هێزی درۆ

ڤالە ئینکلان نووسیویەتی, «شتەکان بەو جۆرە نین، ئێمە دەیان بینین، بەڵکوو بەو جۆرەن، ئێمە لە یادەوەوەریماندا هەڵیان دەگرین». ڕەنگە لە کاتی نووسینی ئەم وشانەدا بیری لەو شتانە کردبێتەوە، کە لە ئەدەبدا هەن، واتە وەکوو شتانێکی ناڕاست، کە هێزی قەناعەتپێکردنی نووسەری باش و خۆشباوەڕیی خوێنەری باش ڕاستییەکی نادیاریان پێ دەبەخشن.
بۆ نزیکەی هەموو نووسەرەکان بیرەوەریی خاڵی دەستپێکی خەیاڵیانە، ئەو تەختەبازەیە، کە خەیاڵ بەرەو فڕینە پێشبینینەکراوەکەی دەردەپەڕێت. تەنانەت بۆ نووسەریش لە داهێناندا بیرەوەری و دۆزینەوە زۆر جار بە جۆرێک تێک دەئاڵۆسکێن، کە لێککردنەوەیان مەحاڵە. بەڵام ئەگەر نووسەر بانگەشەی پێچەوانەکەشی کردبێت، دەزانێت، کە وەدەستهێنانەوەی کاتی بەسەرچوو بە یارمەتی ئەدەب هەمیشە تراویلکەیە، خەیاڵێکە، کە یادەوەرییەکان لە خەوندا دەتوێنەوە و خەونەکانیش لە یادەوەریدا دەتوێنەوە.
لەبەر ئەوە ئەدەب لە باشترین حاڵەتدا مەملەکەتی دووفاقییە. ڕاستییەکانی ئەدەب هەمیشە نابابەتی، ڕێژەیی، خەیاڵی یان نیوەڕاستین، کە لە زۆر حاڵەتدا ناوردیی هەنووکەیی یان درۆی مێژوویی بەرجەستە دەکەن. با 'کڵۆڵەکان' بە نموونە بگرین: کاتێک جەنگە سینەمایییەکەی واتەرلۆ دەمانهەژێنێت، خۆ دەزانین، کە ئەمە نەبەردییەکە ڤیکتۆر هۆگۆ دەیکات و هەر خۆشی دەیباتەوە نەک ئەو جەنگەی ناپلیۆن دۆڕاندی. دەتوانم کتێبێکی ڤالەنسیش بە نموونە بهێنمەوە: داگیرکردنی ئینگلتەرا لە لایەن عەرەبەکانەوە، کە «تیرانت لو بلانک» وەسفی دەکات، زۆر قەناعەتپێکەرە و کەس بوێری ئەوە ناکات، بە بەڵگەی لاوازەوە گومان بخاتە سەر جێباوەڕیی ئەم کتێبە، بەوەی هەرگیز پێشڕەویی سەربازیی عەرەبەکان بە سەر کەناڵی مارشدا ڕووی نەداوە.

لە تێڕوانینی بابەتگەریی مێژووییەوە، ڕۆنانەوەی ڕابردوو، بەو جۆرەی ئەدەب دەیکات، نزیکەی هەمیشە هەڵخەڵەتێنەرە. ڕاستیی ئەدەبی شتێکە، ڕاستیی مێژوویی شتێکی دیکە. تەنانەت ئەگەر ئەدەب بە درۆ سەرڕێژ بێت، یان ڕەنگە لە بەر ئەم هۆکارە، خۆ ئەو مێژووە دەگێڕێتەوە، کە نە ئەو مێژووە دەناسێت کە مێژوونووسان دەینووسن، نەیش دەتوانێت بیگێڕێتەوە. ئەدەب بە بێ هۆکار درۆ ناکات. مانۆڤەرەکانی فێڵ، فریودانەکان و زێدەڕۆیییەکانی بۆ ئەوەن، گوزارشت لە ڕاستیی قووڵ و هەراسانکەر بکات، کە تەنیا لەم ڕێگا پێچاوپێچەوە ڕووناکی دەبینن.

کە ئێمە لە »تیرانت لو بلانک« دای (خۆهاننۆت ماتۆرێل) دا دەبیستین، کارمەسینای خاتوونی شازادە ئەوەندە سپی بووە، مرۆڤ شەرابی بینیوە بە گەروویدا چووەتە خوارەوە، شتێکی لەم جۆرە لە لایەنی تەکنیکییەوە مەحاڵە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژێر جادووی خوێندنەوەدا وەکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەوێت، چونکە لە ڕاستیی هەڵبەستراوی ڕۆماندا بە پێچەوانەی ڕووداوەکانی ژیانی ڕاستەقینەمانەوە زێدەڕۆیی هەرگیز ڕیزپەڕ نیn، بەڵکوو هەمیشە ڕێسان. ئەمجا هیچ شتێک زیادەڕەو دەرناکەوێت. لە »تیرانت لو بلانک«دا هەموو شتێک زیادەڕەوی تێدا کراوە: شەڕەشمشێری قیامەتئاسا بەگوێرەی ڕێنمایی زۆر وردی سرووت و کارە گەورەکانی پاڵەوان، کە بە تاقی تەنیا سەرجەمی مرۆڤایەتی بنەبڕ دەکات و بە مانای وشە نیوەی مەسیحییەکان و هەموو ئیسلام لەنێو دەبات. لە سەرووی ئەمانەوە، سرووتە کۆمیدییەکان، بۆ نموونە ئەو کوڕەی هاوکات لە خوداترس و ئاڵۆشاوییە و لە سەر شەرەفی سێیەی پیرۆز سێ جار ماچی لێوی ژنان دەکات. ڕێک وەکوو جەنگ ئەڤینیش بەزیادەڕەوییەوە وەسف دەکرێت: ئەمەش ئەنجامی جیهان هەژێنەری هەیە. بەو جۆرە تیرانت وەکوو پەیکەر ڕەق دەبێت، کاتێک لە مەزارێکی نیوەتاریکی پڕ لە تەرمدا یەکەمجار مەمکەکانی شازادە کارمەسینا دەبینێت، کە دەلەنگێنەوە و تیرانت چەند ڕۆژێک داڕووخاو لە جێخەودا دەکەوێت، بە بێ ئەوەی بخەوێت، نان بخوات یان تاقە وشەیەک لە دەمی دەربچێت. کاتێک سەرەنجام چاک دەبێتەوە، وا دەردەکەوێت، وەکوو ئەوەی دەبێت سەرلەنوێ فێری قسەکردن ببێتەوە. «من عاشقم» یەکەم وشەیە کە بە لاڵەپەتەیی دەیڵێت.

ئەم درۆیانە هیچ شتێک لە بارەی ئەوەوە نادرکێنن، لە کۆتایی سەدەی پازدەدا ڤالینسییەکان بەڕاستی چۆن بوون، بەڵکوو زیاتر ئەوە دەدرکێنن، دەیانویست چۆن بن و دەیانویست چی بکەن؛ وەسفی بوونەوەری لە گۆشت و خوێن پێکهاتووی ئەو قۆناخە سامناکە ناکەن، بەڵکوو وەسفی خەیاڵخاوییان دەکەن. خۆزگە و ترس و ویست و تووڕەیییان دەخەنە بەرچاو. گێڕانەوەی لواو زاتییەتی قۆناخێک بەرجەستە دەکات و لە بەر ئەوە ڕۆمان، ئەگەرچی بە بەراورد بە مێژوو درۆ بکەن، چەند ڕاستییەکی سەرپێی و کاڵبووەوەمان پێ دەڵێن، کە هەمیشە بە سەر وەسفکەرانی ڕاستییدا دەڕۆن. تەنیا ئەدەب هۆکار و ئەگەری لە بەردەستدایە، بۆ ئەوەی ئەم ئاوە خۆشەی ژیان بدڵۆپێنێ: ئەو ڕاستییەی خۆی لە پشتی درۆکانەوە حەشار داوە.

کەواتە بە هیچ جۆرێک ساختە لە پشتی دێوجامەکانی ئەدەبەوە نییە، تەنیا بۆ ئەو خۆشباوەڕانە نەبێت، کە دەڵێن، ئەدەب دەبێت وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژیان بێت و دەبێت وەکوو مێژوو لەگەڵ واقیعدا یەک بێتەوە. لە بەر ئەوەش ساختە نییە، چونکە ئێمە لە لایەنی ڕۆح و ئاوەزەوە خۆمان بۆ ئەو شتە وەسفکراوە ئامادە دەکەین، کاتێک ئێمە کارێکی خەیاڵی هەڵ دەدەینەوە و باش دەزانین، کە فرمێسک و باوێشکەکانمان لە ڕێی توانای نووسەرەوە نایەنە ئاراوە، ئەو شتەی ئەزموونی کراوە ڕێک وەکوو ڕاستی تاو بداتەوە، بەڵکوو لە ڕێی هونەرە لواو یان نەلواوەکانی ئەفسوونەوە دێتە ئاراوە، کە درۆکانیانمان وەکوو واقیع پیشان دەدات یان نا.

ئەم سنوورە ڕوون پێناسەکراوەی نێوان ئەدەب و مێژوو، نێوان ڕاستیی ئەدەب و ڕاستیی مێژوو مافێکی لە پێشینەی کۆمەڵگە کراوەکانە. ئەم چالاکییە ناوابەستە و سەربەخۆیە لە پاڵ یەکدا بوونیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە مەبەستی یۆتۆپیایی هاوبەشیاندا سەرجەمی بوون بگرنەوە، یەکتر تەواو دەکەن. ڕەنگە باشترین بنچینە بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە بە تێگەیشتنی کارل پۆپەر ئەم دیاردەیە بێت: ئەدەب و مێژوو وەکوو بوارانی سەربەخۆ و جیاواز لە پاڵ یەکدا بوونیان هەبێت، بە بێ ئەوەی هیچ لایەکیان لە بەرپرسیاریی و ئەرکیاندا هەڕەشە لەوی دیکە بکات یان هەوڵ بدات ئەم بەرپرسیاریی و ئەرکانە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت.

لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ڕێک پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. ڕەنگە کۆمەڵگەی داخراو تەنانەت بە باشترین شێوە لەو ڕێگەیەوە پێناسە بکرێت، کە جیاوازیی لە نێوان خەیاڵ و مێژوودا نەمابێت: دەتوانرێت هەر یەکەیان بەوی دیکە جێگۆڕکێی پێ بکرێت و تەنگ بە یەکتر هەڵبچنن و وەکوو لە ئاهەنگی ماسکدا پێناسەیان بگۆڕن.

لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا دەسەڵات بەناحەق تەنیا ئەوە بە خۆی ڕەوا نابینێت، چاودێری ڕەوتاری مرۆڤەکان، واتە ئەوەی خەڵکەکە دەیکەن و دەیڵێن، بکات، بەڵکوو هاوکات هەوڵی ئەوە دەدات فەنتازیا و خەون و بێگومان یادەوەریشیان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. زوو بێت یان درەنگ، ڕابردوو لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا دەبێتە بابەتێکی ڕەوایەتیدان، هەنووکە لەخشتە ببرێت. مێژووی فەرمی وەکوو تاقە شتێک چوارچێوەیەکی قبووڵکراو بۆ گۆڕانە جادووییەکان پێک دەهێنێت، کە لە ڕێی ئینسایکلۆپیدیای سۆڤیەتەوە ناوبانگیان دەرکرد: پاڵەوانانێک، کە دەردەکەون و لەپڕ دیار نامێنن، بەبێ ئەوەی ئاسەوار بەجێ بهێڵن، بەگوێرەی ئەوەی، ئایا لە ڕێی دەسەڵاتەوە سەرفراز دەبن یان بەر نەفرەت دەکەون و کردەوەی ڕابردووی پاڵەوان و خراپکاران، کە لە چاپێکی کتێبەوە بۆ چاپێکی دیکە نیشانەکان، بەها و ناوەڕۆک دەگۆڕن -ئەمەش بە تاکتی ڕێنماییە گۆڕاوەکانی دار و دەستەی دیکتاتۆرەکان. تۆتالیتاریزمی مۆدێرن ئەم کردەیەی تێر و تەسەل کرد، بەڵام دۆزینەوەی ئەو نییە: هەر لە سەرەتای کولتوورەکانەوە، کە هەتا ماوەیەکی کەمی پێش ئێستا هەمیشە دێسپۆتیزم و بنەمای شاقۆڵی دەسەڵات هەڵگری بوون، دەردەکەوێت؛ ئێمە نابێت ئەمە لە بیر بکەین.

ئەمە فریوێکە لە جەوهەری دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت، یادەوەرییەکی دەستەجەمعی دابمەزرێنێت و مێژوو بکرێتە ئامرازێکی دەستی حکومەت، بەو ئەرکەوەی، ڕەوایەتی بە فەرماندارەکان بدەن و بیانوو بۆ کارە قێزەونەکانیان بهێننەوە. دەوڵەتگەلی تۆتالیتاری دەتوانن ئەمە بە واقیع بکەن و لە ڕابردوودا گەلانێکی زۆری لە ژماردن نەهاتوو ئەمەیان کردووە.

با هاووڵاتییە دێرینەکانی خۆم، واتە ئینکاکان بە نموونە وەربگرین. ئینکاکان توانییان بە شێوەیەکی قەناعەتپێهێنەر و شانۆئامێز ئەمە بکەن. کاتێک سەردار دەمرد، ئەوا لەگەڵیدا نەک تەنیا ژن و کەنیزەکەکانی، بەڵکوو ڕۆشنبیرەکانیشی، ئەوانەی ئەماوتاس یان حەکیمەکانیان پێ دەگوترا، دەمردن. ئەم حوققەبازانە بە شێوەیەکی سەرەکی حیکمەتەکەیان لەو هونەری چاوبەستە پێکهاتبوو، خەیاڵ بکەنە مێژوو. کاتێک ئینکا نوێیەکە دەسەڵاتی دەگرتە دەست، ئەماوتاسەیەکی لەگەڵدا بوو، کە هیچ ئەزموونێکی ڕابردووی دەرباری نەبوو، ئەرکەکەی ئەوە بوو مێژووی فەرمی پێک بهێنێتەوە، ڕابردوو ڕاست بکاتەوە، وەکوو بڵێیت تازەی بکاتەوە، بە شێوەیەکیش، کە هەموو کارە پاڵەوانێتییەکان، داگیرکارییەکان، بیناسازییەکان هتد، کە پێشووتر درابوونە پاڵ ئینکاکەی پێشوو، لەپڕ دەخرانە سەر ژیاننامەی سەردارە نوێیەکە. بەو تەرزەش ئەوانەی پێشوو بە کاوەخۆ لە بیر دەکران. ئینکاکان زۆر باش لەوە گەیشتبوون، ئەو مێژووەی کرابووە ئەدەب لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی لە ئیفلیجکردنی هەنووکەدا بەشدار بن: ئەمەش بەرزترین ئامانجی هەموو دیکتاتۆرییەتێکە. ڕاستییە تاکییەکانیان قەدەخە کرد، کە هەمیشە لەگەڵ ڕاستیی فەرمی و هاوپەیوەند و بنەبڕکەردا ناکۆکن. ئەنجامەکە ئەوەیە، کە ئیمپراتۆریی ئینکا کۆمەڵگەیەکی بێ مێژوو، بەلای کەمەوە بە بێ مێژوویەکی گێڕراوە پیشان دەدات، چونکە کەس لە توانایدا نەبوو بینای بکاتەوە، وەکوو لە حاڵەتی ستریپتیز (ڕووتبوونەوە) ی پیشەییدا ڕوو دەدات، سەماکەر بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو جارێک خۆی دادەپۆشێت و جارێک خۆی ڕووت دەکاتەوە.

لە کۆمەڵگەی داخراودا خەیاڵ مێژوو کوناودەر دەکات، بەڵێ مێژوو خۆی دەبێتە خەیاڵ، چونکە بە پێی توندڕەویی ئایینی یان سیاسی، یان زبرتر بڵێین، بەگوێرەی مگێزی دەسەڵات مێژوو هەمیشە سەرلەنوێ دەدۆزرێتەوە.

بە شێوەیەکی ئاسایی ئەمە شانبەشانی سانسۆرێکی توند ڕێ دەکات، بۆ ئەوەی ئەدەب تەنیا ڕێگا بە ڕەوتێکی ڕێکخراوی فەنتازیا بدات، بە جۆرێک ڕاستییە زاتییەکانی نە دژوازی مێژووی فەرمی بکەن، نەیش شلوێی بکات، بەڵکو زیاتر نەخشەی بۆ دابنێت و بەرفراوانی بکات. جیاوازیی نێوانی ڕاستیی ئەدەبیی و ڕاستیی مێژوویی ون دەبێت، هەردووکیان ئاوێتە دەبن و  دەبنە شتێک، کە مێژوو لە هەموو ناڕاستییەک پاک دەکاتەوە و خەیاڵ لە شتی نایاب، لە دەستپێشکەری و نەسازان لەگەڵ شتی باودا پاک دەکاتەوە.

حوکمدان بە سەر مێژوودا لە سەر درۆ وا لە ئەدەب بکرێت، کە ڕاستییەکی بە باڵای دەسەڵاتداراندا بڕراو بڵاو بکاتەوە، بە هیچ جۆرێک تەگەرە بۆ پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژی هیچ وڵاتێک ناگەیەنێت یان نابێتە کۆسپ لە بەردەم هێنانە دی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئەوە سەلمێنراوە، کە ئینکاکان کۆتاییان بە برسێتی هێنا و بۆ هەموو ژێردەستەکانیان خواردەمەنییان دابین کرد، ئەمە سەرکەوتنێکی ناوازە بوو، چ بۆ ئەو کاتە و چ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆمان.

کۆمەڵگە تۆتالیتارەکانی ئەم سەردەمەمان تەوژمێکی گەورەیان بە بواری پەروەردە و تەندروستی و وەرزش و کار دا، بەوەی دەرگای ئەم بوارانانەیان بۆ زۆربەی خەڵکی کردەوە. کۆمەڵگە کراوەکان لەگەڵ هەموو خۆشگوزەرانییەکیاندا بەمە نەگەیشتن، چونکە تاکەکان دەبێت هەندێ جار حیسابی جیاوازییەکی زۆری داهات بکەن و لەوەش خراپتر، دەبێت بە هەلی نایەکسانەوە باجی ئازادیی بدەن، ئەو ئازادییەی دڵی کۆمەڵگە خۆش دەکات.

بەڵام کە دەوڵەتێک لە هەوڵی ئەوەدا بێت، هەموو شتێک بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بڕیاری هەموو شتێک بدات، ئەو مافەی مرۆڤ زەوت بکات، درۆ هەڵبەستێت و ئەو مافەیان لێ بستێنێتەوە، بڕوایان بەو درۆیانە بێت، کە بە دڵیانە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە ئەو مافە زەوت بکات و لە ڕێی مێژوونووس و سانسۆرەکانییەوە ئەم مافە وەکو پاوان مامەڵە بکات (وەکوو ئینکاکان بە یارمەتی ئەماوتاکان دەیانکرد)، ئەوا سووک و سانا سەرچاوەیەکی گرنگی بواری ژیان ئافەرۆز دەکرێت. هەنگینێ پیاوان و ژنان لە پەلوپۆ دەکەون، لە ڕێی ئەم ئیفلیجییەوە هەژار دەبن، تەنانەت ئەگەر پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابین کرابێت.

چونکە، یەکەم هەتا ئێستا ژیانی ڕاستی و ڕاستەقینە هەرگیز بەشی ئەوەی نەکردووە، ویستەکانی مرۆڤ بە تێر و پڕی بەدی بهێنێت، دووەمیش بە بێ ئەو نائاسوودەییە زۆر گرنگە، کە لە ڕێی درۆکانی ئەدەبەوە هاوکات دنەی دەدرێت و هێور دەکرێتەوە، هەرگیز پێشکەوتنی ڕاستەقینە وەدی نایەت.

ئەندێشەی زگماکیمان بەهرەیەکی ئەهریمەنانەیە: هەمیشە ئەو کەلێنەمان بۆ ئاشکرا دەکات لە نێوان ئەو شتەی کە هەین و ئەو شتەی کە حەز دەکەین ببین، لە نێوان ئەو شتەی هەمانە و ئەو شتەی هەوڵ دەدەین هەمانبێت.

وەلی وزەی وێناکردنیش ئامرازێکی فێڵبازانە و زیرەکانەی هێورکردنەوەی بۆ ئەم جیاکردنەوە حەتمییەی ڕاستیی سنووردار و خواستە بێکۆتاییەکان هەڵبەستووە: ئەویش خەیاڵە. لە سایەی خەیاڵەوە ئێمە لە خۆمان زیاترین و خەڵکی دیکەین و هەمیشەش هەمان کەسین. لە خەیاڵدا دەتوێنینەوە و زیاد دەکەین؛ چەندان ژیان دەژین و زیاتر تەنیا لەو ژیانەی خۆمان دەژین، تەنانەت زیاتر لەو ژیانەی کە ڕەنگە بماتوانیبایە بژین، لە سنوورەکانی ڕاستیدا زیندان دەبووین، بە بێ ئەوەی زیندانی مێژوو بەجێ بهێڵین.

مرۆڤ تەنیا بە ڕاستیی ناژی، پێویستی بە درۆش هەیە، بە تایبەتیش ئەو درۆیانەی بە ئازادیی هەڵبەستراون، نەک ئەو درۆیانەی بە تۆپزی سەپێنراون، ئەو درۆیانەی خۆیان ئاشکرا دەکەن نەک ئەو درۆیانەی بە ژێر بەڕەی مێژووەوە کراون. خەیاڵ بوون دەوڵەمەند و سەرومڕ دەکات و هاوسەنگییەکی کاتیی بۆ ئەو چارەنووسە تراژیدییەی مرۆڤ دەخووڵقێنێت، هەمیشە خۆزگەیان لەوە زیاتر بێت و خەونیان لەوە زیاتر بێت، کە لە ڕاستیدا بتوانن وە دەستی بهێنن.

ئەگەر ئەدەب بتوانێت ژیانەکەی دیکەی خۆی بە بێ تەگەرە بخووڵقێنێت، تەنیا لە ڕێی خوڵقێنەرەکەیەوە سنوورە کەسییەکانی بەرتەسک بکرێتەوە، ژیانی مرۆڤ دەوڵەمەند دەکات. ڕەهەندێک بۆ مرۆڤ زیاد دەکات، ژیانی پەنهانمان گەشە پێدەدات، ئەو ژیانە نادیارە، سەرپێییە، بەڵام بەنرخە، کە تەنیا لە ڕێی درۆوە تێیدا هەڵ دەکەین.

ئێمە نابێت شەرم بکەین، بەرگری لەو مافە بکەین؛ گەمەکردن بە درۆوە، وەکوو نووسەری کارێکی خەیاڵی و خوێنەرەکەی بە درۆوە دەیکەن، کە شەیتانە کەسییەکانیان دەچنە کەوڵیان، خۆیان درۆ دەدۆزنەوە، ئەمە جۆرە ڕازیبوونێک و داکۆکیکردنیکە لە ئازادیی تاک، کاتێک لە ژێر هەڕەشەدا بێت. جگە لەوە زۆنێکی ئازاد دەپارێزرێت، جۆرە قەڵایەک، کە ئێمە بەڕاستی لە ناویدا خودان چارەنووسی خۆمانین، بە بێ ئەوەی لە چاودێریی دەسەڵات و دەستتێوەردانی ئەوانی دیکە بترسین.

لە ئازادیمانەوە ئازادیی دیکە دێنە ئاراوە. ئەم پەناگە کەسییانە، ڕاستییە سوبیەکتیڤەکانی ئەدەب، بوونێکی شیاو و ئەرکێکی تایبەت بە تەواوکەرەکەی، واتە بە ڕاستیی مێژوویی دەبەخشن-واتە بەشێکی گرنگی (نەک تەنیا بەشێک) یادەوەریمان ئازاد دەکات: هەموو شکۆ و هەموو کڵۆڵییەک، کە ئێمە لە ئەدگارماندا وەکوو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکەدا بەشی دەکەین. ئەم ڕاستییە مێژووییە پێویست و بێهاوتایە بۆ ئەو زانیارییەی، ئێمە چی بووین و ئێمە ڕەنگە وەکوو جڤاتە مرۆییەکان هەبین. بەڵام ئەو شتەی کە ئێمە وەکوو تاک هەین و ویستمان ببین، لە ڕاستیدا نەمانتوانی ببین، ئەو شتەی لە بەر ئەوە ئێمە دەبوو خەونی پێوە ببینین و دەبوو بیدۆزینەوە، واتە چیرۆکی پەنهانمان، تەنیا ئەدەب دەتوانێت بیگێڕێتەوە. لە بەر ئەوە بەلزاک نووسی: خەیاڵ «چیرۆکی کەسیی گەلانە.»

هەر تەنیا بە بوونی، خەیاڵ خۆی دەکاتە سکاڵایەکی جەرگبڕ دژی بوون لە ژێر هەموو جۆرە دەسەڵات یان ئایدیۆلۆژیایەکدا، شایەتییەکی ئاگرینی کەم و کوڕیی و بێ توانایی، ئێمە ئاسوودە بکات. لەبەر ئەوە هەمیشە خەریکی ئەوەیە، ئەو هێزانە لاواز بکات، کە حەزیان دەکرد، مرۆڤەکان ئاسوودە و سازاو بوونایە. درۆکانی ئەدەب، ئەگەر لە ئازادییەوە هەڵبقوڵێن، بەڵگەی ئەوەن، کە مرڤ هەرگیز ئاسوودە و سازاو نەبووە. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئایندەشدا ئەمە ڕووبدات پیلانێکی هەمیشەیین لە دژی.

لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ

 

سەرچاوە: galawej