
د.هەژار عوسمان مەعروف
کاتێک ژانە جۆروجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردوتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچون و توڕەبون، بگرە بێزاری لە ژیان بە ناو دڵ و لولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاودەبێتەوە.
ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە ڕەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک ، ڕاستە سیازدە ژن و پیاو بون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کات دا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان چونکە بینیمان ئەو سیازدە ئینسانە ڕۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە ڕەوایی و ڕاستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی ڕاستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان.
هەواڵی مانگرتنەکە تخوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و عەنتەریاتی ترامپ و نەتانیاهو و کاولستانی غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە ڕۆژنامەی (شرق الاوسگ) ی لەندەنی و میدیا عێراقیەکان.
لە هەنگاوێکی ڕچەشکێنی بوێرانەدا چەند سەد چالاکوانێکی ئازا و ڕۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لە گەڵ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان و مانگرتوانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت ، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە ڕێگریان لە خۆپیشاندەران کرد وکاتێک ئەمان توانیان سنورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن ، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوبە هۆی برینداربونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە ڕەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابوریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی موچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک.
لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیاندا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات توشی هستیریای کردن.
بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتو بون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکیە مەدەنیە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی ٢٠١١ وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتیانە و بڕوابەخۆبوانە دەبو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژویی ڕون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژوی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو ڕۆژە هەر دەبینین!
سەرچاوە : سپی میدیا