هۆکاری بەردەوامبوونی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چین؟

 

 


 

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 11ی مانگی یەکی 2025 کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دا بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەت فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بەپێی ڕاپۆرتەکان لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بەشدارییان نەکرد، باس لە کێشە و گرفتەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کراوە، بە تایبەتی پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کراوە،"بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان".

دەپرسین:

بۆچی کێشە و گرفت لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دروستبووە؟

وەزیر و پەرلەمانتارەکان دەتوانن لە بەغدا چی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؟

ئایە باس لە کشانەوە لە حکومەتی فیدراڵی کراوە؟

ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بەغدا بکشێتەوە ئاکامەکانی بەسەر هەرێم و عێراق بە گشتی چی دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.

دکتۆر موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

دکتۆر موسەنا ئەمین:

ئەگەر داهاتی هەرێم بەشی نەکرد، حکومەتی هەرێم بەرپرسە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی، چونکە ئێمە پارێزگا نین، بەڵکو ئێمە حکومەتین لە ناو حکومەتدا، ئەبێت حکومەتی هەرێم بە قەرزی ناوخۆیی بێت یان قەرزی دەرەکی بێت موچەی هاووڵاتیانی بدات دواتر بێت شەڕی حکومەتی عێراق بکات بەپێی یاسای بودجە، ئەمە تەنها ئەگەر باسی موچە بکەین، ئەگەرنا کوردستان پڕیەتی لەکێشە و کارەسات، دەڵێن لە کابرایەکیان پرسی بۆچی لە جەنگدا دۆڕان، وتی لەبەر نۆ هۆکار، یەکەمیان فیشەکمان پێ نەما، ئەوی تر وتی، تەواو ئیتر هیچی تر مەڵێ، جا حوکمڕانیەک موچەی پێنەدرێت ئیتر یانی هیچ.

ئێمە نکۆڵی ئەوە ناکەین هەتا ئێستاش لە ناو حکومەتی عێراق خەڵکی شۆڤێنی هەیە و پێی وایە نابێت مافی هەرێم بدرێت، بەڵام خۆ هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 320 ملیار دیناری لە داهاتووی ناوخۆ ڕادەستی بەغدادی کردووە، لە کاتێکدا ئەوان داهات ڕادەست ناکەن ئیتر چۆن داوای داهاتەکانی تر لە بەغداد دەکەن.

ئێمە پێویستمان بە کۆبوونەوەیەکە کە بە تەنها لەگەڵ حکومەتی هەرێم یان حکومەتی عێراق نەبێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق پێکەوە بێ، حکومەتی هەرێم ستەم دەکات لە چەندین بابەت لە هەرێم و خەڵکی هەرێم، ئێمە بەرگری لە حکومەتی عێراقی ناکەین، ئێمە نەفرەت لە ستەم دەکەین چ بەغداد بیکات یاخود هەرێم.

حکومەتی هەرێم ویستی ئێمە بکاتە تەرەفی خۆی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ نوێنەر و وەزیرانی کورد، بۆیە ئێمە بەشداریمان نەکرد و نامانەوێت ببینە تەرەف، ئێمە تەرەفی حکومەتی هەرێم نین و سەد تێبینی جدیمان لەسەری هەیە، ئەمە چ چاوەڕوانییەکە حکومەتی هەرێم بیەوێت بانگمان بکات بۆ کۆبوونەوە و وێنەمان لەگەڵ بگرن، ئێستا هەر ستەمێک لە بەغدادەوە بکرێت پارتی و یەکێتی بەشدارن، چونکە ئەوان بەشدارن لە حکومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی.

سەد لە سەد پارتی و یەکێتی لە حکومەتی عێراق پاشەکشە ناکەن و ناکشێنەوە. خۆ بەغداد کێییە کە موچەی هەرێم نادات، پارتی و یەکێتییە و مالکیە و حەلبوسیە و سودانییە.

باسکردنی بابەتی کشانەوەی کورد لە بەغداد تەنها بۆ دروستکردنی تەپوتۆزە بۆ ئەوەی چاومان موچەی مانگی 12 نەبینێت، جا ئێستا پارتی و یەکێتی با شیکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و نێودەوڵەتیمان بۆ نەکەن موچەی مانگی دوانزە دەدەن یان نایدەن با وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە؟!

شەش مانگ حکومەتی هەرێم بە تەواوی دەسەڵاتەکەی بدەن بەدەست ئێمە، وەڵاهی هەموو ئەو شتانە چاک دەکەینەوە کە پارتی و یەکێتی خراپیان کردووە، دواتر لە کوردستان هەر شاربەدەرمان بکەن، دەزانی بلیمەتییەکی زۆری ناوێت، بەس دەستت پاک بێت تەواو.

شێروان دووبەردانی:

باسی داهاتی ناوخۆ دەکەن، ئەی خەرجی ڕۆژانەی دامودەزگاکانی حکومەت و خەرجی ئاسایش و پێشمەرگە کە ئاسایش دابین دەکەن هەم لە ناوخۆ و هەم لە سنوورەکان بەچی دەکرێت؟ چەندین فەرمانبەر و مامۆستای ناوچە کوردستانییەکان هەروەها پرۆژە بۆ ئەو ناوچانە هەن کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم هەموو ئەو خەرجییانە دەکات کە بە ترلیۆنان دینارە، حکومەتی عێراقیش ئامادە نیە هیچ بڕە پارەیەک بنێرێت.

ئەو ستەمەی حکومەتی عێراق لە هەرێم و خەڵکی کوردستانی دەکات دووبارە کردنەوەی کارەکانی ڕژێمی بەعسە کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کردی هیچ جیاوازی نییە، چەندە یاسا بگۆڕدرێت، چەندە حکومەتی هەرێم پابەند بێت، حکومەتی عێراق هەر پابەند نابێت و یەک دینار نانێرێت.

سەعدی پیرە:

هۆکاری بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، پابەند نەبوونە بە دەستور. ئەگەر ئەو هەڵە و پابەند نەبوونانەش دابەش بکرێن 75%ی حکومەتی عێراقە و ئەوی دیکە هەرێمی کوردستان.

ئێمە وەک هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نین لە ناردنی پەرلەمانتاران بۆ پەرلەمانی عێراق، چونکە زمان نازانن، پەرلەمانتار لەناو پەرلەمانی عێراق دەتوانێت کە دۆخێک دروست بکات کە هیچ کات ڕێگە نەدات پێشێلی بکرێت.

هەرێمی کوردستانیش ئامادە نییە و کێشەی هەیە، بۆ نمونە ئێمە لە سەرەتای ساڵی 2024 وتومانە بۆ موچە 913 ملیارمان پێویستە بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە مانگی پێنج و شەش وتومانە 955 ملیارمان پێویستە، لە مانگی یازدە وتومانە 998 ملیار دۆلارمان پێویستە، جا ئەو هەموو زیادانە لە دەرەوەی دەستوری عێراق دێت و بێ ئەوەی لە یاسای بودجەدا بۆی دانرابێت، ئەمە باسی پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو باسی وەزارەتێکە بە ناوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کەکاری ئامادەکردنی لیستێکی موچەی ڕێک و پێکە.

باسکردن لە ئەگەری کشانەوەی کورد لە بەغداد باسێکە کە ئێمە وەک یەکێتی گرنگیمان نەدا بەو بابەتە و بەلای ئێمەوە ئەوە پرس نییە، چونکە هۆکارێکی ڕەوا نییە بۆ ئەوەی کورد لە بەغداد بکشێتەوە، حکومەت حکومەتی خۆمانە، بە پێچەوانەوە ئەوەی دەستی درێژی هەبووە و سەر قافڵەی دامەزراندنی حکومەتی عێراق بوون جەنابی مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی بوون، ئێستا ئێمە بۆ بێین بە ئاسانی بڵێین لە حکومەتی عێراق دەکشێینەوە و هی ئێمە نییە، شتی وا بە ڕاستی خراپە، ئێمە قازانج ناکەین.

باسکردن لە بابەتی کشانەوە لە حکومەتی عێراق و بەغداد ڕەنگە پەیوەندی بە بەرژەوەندی تایبەتەوە هەبێت، چونکە حیکایەتێک هەیە دەڵێن ئەگەر موچە فەرمانبەرانی هەرێم دابەشکرا و و نەهاتە هەرێمی کوردستان ئەو کات کاریگەری لەسەر دەسەڵاتەکان دەبێت. بەڵێ جا ئەگەر تۆ بە ڕێکوپێکی موچەی دابەشبکەیت و پاشەکەوتی نەکەیت و مانگ نەبێتە پەنجا-شەشت ڕۆژ زیاتر، ئەو کات ڕەنگە پێویستی نەدەکرد حکومەتی عێراق بیکاتە یاسا و بە یاسا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ دابەشبکات.

 

سەرچاوە : دەنگی ئەمریکا