لاجان محمد عوسمان
هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بەردی بناغەی دیمۆراکراسییە بە هەموو جۆرەکانیەوە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسی نوێنەرایەتیدا، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد تەنها ئامرازە تاوەکو هاوڵاتیان بتوانن بەشداری بکەن لە حکومڕانی و بە کردار هەڵسەنگاندن بۆ نوێنەرانی گەل لە دەسەڵاتدا بکەن و لێپرسینەوەیان لێبکەن، سزا یاخود پاداشتیان بکەن. بە داخەوە، بە سەرنجدان بە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنانەت لە وڵاتە زۆر دیموکراسیەکان هیچ زەمینەیەکی یاسایی و دەستووری نییە کە لێپرسینەوە لە بەڵێنەکانی بەر لە هەڵبژاردن و کرداری دووای هەڵبژاردن بکات، هەر ئەم بۆشاییەشە کەوا دەکات هاوڵاتیان بکەونە هەڵەوە و دەنگ بە کەسانێک بدەن کەوا هیچ پابەندیەکیان بە بەڵێنەکانی بەر لە هەڵبژاردن نییە. بۆیە زۆرجار هاوڵاتیان بێ ئومێد دەبن لەوەی جارێکی تر کەسێکی تر تاقیبکەنەوە بەهۆی ئەو ئەزموونەی کە لە ڕابردوودا بینیویانە. ئەمەش هۆکارێکە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ڕێژەی دەنگدان زۆر کەم بووە بە بەراورد بەو هەڵبژاردنانەی کە دووای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ئێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، چونکە بە تێڕوانین لە بەڵێن و کار و ئەدای پەرلەمانی نوێنەرانی گەل، دەردەکەوێت کەوا نوێنەرانی پەرلەمان نەک هەر نەیانتوانیوە ئەدایەکی باش نیشان بدەن بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خۆیان بوون بە بەشێک لەو گەندەڵی و نادادیەی کە هەیە و بێ ئومێدیان درووست کردووە و لە هەوڵی خۆ دەوڵەمەندکردندا بوون.
هەرچەندە هەڵبژاردن زۆرجار تاکە دەرفەتە کە هاووڵاتیان لەسەر بنەمای دەستپاکی و ئەدای کارەکانیان پاداشت یان سزای کاندیدەکان بدەنەوە، بەڵام لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەتی لە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کە لە ناویدا هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم دەرفەتە بە خراپ بەکارهێندراوە. خراپ بەکارهێنانی دەنگی دەنگدەر تەنها پەیوەندی بە کاندیدەکانەوە نییە بەڵکو زۆرجار کەسانێک بەناوی عەشرەت و بنەماڵە و خێڵ و ناوچە دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن کە ئەمەیان لە کوردستان دەکرێت بە هۆکاری سەرەکی دابنرێت بۆ شکستی کاری پەرلەمانی. بەشیكی زۆر لە پەرلەمانتارانیش لە ڕابردوودا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵبژێردراون، هەر بۆیە نەیانتوانیەوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل بکەن. بەداخەوە نەبوونی هۆشیاری دەنگدەر و لەبیرکردنی ڕابردووی پەرلەمانتاران وادەکات کە کێشەکان زیاتر قوڵ ببنەوە و هاوڵاتیان زیانیان پێبگات و وڵاتیش زیاتر بەرەو قەیران بڕوات. هەر بۆیە سەرەڕای پیویستی بۆ بوونی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە هەڵبژاردنەکاندا، هۆشیاری دەنگدەر زۆر گرنگە و دەتوانێت گۆڕانکاری جەوهەری درووست بکات.
هیچ کاندید و لایەنێک ناتوانێت بە بەکارهێنانی پارە، توندوتیژی، خێڵ، ناوچەگەری نوێنەراتی ڕاستەقینەی هیچ گەلێک بکات و تەنها ئەو ئامرازانە بەکاردەهێندرێت بۆ هەڵخەڵەتاندن و یاخود ترسناندن و جوڵاندنی سۆزی هاوڵاتی. بۆیە دەنگدەر دەبێت زۆر لەوە هۆشیارتر بێت کە کاندیدەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی و کارامەیی دەنگ بدەن و خۆیان خاڵی بکەنەوە لە هەر لایەنگیریەک کە جیاکاری درووست دەکات و هیچ کات بەهۆی سۆز و ناوچەگەری دەنگ بە هیچ کاندیدێک نەدەن، بەپێچەوانەوە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ دەکرێت بۆ چەند دەیەیەکی تر بەردەوامبێت و لە کۆتاییدا گەلەکەمان شکستبهێنێت. هەر بۆیە دەنگدەر پیویستە بەشێوەیەکی هەستیارانە و بەرپرسیاریەتییەوە بیر لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بکەنەوە و پێوەری خزمەت و کارامەیی هەڵبژێرن چونکە لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو خێڵ و عەشرەت و ناوچە و سۆز پێوەرنین، بەڵکو تاوەکو چ ئاستێک کاندید دەتوانێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات یاخود پرۆژەی گرنگ بباتە پیشەوە تاوەکو ببن بە یاسا و تا چ ئاستێک توانایان هەیە کە لە پێداویستی هاوڵاتیان تێبگەن و دەنگی هاوڵاتی بگەیەنن. لەوەش گرنگتر کاتێک بەڵێنیان پێدەدرێت لە لایەن کاندیدەکانەوە، پێویستە هەڵسەنگاندن بەو بەڵێنانە بکرێت و بزانرێت پەرلەمانتارێک دەتوانێت سەرجەم ئەو کارانە بکات، بەراوردکاری بکات لە نێوان ڕابروو و بەڵێنەکانی ئێستا، چونکە بەداخەوە زۆرجار بەڵێنی هێندە گەورە دەدرێت کە هیچ کەسێک لە ڕاستیدا توانای جێبەجێکردنیان نییە، هەر بۆیە هۆشیاری دەنگدەر دەکرێت پێوەری سەرەکی بێت بۆ پێشکەوتنی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن.
سەرچاوە : خەندان