نۆیەمین گەڕی فیلمە فیستیڤاڵی دهۆک بە بەشداریی 98 فیلمی کوردی و بیانی دەستیپێکرد کە ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت. فیستیڤاڵەکە بە فیلمی "بووکە بارانە" دەستیپێکرد کە لە دەرهێنانی کەسێکی خەڵکی دهۆکە.
حوسێن حەسەن، دەرهێنەری فیلمی "بووکە بارانە" بە رووداوی گوت، "لە کاتی کۆرۆنادا دەستمان بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە کرد ساڵی 2019 بوو، ساڵی 2022 کارەکانی تەواوبوو. لەو ماوەیەدا ئەکتەرەکان و تەنانەت منیش تووشی دۆخێکی سەخت بووین، بەڵام دواجار توانیمان تەواوی بکەین."
لە نۆیەمین گەڕی فیلمە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک کە رۆژی پێنجشەممە، 01-12-2022، دەستیپێکرد، بۆ چوار جۆری فیلم، 20 کەس وەکو لیژنە دەستنیشان کراون. 55 فیلم لە پێشبڕکێدان کە 27 فیلمی کوردی و 28 فیلمیش بیانین.
شەهرام عەلی، ئەندامی لیژنەی فیلمە فیستیڤاڵی دهۆک دەڵێت، "هیوادارم ئەم تێکەڵاوییەی ئێمە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە تایبەت لە فیستیڤاڵی دهۆک ببێتە سپۆنسەر بۆ ئەو گەنجەی کە لە دهۆک لە رۆژهەڵات [رۆژهەڵاتی کوردستان] و لە هەموو شارێک چیرۆکی کورد دەگەیێنن، بەڵام ئەوە تایبەتمەندییەکی زۆر باشی هەیە بۆ تێکەڵبوونی سینەماکارانی رۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان."
پەیامی ئەمساڵی نۆیەمین گەڕی فیلمە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک، کۆچبەرییە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی 21 کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان لە سنووری پارێزگاکە. بۆ یەکەمین جار شەش فیلمی کوردی ماوەدرێژ لەنێو کەمپی دۆمیز نمایش دەکرێت.
حەسەن عارف، بەرپرسی راگەیاندنی فیلمە فیستیڤاڵی دهۆک دەڵێت، "بە تایبەت بەهۆی ئەم رووداوانەی کە روویاندا وەکو شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، دۆخی سووریا و کۆچبەربوونی خەڵکێکی زۆر، ئەمە وایکرد کە پەیامی ئەمساڵمان بکەینە کۆچبەری. دهۆکیش یەکێک لەو شارانەیە کە ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر لێی گیرساونەتەوە، بۆیە پەیامەکەمان کردە کۆچبەری."
لە سەرجەمی 570 فیلمی ئۆنڵاین کە بۆ فیلمە فیستیڤاڵی دهۆک رەوانەکراون، 98 فیلم هەڵبژێردراون کە 51 فیلمی بیانی و 47 فیلمی کوردین.
سەرچاوە: rudaw- هونەر ڕەشید