كۆربەندێك بە دروشمی (زمان شكۆی نەتەوەیە)، یەكێتی نووسەرانی كورد لقی سلێمانی دوو ڕۆژی تەرخانكرد بۆ شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە بۆ قسە كردن لەسەر ئاستەنگیەكان و مەترسییەكانی سەر نەمانی زمانی كوردی.
لێرەوە جێگەی دەسخۆشی و پێزانینە بۆ ئاوڕدانەوە لە بابەتێكی هەستیار كە ئەمڕۆ بە ڕای من قسە كردن و قوڵبوونەوە بۆ نێو ئەم بابەتە هێندە گرنگە كە ڕەنگە هیچ جیاوازییەكی نەبێ لەو بەڵا ترسناكەی ئەمڕۆ كە بەهۆی گۆڕانكاری كەشو هەواو پیسبوونی ژینگەوە هەرەشە لە لەناوچوونی هەموو مرۆڤایەتی دەكا، بۆیە پاراستنی زمان و بایەخدان بەم بەها گرنگە بەتەنها ئەركی یەكێتی نووسەرانی كورد نیە بەڵكو سەرجەم هەموو ئەو لایەنانەی كە بەرپرس و خەمخۆری بوارەكەن دەبێت هاوئاهەنگ بن لەگەڵ یەكێتی نووسەران بۆ بەردەوامی و گرنگی ئەم پرسە كە خەریكە زمانمان لاڵ دەكاو شوناسی نەتەوەییمان دەخاتەبەر لەرزینێك پێ دەچیت گەر بەم ئاراستەیە بڕوات نەك تەنها خۆمان بۆ ناگیرێتەوە ڕَەنگە نزیك بینەوە لە لەناوچونیشی.
چونكە پێش هەموو شتێك زمان بریتیە لە بیركردنەوە هەر زمانێكت باش زانی تۆ بەو زمانە بیر دەكەیتەوە و بەو زمانەش دەنووسیت واتە هەست و بیركردنەوەكانت زمانتە.
ئێمە زۆر زۆرمان لەدەسچوو ئەوەی ماومانە زمانمانە، چونكە لەناو خودی خۆماندایەو ئێستا بە دەستی خۆمانەوەیە جا هەر تاكێكی كورد بە ویژدانی خۆی بەرپرسە لەپاراستن و مانەوەی زمانەكەی.
بۆیە وەك ئەركێكی نەتەوەیی بەپێویستی دەزانم بۆ گرنگیدانی ئەم پرسە چەند پیشنیارێك بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو.
1- پێوییستە ئەم كۆڕ بەندو كۆنفرانس و دیدارانە لەنێو دڵی زانكۆ و پەیمانگا وخوێدنگاكاندا بكرێت تا نەوەكانی ئایندە بزانن ئەمان تا چەندە ئاشنان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان.
2- وەزیری پەروەردەو ڕۆشنبیری و بەرێوەبەری شارەوانییەكان و ئینستیۆتی كەلەپوری كوردی و كۆڕی زانیاری كورد و بەرپرسی ڕاگەیاندنەكانی بینین و بیستن و دەزگاكانی چاپەمەنی هۆكاری سەرەكی و یەكەمن بۆ هەر نەهامەتیەك كە ڕوودەكاتە قۆناغەكانی فێربوونی زمان و پاراستنی لەڕەشەبای تەكنەلۆژیای سەردەم.
3- دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بە فەرمی دەتوانێ بڕیارێك دەربكا لەپێناو پاراستنی زمانی كوردی و مانەوەیدا، یەك زمانی یەكگرتو بكرێتە زمانی فەرمی نوسین و خوێندنەوە بەبێ جیاوازی حیزبایەتی و بنەماڵەیی و لە سەرجەمی زانكۆو خوێندنگاكاندا بەهەمو قۆناغەكانەوە ڕۆژانە كاتێك تەرخان بكرێت بۆ گرنگی زمان و پاراستنی.
4- ئەم كۆڕبەندو كۆنفرانسانە دەكریت بەردەوام درێژەپێدانیان هەبێت بە هەر شێوازێك بێت جگە لە بڵاوكردنەوەی گرتەی بچوك بچوك لە كەناڵە تیڤیەكاندا بۆ بەئاگا هێنانەوەی خێزان لە ئەگەری دوورخستەوەی منداڵەكانیان بەپاساوی فێربونی هەر زمانێكی غەیرە كوردی تا زمانی دایكیان بێر نەچێتەوە كە ئەمەش لە ڕیگەی كردنەوەی زۆرینەی قوتابخانە ئەهلیەكان بە مەبەستی فێربونی منداڵ بە زمانی ئینگلیزی و توركی و عەرەبی و فەرامۆش كردنی زمانی دایك.
5- دانانی لیژنەیەكی زمانزانی پسۆر بۆ رێگرتن لەبڵابونەوەی هەموو ئەو چاپەمەنیانەی كە نامۆن بە زمانی كوردی وهیچ بنەمایەكی ڕێنوسی و زمانەوانیان تێدا نیە.
هیوادارم زمان و پاراستنی زمان بكەوێتە بەردەست كەسانی خەم خۆرو دڵسۆز لەپێناو مانەوەی زمانەكەماندا بە درەوشاوەیی.
دوبارە سوپاس بۆ یەكێتی نووسەران و لەدەرگادانی ئەم بابەتە گرنگە.
گەزیزە عومەر
سەرچاوە: galawej