سەرتیپ جەوهەر
موچەخۆرانی كوردستان بوونەتە قوربانی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتووی بێویژدان. كەمینەیەك لەروانگەی بەرژەوەندی شەخسی و عائیلیەوە دەڕواننە ئێستاو داهاتووی كوردستان. بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و ئایندەی ئەم وڵاتەیان كردۆتە قوربانیی مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندی خانەوادەكانیان. ئەوان بەدابەشنەكردنی موچەی ئەم خەڵكە، بەم رەمەزانەو بەرە جەژنەیە، بێویژدانیی و ستەمكاریی خۆیان دووپات دەكەنەوە.
ئەوان لەناو كۆشك و تەلارە رەنگاو رەنگەكانیان و لەپشتی شورا بەرزەكانی كە لەترسی خەڵك دروستیانكردووە دەڕواننە ژیانی خەڵكی كوردستان. كوردایەتی لای ئەوان بریتیە لەمانەوەی خۆیان و كۆمپانیاو پرۆژە زەبەلاحەكانیان! كوردایەتی لای ئەوان بریتیە لە كڕنوش و نۆبەداریی بۆ ئەوان.
حكومڕانانی كوردستان، بەدابەشنەكردنی موچەو قوتی خەڵكی كوردستان، ژیانی خەڵكی كوردستانیان كردۆتە بارمتەی بڕیارو سیاسەتە ناڕەواكانیان كە من پێموایە عاقیبەتێكی زۆر خراپی دەبێت و لێكەوتەی ئەم سیاسەتە بەمزوانە گۆڕانی گەورە لەگەڵ خۆی دێنێت.
ئەم بارودۆخەی ئێستا، زادەی سیاسەتی رۆژێك و دووان نییە، بەڵكو لێكەوتەی سیاسەت و هەڵسوكەوتی زیاتر لە 12 ساڵی ئەم حكومڕانیەیە كە هەمووان تێیدا شەریك و برابەش بوون.
ئەوانەیشی ئەمڕۆ دەیانەوێ خۆیان ساغلەم پێشانبدەن و وەك حاتەمی تائی لەموزایەدەی سیاسی و كوردایەتی سەخاوەت بنوێنن، ئەوان بوون ئەم بارودۆخەیان دروستكرد. ئەوان شەریكی هەموو بڕیارە خراپ و ناڕەواكانی ئەم حكومەتە بوون لەماوەی 12 ساڵی رابردوو، ئێستا بەبەیاننامەیەك و بەلێدوانێكی شەرمنانە ناتوانن خۆیان لەم هەموو كارە خراپە بدزنەوە.
سەرچاوە : ئاوێنە