دیکەوە کەوتووەتە بەر هێرشی لە ڕادەبەر، یا نا؟ هەڵبەت ئەوانەی نەیانزانیوە دەبێ بزانن کە نەتەوەی کورد نە ماڵی بۆ ماوە و نە کەسایەتی و نە سەربڵندی و نە نامووس. نەتەوەی ئاسووری کە سووکترینی مرۆڤەکانن، شەرەفی کوردانیان لە ناو بردووە. ئێرانییەکان کە برای دینین، بەردەوام بە دەستی دوژمنکارانە، هەوڵیان بۆ لەناوبردنی وەچەی کوردان داوە و تیشە لە ڕیشەیان دەدەن و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوان لەناوببەن. ئەی مەزلوومی و ئەی بێ خاوەنی!! ئاخۆ کەس نییە چاوێکی دلۆڤانانەن لە لە دۆخی دڵتەزێن و پڕ لە پەژارەی ئێمە بکا. حکوومەتی ڕووس لە کاتی داگیر کردنی کوردستاندا ئەگەرچی جیاوازیی  ئاینییان هەبوو، دیتتان کە چەندە بە نەرمی و میهرەبانی جووڵانەوە. برایانی دینییش ببینن کە لە هیچ کردەوەیەکی کارەساتبار خۆ نابوێرن. دەستدرێژی دەکەنە سەر نامووسی کوردان و داوێنپاکیی کچانمان. کردەوەی نەشیاویان لە دژی ئێمە هەموو سنوورێکی بەزاندووە و بە زمان نایەتە باس. هۆ ئەی کوردان، جگە لە یەکگرتوویی و پێکەوە بوون هیچ ڕێگایەکمان بۆ ڕزگاریی نەتەوەی خۆمان لە چنگ دوژمنان پێ شک نایە و جگە لە گرتنی دەستی برایانەی یەکتری، هیچ چارەیەک بۆ دۆخی بێچارەییی کوردان نییە. بە ڕاستگۆیی دەستی یەکگتروویی و پێکەوەبوون بدەنە دەستی یەکتر و بە هەموو تواناوە لە بەرانبەر دەستدرێژیی ئەغیار خۆمان بپارێزین و ڕێگای ڕزگاری تەنیا ئەوەیە نەک هیچی دیکە.
من تاکێکی کوردم و ژیانی خۆم بۆ دابین کردنی ئاسایشی نەتەوەی خۆم فیدا کردووە و دەیکەم. بەڵام وەک دەبیستمەوە ئێرانییەکان کردەوەکانی من وەک ستەم و دڵڕەقی دەناسێنن و من بەم ناوەوە تۆمەتبار دەکەن. من قاچاغ و دڵڕەق نیم. بەرگری لە مافی خۆم دەکەم. ئێرانییەکان ستەمکار و دزن کە تا ئێستا وڵاتی کوردستانیان تاڵان کردووە و تەنانەت دەستدرێژی دەکەنە سەر داراییی کوردەکان و دەیانهەوێ هەموو شتێکیان لە ناو ببەن. هەر کەسێک کە گیانباز و هۆگر و ئەوینداری نەتەوەی خۆیەتی، با بە دڵپاکی و نییەتێکی پیاوانەوە، دەستی هاوخەباتی بداتە من و نەتەوەی خۆی لە چنگی ئاسنینی ئێرانییەکان ڕزگار بکات بۆ ئەوەی ببینە بەربەستێک لە بەردەم لافاوی ماڵوێرانکەری ئەوان لە وڵاتی خۆمان. هەر کەس هەوڵ بۆ پاراستنی شەرەفی گەلی خۆی نەدا، لە ڕۆژی قیامەت مواخیزە و قەرزداری عەولاد و مناڵانی خۆی دەبێ. ئەی کوردان، ئێمە کە ئامادەین بۆ مردن و دەزانین کە هەموو کەس شەربەتی مەرگ دەچێژێ و دنیا بۆ گەورەپیاوان و پێغەمبەران و دوژمنانی ئەوانیش نەماوەتەوە و بە دڵنیاییەوە بۆ ئێمەش نامێنێتەوە، دەبێ بەختەوەریی هەمیشەیی بەدەست بێنین و بە غیرەت و توڕەیی نامووسی خۆمان بپارێزین و ماڵ و گیانمان لەم ڕێگایەدا فیدا بکەین کە لە دنیا و قیامەت، ڕووسپی دەبین و ناوی چاکەمان بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە.
سمکۆ