نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار لە باکووری کوردستان و تورکیا وازیان لە خوێندن هێناوە

 

 

لە پێنج ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن و 957 هەزار خوێندکاری زانکۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا وازیان لە خوێندن هێناوە.

  

بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی کواڵیتی خوێندنی باڵای تورکیا، لەنێوان ساڵانی 2018 - 2022 ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە لە زانکۆ دەرناچن و واز لە خوێندن دەهێنن زیادیکردووە.

بەپێی ئەو داتایانەی بە فەرمی بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی 2015دا 98 هەزار خوێندکار زانکۆیان جێهێشتووە و ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2017دا بۆ 150 هەزار خوێندکار بەرزبووەتەوە. لە ساڵی 2018 ژمارەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 300 هەزار خوێندکار. 

لە ساڵی 2019ـدا 538 هەزار خوێندکار زانکۆیان جێهێشتووە و لە ساڵی 2022ـدا ئەو ژمارەیە بووەتە 390 هەزار خوێندکار، واتە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2022 ـدا 2.3 ملیۆن خوێندکار زانکۆیان بەجێهێشتووە و نزیکەی دوو ملیۆنیان لە پێنج ساڵی رابردوودا بووە.

لە ریزبەندی زانکۆکان، زانکۆی ئانادۆڵو لە پارێزگای ئێسکیشەهیر بە دوورکەوتنەوەی 78 هەزار خوێندکار تێیدا لە پلەی یەکەمدایە؛ زانکۆی ئیستەنبووڵ بە وازهێنانی 68 ھەزار لە پلەی دووەم و زانکۆی غازی لە دیلۆکی باکووری کوردستان بە وازهێنانی 66 خوێندکار لە خوێندن لە پلەی سێییەمدایە.

لە راپۆرتەکەدا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری وازهێنان لە زانکۆکان نەخراوەتەڕوو، بەڵام لە تورکیا بەهۆی هۆکاری ئابوریی خوێندکاران رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

سەرچاوە : ڕووداو