شوان سدیق
هەرێمی کوردستان مەترسی تیرۆر و هەڕەشەی کەلتووری لەسەرە بەڵام بەهەند وەرناگیرێ و جۆرێکە لە فەوزایە!!
تەنانەت پاش هاتنی دعش و گەشەی ئەو ڕێکخراوە، شەپۆلی نیقاب وەکو بانگەشەیەکی سیاسی و کۆکردنەوەی لایەنگر لە خۆیان حزبە ئیسلامیەکان، هەستان بەگێڕانی ئاهەنگ و بڵاوکردنەوەی نیقاب، ڕۆژ بەڕۆژیش لەزۆربوون و گەشەی پێدەدەن.
لەئێستادا ئیسلامیەکانی کوردستان وازیان لە دەسەڵاتی نەوت و خۆسەپێن هێناوەو دەسەڵاتیش بەمە ڕازی بووە، ئەوان لەئاستی کۆمەڵگە خەریکی کۆکردنەوەی کچانی نەوجەوانن و نیقابیان دەکەن، بەناوی ئیسلامەتی، ئەمە لەکوێ؟ لەنێو کۆمەڵگەیەکی مووسوڵمان، بەتێگەیشنی ئەوان ئیسلامەتی گرنگترە لە مووسوڵمانێتی!
دەسەڵاتی کوردی زۆر خەمسارد و بەرپرسیارە لەئاست شێواندنی نەریت و کەلتووری کۆمەڵگەو هێنان و بڵاوەپێکردنی نیقاب، ئەمە پەیوەندی بەئازادیەوە نییە!!
کەس خۆی بە بەرپرسیارو خەمخۆری گشتی نازانێ لەئاست ئەم هەڕەشە جدییە بۆ سەر کەلتووری کۆمەڵگە، ناوەندە یاساییەکانیش زۆر خەمساردن، ئەگەر وێنەیەکی ڕووتی ئافرەتێک لەمێدیا بڵاوببێتەوە، یان کەسێک ڕەخنە لە ئیسلام بگرێ داواکاری گشتی خۆی تێهەڵدەقورتێنێ و ئامادەیە سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام چوونکە باگراوەندی ئایینی و عەشاریی زاڵە بەسەر بیرکردنەوەیان، داواکاری گشتی نایەوێ باسی هەڕەشەی نیقاب بکات بۆ سەر کۆمەڵگە، چونکە دەترسێن و تاڕادیەکیش کەمادەم پروژەکە هی ڕەوتە ئیسلامیەکانە ئەوان پێی رازین!
لەوڵاتێکی وەکو ئیتاڵیا ئەو شوێنانەی پەچە/بورقا/نیقاب/دەموچاو پێچراو قەدەغە دەکەن، بەپێی یاسا پێشتر جێگیر کراوە، زۆربەیان پشت بە مادەی پێنجەمی یاسای ژمارە 152ی ساڵی 1975 دەکەن، ئەم یاسایە لە ساڵی 1978دا ڕیفراندۆمی بۆ کراوە دەنگی هێناوەو جێگیرە.
ساڵی پار لەهەرێمی پێومێنتێی ئیتاڵیا ئاگاداری دژی دانانی نیقاب هەڵواسرا بەناوی سەلامەتی ئاسایش چونکە جگە لەوەی بەستنی نیقاب هەڵەیە دەکرێ کەسانێکیش بۆ کاری خراپ بەکاری بهێنن، یان خۆیان بشارنەوە!
یاساکە گرێداوە بە مەترسی کاری تیرۆر و خۆشاردنەوەو ڕووخسار داپۆشین، هەروەها دەشێ کەسانێکی تاوانباریش خۆیان حەشاربدەن، یان کەسانێک بازرگانی نایاسایی و کاری خراپ بکەن و بیانەوێ خۆیان لەژێر نیقاب حەشار بدەن، چوونکە هەر پەیوەست بەژنانەوە نییە یان بابەتێکی ئاینی، بەڵام دەشکرێ کەسانێک ژنان ناچار بکەن خۆیان حەشار بدەن، بچنە ژێر ئەم پەچەیە بەناچاری و تەنانەت ژێر پەچە بازرگانیش بەژنانەوە دەکرێت!
دەرکردنی یاسا دژی نیقاب، بەتایبەتی لەوکاتانەی یاساکە دەرکراوە, ئیتاڵیا لە جەنگدابووە لەگەڵ گروپە تیرۆریستە چەپەکان!
لە ئێستە هەر شارەوانییە پەچەی ڕێکخراو هەندێ کەس قەدەغە دەکات پشت بەم یاسایە دەبەستێ، پەچە قەدەغەیەو سەرپۆش و باڵاپۆشی ئاساییە!!
سەرچاوە : ئاوێنە