چێژ یان بەختەوەریی، كامیان هەڵدەبژێریت؟

ماردین عەبدولكەریم


هەرگیز بەبیرتدا هاتووە، بەراوردێك لە نێوان هەردوو چەمكی چێژ و بەختەوەریدا بكەیت؟ ئەگەر وایە ئایا لای تۆ ئەم دوو چەمكە دوو واتاو دوو دەلالەی جیاوازیان هەیە، یان نەخێر یەك واتاو یەك لێكدانەوەت بۆیان هەیە، ئەوەندە نەبێ‌ كە لە بەرگی دوو وشەی جیادا دەیانبینی؟!
لەڕاستیدا ئەم دوو چەمكە لەكردەدا ئەوەندە لێكنزیكدەبنەوە بەجۆرێك كاتێ‌ تاك چێژ لە شتێ‌ دەبینێ‌، پێیوایە گەیشتۆتە ترۆپكی بەختەوەری، لە كاتێكدا چێژبینین هەستێكی خۆشیی رووكەشی كاتی نەرێنی تاكلایەنە دەبەخشێتە تاك، بەڵام بەختەوەری هەستێكی خۆشبەختی قووڵی ئەرێنی درێژخایەنی كۆمەڵایەتییە، هەربۆیە ئەم دوو چەمكە نەك تەنیا لە زاراوە و لە كرداردا جیاوازن بگرە چێژبینین رێگریشە لەبەردەم گەیشتن بە بەختەوەری راستەقینەدا، كەواتە چۆن؟!
 لە رابردووی كۆمەڵگەی كوردیدا، لەگەڵ ئەوەی ژیان بەهەموو لایەنەكانییەوە سادە و ساكاربوو، بەڵام مرۆڤەكان تەواو بەختەوەربوون و پێكەوە بەڕێكردنی شەوچەرەیەك لەدەوری ئاگردان و بەكۆمەڵ  پێشوازیكردن لە جەژن و بۆنەكان و تاڕادەیەك هاوتابوون لەلایەنی ئابووری و كەمالیاتی ژیانەوە، كۆمەڵگەی كوردی غەرقی نێو كایەی بەختەوەری كردبوو، بەپێچەوانەوەی ئەمڕۆوە، لەگەڵ هەبوونی جۆرەها لە هۆیەكانی خۆشبەختی، هێشتا تاك لە نێو خێزان و دەرەوەیدا دڵتەنگ و غەمبار و گۆشەگیر و سەرلێشێواوە،  تا ئەو ئاستەی رادەی نەخۆشی و كوشتن، خۆكوشتن و ژن كوشتن سات لە دوای سات لەبرەوداندایە، ئەمەش سەرباری هەوڵە جیاجیا لێنەبڕاوەكان و یاسا بەركارەكانیش لەولاوە. 

سادەیی و بەختەوەری
هۆكاری ئەم دیاردە نەخوازراوانە، بێگومان بەشێكی زۆری پەیوەستە بەهاوشێوەبوونی كەلتورەكانەوە نەك تەنیا تێكەڵاوبوونیان، لەم چوارچێوەیەشدا تەكنەلۆژیای ئینتەرنێت و دیجیتاڵ دیڤایس، دیجیتاڵ میدیاو سۆشیال میدیا رۆڵێكی خراپیان گێڕاوە، هەروەك خراپ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی كوردیش لەهەمبەر دەستەڵاتەوە فاكتەرێكی تری بەهێزی گۆڕینی ئاراستەی ستایلی ژیانی تاك و خێزان و كۆمەڵگەیە لەبەختەوەرییەوە بەرەو چێژبینین.
لە بەرامبەردا بەپێچەوانەی ئەم كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە سادە و ساكارە كۆمەڵایەتییەی كوردەوە، كۆمەڵگەیەكی رۆژئاوایی هەیە كە مێژوویەكی دوورودرێژی لەپراكتیزەكردنی چێژبینیندا هەیە و عەیامێكە ماڵئاواییان لەبەختەوەری كردووە، نموونەش بۆ ئەمانە پەرتەوازەبوونی خێزان و هەڵبژاردنی ژیانی تاكەكەسییە، مەی خواردنەوە و سەرگەرمكردن بەدرێژایی كات، سێكسی ناسروشتی بێ‌ سنوور، بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و خۆبێئاگاكردن لە ژیان، دواجاریش زەقكردنەوەی دیاردەی هاوڕەگەزبازی و ...هتد 
پاڵنەری هەموو ئەمانەش تەنیاو تەنیا چێژ بینینێكی كاتی رووكەشی نەرێنی بە روخسار ئەرێنییە.
هەربۆیە لێرەوە واپێویست دەكات بەراوردێك لە نێوان ئەم دوو چەمكەدا بكەین و بزانین، ئایا جیاوازیان چییە و هەڵبژاردنی هەر یەكێكیان لە ژیانی تاك، خێزان و كۆمەڵگەدا رەهەندەكانی بەروە كوێ‌ ئاڕاستەی دەكرێ‌؟
زاناكان لەم بوارەدا دەڵێن چێژبینین وا لەمێشكی مرۆڤ دەكات هۆرمۆنی (دۆپەمەین) دەربدات هەروەها بەختەوەریش وادەكات هۆرمۆنی (سیرۆتۆنین) دەربدات، كەواتە دەبێ‌ بزانین جیاوازی لە دەردانی ئەم دوو مادەیە چ گۆڕانكارییەك لای تاك دروستدەكات؟ دەردانی دۆپەمەین و دووبارە بوونەوەی، مرۆڤ بەرەو ئالوودەبوون دەبات هەروەك ئەوەی لەو كەسانەدا بەدیاردەكەوێت كە ئالوودەی مادەی هۆشبەرن، هەموو وەرگرتنێكی مادەی هۆشبەر، هەست بەچێژێكی تەواو دەكەن و بۆیە دووبارە و دەبارە لەسەر وەرگرتنی ئەو مادەیە بەردەوام دەبن تا بەتەواوی بەرەو ئالودەبوونیان دەبات، هەروەها ئەوانەشی یاری  پۆپجی دەكەن، چێژدەبینن هاوكات لەبەردەوامبووندا لەسەر ئەو یارییە ئەلیكترۆنییە تووشی ئالوودەبوون دەبن، ئەنجام هەموان رەهەندەكانی ئەو یارییەمان بینی، كە توندوتیژی و دەمارگیری و گۆشەگیری و شەڕانگێزی ببووە ئاكاری یاریزانەكانی، ئالێرەوە دەكرێ‌ بگەڕێینەوە بۆلای ئەو كەلتورە هاوشێوەیەی كەپێشتر ئاماژەم پێدا بەجۆرێك گەنجێ‌ لە ئایسلاند یاری  پۆپجی دەكات، هاوكات گەنجێكیش لە كوردستان هەمان یاری دەكات دووریش نییە پێكەوە یاری بكەن و ئەنجامی هەردووكیشیان بەچاوپۆشی لە ژینگە و كۆمەڵگەكەیان هەمان ئەنجام بووە، گیرۆدەبوونی دایبابەكانیش لەم میانەیەدا هەرهەمان ئەنجامی هەبووە.

چێژبینین باجی دەوێت
هەروەها چێژ وەرگرتن لەپرۆسەی (دان وستان)دا، (دان)ە واتا ئەو كەسەی چێژ لە مادەی هۆشبەر،  پۆپجی، مۆبایل ...هتد دەبینی دەبێ‌ باج بدات لەبەرامبەر ئەو چێژبینینە، ئەو باجدانە لەوانەیە لایەنی تەندروستی، دەروونی  یان كەسایەتی یان كۆمەڵایەتی بێت.
هاوكات چێژ وەرگرتن ئەزموون و تاقیكردنەوەیەكی تاكە كەسییە بۆیە لەهەموو ئەو نموونانەی باسمانكرد كەسەكان تەنیاو گۆشەگیرن و حەز بە تەنیایی دەكەن و لە خێزان و كۆمەڵگە دوور دەكەونەوە. 
دواجار لەبەرئەوەی پڕۆسەی چێژوەرگرتن مەبەست لێی تێركردنی غەریزەی مرۆڤەكانە، بەدوو رێگا تاك لەخشتە دەبات ئەمەش یان لەرێگەی مادەی كیمایی وەك كهول،جگەرە، نێرگەلە، مادەی هۆشبەر، یان لەرێگەی سلوكێكی نەخوازراو لەكۆمەڵگا وەك سێكس، یارییە ئەلیكترۆنییەكان، مۆبایل و ئایپاد خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا هەروەها كڕینی كەلوپەل بەهەموو جۆرەكانییەوە بەشێوەی ناسروشتی و زیاد لەپێویست. لەبەرامبەردا بەختەوەری لەو تاقیكردنەوەیەدا خۆی لە پڕۆسەی (ستان) واتا وەرگرتن دەبینێتەوە،بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز و لەدایكبوونی منداڵ، خێزانێكی ئاسوودە، كرینی خانوو، ئاهەنگی سەری ساڵ،  ئاهەنگی لەدایكبوون، گەشت و سەیران، هەموویان لەو جۆرە تاقیكردنەوانەن كە بەختەوەری بەتاك و خێزان و كۆمەڵگە دەبەخشن.                                                                                 مرۆڤ لەم پڕۆسەیەدا و لەبەرامبەر بەدەستهێنانی بەختەوەریی، ماندوودەبێ‌ بەڵام وەردەگرێ‌ نەك باجی كەسایەتی و ژیان و گیرفان بدات وەك ئەوەی لە تاقیكردنەوەی چێژوەرگرتندا بەڕوونی بەدیدەكرێت، هەروەها لەپڕۆسەی بەختەوەریدا، وەك ئەو شەوچەرەیەی باسمان كرد یان ئاهەنگ یان گەشت و سەیران، تاقیكردنەوەكە بە كۆمەڵە و پڕۆسەكەش كۆمەڵایەتییە نەك گۆشەگیری، لە لەلایەكی ترەوە، بەختەوەری تێركردنی رۆحە نەك غەریزە، ئاشكرایە لاتان هەموو تێركردنێكی غەریزەیی ماوە كورت و كاتییە (سێكس، نانخواردن ) بەنموونە، بەڵام لەدایكبونی (نەوە) بەختەوەرییەكی ئەرێنی قووڵ و هەمیشەیی دەبەخشێتە رۆحی تاك و هەمیشە تاقیكردنەوە رۆحییەكانیش پیرۆزن و مایەی شانازیین.

بۆ كوشتن لەبرەودایە؟!
هەربۆیە لەگەڵ هەموو بەختەوەربوونێكدا مێشك مادەی سیرۆتۆنین دەردەدات كە هیچ زیانێكی بۆ تاك نییە، بگرە كەسەكان دڵخۆش و دەم بەخەندە و كۆمەڵایەتیتر دەكات، بە دووبارەبوونەوەی ئەم تاقیكردنەوەیە دەبینە خاوەن كۆمەڵگەیەكی زیندووی دوور لە نەخۆشی و گرێی دەروونی بەپێچەوانەی ئەوەی لە ئەمڕۆدا لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەگوزەرێ‌ كە لەلایەك بەهۆی تەكنەلۆژیا و لەیەكیش بەهۆی خراپ بەرێوەبردنی كۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتەوە  كە هانی تاكی كوردی دەدات خەمی بێكاری و بێدادی، نایەكسانی، نەبوونی ئازادی و دیموكراسی بە چێژبینین پربكاتەوە تا تاكەكان ئالوودەو بێئاگابن، هەر رێك وەك ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێ‌، كەسی ئالوودەش بە نەتیجە یان نەخۆشە یان خۆی دەكوژێ‌ یان خوشكەكەی یان خێزانەكەی یان دەبینی ئێستا ژنانیش توندوتیژی دەكەن و رێكخراوی پیاوان بۆ داكۆكی لە مافیان دروستبووە، لەبەرامبەردا هەوڵی چالاكوان و ژنان و یاسای بەركاریش یەكسان بە سفر دەكرێتەوە و كەچی هێشتا دەپرسین بۆ كوشتن لەبرەودایە؟!
ئێستا منیش بەتایبەت لە تۆی گەنج دەپرسم ئایا دەتەوێت سیما جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردی بگەڕێتەوە؟ ئایا دەتەوێت دووربكەویتەوە لە هەژموونی كۆمەڵگەی رۆژئاوایی؟ ئایا دەتەوێ‌ دەسەڵات فریوت نەدات ؟ ئایا دەتەوێ‌ تەكنەلۆژیا ژیانت نەكاتە دۆزەخ؟         

 كەواتە چێژ یان بەختەوەریی كامیان هەڵدەبژێری؟

 

ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ