چیا عەباس
ماوەیەکە چەند بەرپرسێکی باڵای حکومی و حزبی لە هەرێم لێدوانی واقعی بە گوێی خەڵکدا دەخوێنن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا نەکهەیەکی چەواشەکردن و بەلارێدابردن تێیاندا دەبینرێت.
قوباد تاڵەبانی کورە بچوکی مام جلال و بۆ چەند خولێک جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم تازە بە تازە دەڵێت نەوت بۆتە بەڵایەک بەسەرماندا. رۆژێک پرسیارم لە کاکنەوشیروان کرد ئایا حکومەتی عێراق دەیزانی ئەو سامانە مەزنەی نەوت و گاز لە کوردستان هەیە؟ لە وەڵامدا گوتی لە ساتەکانی دانوستان لە گەڵ سەدام شاندی دانوستکاری بەغدا خەریتەکانی سەرجەم کانیەکانی نەوت و گازیان لە کوردستان خستە بەرچاومان، گوتیشیان بە بەرفراوانی خۆتان لە قەرەی ئەم پرسە هەستیارە مەدەن چونکە زلهێزەکانی دنیا وا بیردەکەنەوە سامانە سروشتیەکان موڵکی دنیایە و ئەوانیش پشکی شێریان دەوێت. دوای راپەرین چەندین جار تکا و رجا لە دەسەڵات کرا و داواش کرا نەوت گەر باش نەیسوتێنیت دەتسوتێنی، تایبەت جیۆپۆلیتیکی باشوری کوردستان ئەوەند ئاڵۆز و دژوارە بۆ پرسێکی ستراتیژی گرنگی وەک نەوت و گاز دەبێت بەوپەری هۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵیدا بکرێت.
مەخابن دەسەڵاتی کوردی بێباکانە و بە نیەتێکی تەحەداوە بەردەوامبو، بەشێک لێیان لەگەڵ ئەوەدا نەبو بەغدا لە پرسی نەوت و داهاتەکەی دەستوەردات، ئاکامەکانی ئەم سیاسەتە دەسەڵات سودمەندی سەرەکی بو لێی و و خەڵکێش باجەکەی دا و بوە زەمینەخۆشکەری زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی باشوری کوردستان.
سەرۆکی هەرێم دەڵیت با بای کۆن بەبانەکەینەوە، ئەمەشیان بۆچونێکی واقعیە و گەر لە ئەرزی واقعدا پێرەوبکرێت هەنگاوێکی ئەرێنیە بەمەرجی قۆرخ نەکردنی جومگەکانی حوکمرانی و پێڕەوکردنی سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی هاوڵاتیانی کوردستان، چونکە تەنها تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی زامن نیە بۆ ئەم پرسانە و پێشترێش ساڵانێک هیچ لایەک لەو دو هێزە بای کۆنیان بەبا نەکردبو و گۆشەی متبونیان بژاردە کردبو و رێکەوتنی بەناو ستراتیژیان هەبو و وەک دو برا هەمو شتێکیان نێوان خۆیان دابەش دەکرد.
بەرێزان پێمان ناڵێن کێن بەرپرسیار لەم دۆخەی ئێستا، ئایا ئێوە سودمەندی سەرەکی نەبون لە بەڵای نەوت، هەزاران دەنگ هاواری دەکرد قفڵی نەوت مەدەنە دەست داگیرکەر و دوژمنانی کورد و کوردستان و بەقەد توانا سەربەخۆییەکانی خۆتان لەم پرسەدا پێتان راکێشن، چونکە بەپێچەوانەوە نەتەوە و نیشتمان دەکەنە ئەسیری ئەم داگیرکەر و دوژمنە سەرسەختانە.
گوێتان نەگرت، ئێستا پاش پاشەشەکردن، پاش نەهامەتی و دەردەسەری میللەتەکەمان دەتانەوێت بەم لێدوانانە لە شاری شێخی نەمر و میرنشینی بابان
( صک الغفران) ێک بە قسە عەرز دەکەن.
هەرچۆنێک بێت درەنگە بۆ ئەم دەنگۆیانە، بەڵام کورد وتەنی:
زەرەر لە نیووە بگەرێتەوە باشترە.
چاوەروانین
سەرچاوە : سپیمیدیا