هەڕەشەی كوشتن و زمانبڕین لە رۆژنامەنوسێك كرا

 

هەڕەشەی كوشتن و زمانبڕین لە رۆژنامەنوسێك كرا

 

 

  سەنتەری میترۆ پشتیوانی رۆژنامەنووس (هانا چۆمانی) دەكات و رایدەگەیەنێت شكاندنی كەسایەتی مەعنەوی رەخنەگران، رۆژنامەنوسان، هەڕەشەكردن و جنێودان بە رۆژنامەنووسان چالاكوانی مافی مرۆڤ، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە‌و درۆی هەڵبەستراو لەبارەیانەوە نەریتێكی نادیموكراسین، هەڕەشەن بۆسەر ئازادی بیروڕا، میترۆ رەتیدەكاتەوە. 

سەرەتای ئەم مانگە، رۆژنامەنووس (هانا چۆمانی) لە تۆڕی فیسبوك، بابەتێكی لەبارەی كۆكردنەوەی باج لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا بڵاوكردەوە، بەكۆمەڵێك هەڕەشەی وەك " كوشتن و زمانبڕین" وەڵامدرایەوە، هەندێكیش گفتوگۆیان لەگەڵ كردوە، پرسیاریان وروژاندوە.

(هانا اسماعیل محەمەد) ناسراو بە (هانا چۆمانی) خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە تایبەتمەندێتی ساختە هەواڵ، رۆژنامەنوسی فریلانسەرە لە هەرێمی كوردستان.

هانا بە میترۆی ووت " جنێویان بەخۆم و ئەندامانی خێزانەكەم داوە، هەڕەشەی كوشتن و زمانبڕینم لێدەكەن، خاوەنی كۆمێنت یان نامە تایبەتەكان تێكەڵەیەكن لە ناو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كە سەر بە ئایدیای جیاوازن و هەندێكیان ناسراون"

هانا پرسیاریكرد : ئەمە ئیرهابی فكری نەبێت چییە؟

میترۆ سەرنجی داوە كە هەر قۆناغەو بە پاساوێك شكۆی ئینسانی رۆژنامەنوس و چالاكوانی مافی مرۆڤ دەشكێندرێت، یان هەوڵدەدرێت بەهەواڵێكی درۆ و هەڵبەستراو یان بەناوزڕاندن باری دەروونی تێكدەشكێنن.

سەنتەری میترۆ پشتیوانی رۆژنامەنووس (هانا چۆمانی) دەكات و رایدەگەیەنێت هانا چۆمانی ئازادە لە بڵاوكردنەوی بیروڕای خۆی یان بڵاوكردنەوە زانیاری راست لەسەر هەر بابەتێت، نابێت  بە هەڕەشكردن و جنێودان وەڵام بدرێتەوە.

شكاندنی كەسایەتی مەعنەوی رەخنەگران، هەڕەشەكردن و جنێودان بە رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مافی مرۆڤ، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە‌و درۆی هەڵبەستراو لەبارەیانەوە نەریتێكی نادیموكراسین، هەڕەشەن بۆسەر ئازادی بیروڕا، میترۆ رەتیدەكاتەوە.

 

سەرچاوە : سەنتەری میترۆ