نیگاركێشێك لەئامێزی چیای شەنگالدا وێنەى دۆخى کۆمەڵگەى ئێزدى دەکێشێت

دهام شەنگالی، هونەرمەندێكی گەنجی نیگاركێشە، كە لە چیای شەنگالدا وێنەى ڕاستیی دۆخى كۆمەڵگەی ئێزدی دەكێشێت و دەڵێت: هونەرەكەم پەیوەندی بە كلتووری ئێمەوە هەیە، نیگاركێشان لە خاك و كلتوور و مێژوو جیاناكرێتەوە، چونکە دەتوانێت پردێك بێت لە نێوان مێژووی باوباپیرانمان و كۆمەڵگای ئێستاماندا.
نیگار وەك بەشێك لە هونەر یەكێكە لەو بەرهەمانەی، كە زۆر واتادارە و هەستی مرۆڤێك لەچوارچێوەیەکى دیاریکراودا نیشان دەدات ولەکاتێکدا مرۆڤ تەماشاى نیگارێك دەكات، هەستی نیگاركێشەكە لە هێڵەكانی نیگارەكەدا دەبینێت.

نیشتمانپەروەری، پەیوەستبوون بە خاك و كلتووری خۆی، هەستكردن بە خۆشەویستییەكی گەورەوە بۆ بەرهەم و كارەكانی، هەموو ئەمانەمان بە وردی لە نیگارەكانی، نیگاركێش دهام شەنگالی دەبینرێت.

دهام شەنگالى، كە بەدەم خۆرئاوابوونەوە لە چیای شەنگال سەرقاڵی نیگاركێشان بوو، لەبارەی بەرهەم و كارەكانی باسی لەوەکرد: ماوەی سێ ساڵە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی داهاتی خۆم نیگار دەكێشم و ئەم كارەم خۆشدەوێت و دەمەوێت لە كۆمەڵگاشدا هەستی پێبكرێت.

نیگاركێشان بۆ دهام ڕێگایەكە بۆ دەربڕینی ئازار، خۆشی و ناخۆشی كۆمەڵگا، فەرمانەكانی ئێزیدییەكان و ناساندنی كلتووری دێرینیان بە جیهان، كە بەم هەستانە دەریدەبڕێت و دەڵێت: كاتێك لە چیای شەنگال وێنەی كچێكی ئێزدی، كە جل و بەرگی كلتوری دێرینمانی پۆشیووە دەكێشم بۆ من لە هەموو شتێك جوانتر و بەنرخترە، كاتێك قسە لەسەر ئێزدییەكان دەكرێت چیای شەنگال پێش هەموو شتێك دێتە یادەوەری خەڵكەوە، ئێستا من وەك گەنجێكی ئێزدی لە چیای شەنگالم، كارێكی پەیوەندیدار بە كلتووری خۆمان دەكەم.

دهام جەختیش دەكاتەوە، هونەرمەند تەنها بۆ خۆی نییە، بەڵكو بۆ هەموو كۆمەڵگایە، بۆیە گرنگە كۆمەڵگاش پاڵپشتی هونەرمەندان بكات و بەرەو سەركەوتنیان ببات.

ئەو گەنجە هونەرمەندە، تیشك دەخاتە سەر شەپۆلی كۆچی گەنجان، كە وڵات بەجێدەهێڵن و دەڵێت: من دژی چوونم بۆ دەرەوەی وڵات، تا لە ژیاندا بم هەمیشە هەوڵ دەدەم لەسەر خاكی خۆم بژیم و بە كلتوور خۆمان بە مێژوو و چیای شەنگالەوە پەیوەست بم.

دهام هەروەها سەبارەت بە پەیوەندی هونەرمەند لەگەڵ خاك و مێژوو وتی: دەتوانین پردێك بین لەنێوان مێژووی باوباپیرانمان و كۆمەڵگای ئێستامان، ئەگەر لە وڵاتەكەم كار بكەم، كارەكەم واتادار تر دەبێت، تا ئەوەی لە دەرەوەی وڵات كار بكەم.

دهام شەنگالی لە كۆتاییدا داوا لە گەنجانی ئێزدی دەكات، “هەرچەندە سەخت بێت، نابێت زەوییەكانمان بەجێبهێڵین، دەبینین ئەمە پلانێكی سیاسییە لەسەر ئێمە جێبەجێ دەكرێت و دەیانەوێت گەلەكەمان لە خاك و كولتوری خۆیان دور بخەنەوە”.

 

سەرچاوە: rojnews