هاوسەرۆکی ده‌م پارتی: پرسی كورد به‌ نكۆڵیكردن چاره‌سه‌ر نابێت؛ ده‌رگای ئیمڕاڵی بكه‌نه‌وه‌

 

تونجەر باکرهان

تونجه‌ر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (ده‌م پارتی) ڕایگه‌یاند، پرسی كورد به‌ نكۆڵیكردن یان نەهێشتنی ئەو پێگەیەی کە خەڵکی ڕۆژئاڤای كوردستان بە ماندوبون و ژیانی خۆیان دروستیان کردوە چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر دەکرێت، ده‌شڵێت، "لەم قۆناغەدا کە 25 بۆ 30 ملیۆن کورد له‌ توركیا دەژین، ئێمە کوردین و دەمانەوێت لەو ماف و یاسا دیموکراسیانەی خۆمان کە لە کوردبونەوە سەرچاوەی گرتوە، کەڵک وەربگرین".

ئەو سیاسەتمەدارانەی دەیانوت ئێمە کوردین، چارەسەری دیموکراسیمان دەوێت کوژران

تونجه‌ر باکرهان ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌میانی لێدوانێكدا دوای ئه‌وه‌ی به‌شداری "رێپێوانی چارەسەری دیموکراسی و ئازادی" كرد له‌ ئیستانبوڵ، ڕایگه‌یاند، "100 ساڵە هەوڵدەدرێت پرسی کورد بە شێوازە کلاسیکیەکە چارەسەر بکرێت، به‌ كورد دەگوترا گورگی کارت، ناوی تیۆری لێنرا، ئەو سیاسەتمەدارانەی دەیانوت ئێمە کوردین، چارەسەری دیموکراسیمان دەوێت کوژران، چوە سەر کوشتنە چارەسەرنەکراوەکان، دەیان ڕاپەڕین ڕویدا و سەرکوتکران و پشتگوێ خران".

هیچ شێوازێک نەماوە به‌رامبه‌ر به‌ كورد کە سەدەیەکە لە تورکیا تاقینەکرابێتەوە

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هیچ شێوازێک نەماوە به‌رامبه‌ر به‌ كورد کە سەدەیەکە لە تورکیا تاقینەکرابێتەوە، گوندەکان چۆڵ کران و زمانی كوردی قەدەغە کرا، لەو سەدەیەدا دەوڵەت و حکومەت زۆر ڕێگا و شێوازیان تاقیکردەوە بەڵام شکستی هێنا، لەم قۆناغەدا کە 25 بۆ 30 ملیۆن کورد له‌ توركیا دەژین، ئێمە کوردین و دەمانەوێت لەو ماف و یاسا دیموکراسیانەی خۆمان کە لە کوردبونەوە سەرچاوەی گرتوە، کەڵک وەربگرین".

 پێکەوە دەتوانین دەرگای پرۆسەیەک بکەینەوە کە کورد قبوڵ بکات

هاوسەرۆکی ده‌م پارتی وتیشی، "ئێمە دەمانەوێت هاوڵاتی یەکسان بین لەم وڵاتەدا، پێکەوە دەتوانین دەرگای پرۆسەیەک بکەینەوە کە کورد قبوڵ بکات و بتوانێت وەک هاوڵاتییەکی یەکسان لەسەر بنەمای دیموکراسی بژی، لەبری ئەم سیاسەتانەی پشتگوێخستن و نکۆڵیکردن کە سەدەیەکە بەردەوامە".

پێمان خۆشە پرسیار لە حکومەت و ئەو سیستەمە بکەین کە 100 ساڵە سیاسەتی پشتگوێخستن جێبەجێ دەکات

له‌باره‌ی وته‌كانی عومه‌ر ئۆجه‌لان، په‌رله‌مانتاری ده‌مپارتی دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری په‌كه‌كه‌ی كرد له‌ دورگه‌ی ئیمڕاڵی، وتی، "ئه‌و لێدوانانه‌ بەڕاستی ئێمەی وروژاند، به‌ڕێز ئۆجه‌لان وتی، ئەگەر زەمینەی سیاسی پێکبێت، من لێرەم بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد، وتیشی، هێزی ئیرادەم هەیە، پێمان خۆشە پرسیار لە حکومەت و ئەو سیستەمە بکەین کە 100 ساڵە سیاسەتی پشتگوێخستن جێبەجێ دەکات، دەبێت گۆشەگیری کۆتایی بێت". 

ئەم کێشانە لە سەرانسەری جیهاندا بە رێگه‌ی دیالگۆگ چارەسەر کراون

هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی وتیشی، "پرسی كورد به‌ نکۆڵیکردن یان نەهێشتنی ئەو پێگەیەی کە خەڵکی ڕۆژئاڤای كوردستان بە ماندوبون و ژیانی خۆیان دروستیان کردوە چارەسەر نابێت، ئەم کێشەیە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر دەکرێت، ئەم کێشانە لە سەرانسەری جیهاندا بە رێگه‌ی و شێوازی هاوشێوە چارەسەر کراون، ئەم حکومەتە و ئەوانەی حوکمڕانی دەوڵەت دەکەن باشتر ئەمە دەزانن، ئێستا کاتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیه‌".

قوفڵەکە بکەنەوە، با خەڵکی تورکیا گوێبیستی قسەکانی ئیمڕاڵی و نەخشەڕێگای دیموکراسی بن

هاوكات داوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئیماڵی كرد و وتی، "قوفڵەکە بکەنەوە، با خەڵکی تورکیا گوێبیستی قسەکانی ئیمڕاڵی و نەخشەڕێگای دیموکراسی بن و قسە بکەن و تاوتوێ بکەن، وزە و ئابوری و گەنجی ئەم وڵاتە لەسەر ئەم ململانێ و گرژیی و شەڕە بێکۆتایی و بێئەنجامە بەفیڕۆ مەدەن، لەم وڵاتەدا کورد هەیە، بە وتنی بونی نییە نامێنێت، بە دانانی لە زیندانەکاندا نامێنێت، به‌ وتنی ئه‌وه‌ی 'کورد نییە' کورد کۆتایی نایەت، ئەمە پێویستە لە ئێستاوە قبوڵ بکرێت". 

ئۆجەلان ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت، زەمینەی دیموکراسی لە تورکیا زیاتر لە جاران بەردەستە

ڕونیشیكرده‌وه‌، "ئێمە ڕایدەگەیەنین کە بەڕێز ئۆجەلان ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت، زەمینەی دیموکراسی لە تورکیا زیاتر لە جاران بەردەستە، گەل و کرێکارانی تورکیە ئاشتییان دەوێت، ڕۆشنبیرانی تورک گروپ پێکدەهێنن و سەدان لێدوانیان لەگەڵ دەدەن بۆ ئەوەی پرسی کورد بە ڕێگای دیموکراسی چارەسەر بکرێت، ئێستا ئەوە حکومەتە کە تەنها گوێی لەم بابەتە نییە و چاو و گوێی خۆی دادەخات، لێرەوە داوا لە حکومەت دەکەین، گۆشەگیری هەڵبگرن و ئەم پرسە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن بۆ سەکۆیەک کە پرسی کورد لە سەدەی دوهەمی کۆماردا بە ڕێگای دیموکراسی چارەسەر بکرێت".

دەستوەردان لە پێگەی کورد لە سوریا مەکەن

په‌یوه‌ست به‌ دۆخی رۆژئاڤای كوردستانیش، وتی، "دەستوەردان لە پێگەی کورد لە سوریا مەکەن کە خەڵکی ڕۆژئاڤا بە ئارەقە و زەحمەت و خوێن و ژیانیان بەرگریان لێدەکرد و ئێستا ژیانێکی هاوبەشی ئازاد دەژین، کوردەکانی ئەوێ برا و خزم و ژیانی ئەو 25 ملیۆن کوردەی ئێرەن، کاتێک هێڵێک دەکێشرێت، پەیوەندی خزمایەتی و پەیوەندی سۆزداری کۆتایی نایەت، ئێمەش وەک دۆستانمان دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیەنین کە هەمو هێزی خۆمان دەخەینە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە سەدەی دوەمی کۆماردا بە قسەکردن لەگەڵ خەڵک و کرێکارانی تورکیا و دروستکردنی فشاری دیموکراسی لەسەر ئەو حکومەتەی کە چاوپۆشی لە چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا ده‌كات".

سەرچاوە : خەندان