نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک بارزانی

 

د. شوان عوسمان

سڵاو جەنابی سەرۆک بەهیوای تەندروستی باش و تەمەنی درێژ لەیادی 77 لەدایکبوونتان و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەرۆکی بەڕێز… دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی ڕۆژئاوایی ئاسیا بەدۆخێکی زۆر ناسک ومەترسی دار تێدەپەڕێ ، هەموو میللەتانی دراوسێمان لەڕێگایی دەوڵەتەکانیانەوە تەواوی ئامادەکاری بەردستییان خستۆتە گەر بۆ هەر ئەگەرێکی خوازراوونەخوازراویش ،چونکە بەشێک لەم ووڵاتانە بەشێکن لەیارییەکەو بەشێکیشیان ئامانجن و بەشێکیش ڕۆڵی سەیرکەروبێدەنگ هاندەریان پێدراوە، لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزو هەنوکەییانە، ئێمەی کورد تائەندازەێکی تەواو کەوتووینەتە نێو یارییەکە و کارەکتەری نێو شانۆیی ڕووداوەکان دەبین و هەوڵی زۆریشمان لەگەڵ دەدرێ بۆڕۆڵ بینین، بەڵام ئێمە خۆمان تا ئێستاش نەمانوویستووە یاریزانی گۆڕەپانەکە و کارەکتەری شانۆی ڕووداوەکان بین سەرەڕایی سووربوونی دەرهێنەرو ڕاهێنەکانی ئەم یارییە نێودەوڵەتیانەی ئێستا ، هەرچەندە چەند جارێک بەڕوونی و بێ پەردە هەوڵی تێگەیاندنی ئێمەیان داوە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوحۆ، تەنانەت درێغیان نەکردووە لەبەکارهێنانی لێدانی کوشندەش لەبواری ئابووری ودیپلۆماسی یەوە وەک پەیامی دایرێکت واقیعی کەچی هێشتا بەشێکمان گوێچکە و چاوەکانمان داخستووەو پێمانووایە هێشتا هەللی زۆرمان لەپێشداێەوهاوپەیمانان ناتوانن دەستبەرداری هەرێم بن !!

هێژا وبەڕێزگومان لەوەدا نییە دۆخی چەقبەستووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەفریقیا شڵەقاوەو هەردووجەمسەری ئێستای جیهان بەهەموو توانایانەوە لەجەنگێکی ناڕاگەێەندراوی سەختدان و هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە ئامانجە هەرەسەرەکییەکان، هەڵبەتە بوونی یەدەگی زۆری گازی سروستی وپاتڕۆڵ و سامانە سروشتیەکانی تری ئەم بەشەی نیشتمانمان تایی تەرازووی ئەم ململانێی نێو دەوڵەتییە یەکلایی دەکاتەوە، هەژموونی ڕووسیا و چین لەڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوئەفریقیا و دوواتریش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبواری ئابووری و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیش وایکردووە میللەتانی ئەم جوگرافیایانە لەبیر لەدەرچوونی هەژموونی چەند سەدساڵەی ئەوروپاو ئەمریکا بکەنەوە.

جەنابی سەرۆک، لێتان ڕوونە کە تائەندازەێکی زۆر عێراق لە پڕۆژەی ستراتیژی ئابووری ـ سیاسی ـ کۆمەڵایەتی وڵاتێکی زلهێزی جیهان کەکۆماری چینە ( نەخشەی ڕێگای حەریر ـ پشتێنەو ڕێگا ) دەرهێنراوە لەلایەن ڕۆژئاواوە ئەمیش لەڕێگای دەوڵەتی کوەیت و بونیادنانی مینای موبارەک و دوواتریش زەوتکردنی خۆر زوبێر و مینای ئوم قەسر و کەنارە دەریاییەکانیش بەم شێوەیە عێراق وکۆماری چینیش بێ هیوا بوون لەبەشداری عێراق لە ڕێگای دەریاوە ( ڕووخاندنی حکومەتی عادل عبدالمهدیش پەیوەست بوو بەم پڕۆژەیەوە ) بۆیە تاکە ڕێگای درێژەدان بەم پڕۆژە ستراتیژیەی چین بۆگەیشتن بەدەریایی سپی ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپاو باکووری ئەفریقیا و ئاسۆ جوگرافیاییەکانی تر ڕێگایی ووشکانی یە، ئەمیش تاکە ڕێگا هەرێمی کوردستنانە، هەرچەندە ئەمریکاو هاوپەیمانانی زوو هەوڵیاندا ئەم ڕێگایە دابخەن بەزیندووکردنەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان وڕادەستکردنی ئەفغانستان پێیان و ئێستاش دەستپێکردنی هەژموونی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئێران دوای هەژموونی چەندساڵەی ئابووری، هەڵبەتە هەرێمی کوردستانیش لەم هەژموونە گورزی گەورەوکاریگەری بەرکەوتووە وەک ڕاگرتنی نەوت لەدادگای پاریس و سەپاندنی باڵادەستی ناوەند بەسەر هەرێمەوەو ئەمانەش چەند تاکتێکن لەستراتیژیایی ئەمرکاو هاوپەیمانان کەتێگەیشتنیان وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا زۆر پێویستە وکارکتەری هەڵبژاردەی گەڕەکە ئەم دۆسێیە بگرێتە ئەستۆ.

لەم هاوکێشە قورسانە ئێمە خۆمان بێدەنگ وبێ دەسەڵات پێشان داوە، فاکتەری سەرەکی ئەم بێ دەسەڵاتیەشمان دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە هەرچەند دۆخە سیاسیەکە شپرزە وناسەقامگیربێ لاوازی و بێ ڕۆڵی زێترمان لەنێو هاوکێشەکان دەردەکەوێ و هەمان ئەزموونی  مێژوویی دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی خۆی دەخاتەوە ڕوو بۆ میللەتەکەمان.

لەدوای جەنگی ئۆکتۆبەری 1973 ی عەرەب ـ ئیسرائیل و سەرکەوتنی میسر و دوواتریش دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی میسرو ئیسرائیل و چوونی محمد ئەنوەر سادات بۆ ئیسرائیل هەموو جیهانی عەرەبی کەوتنە دژایەتی سادات و میسر ولەڕێکخڕاوی کۆمکاری عەرەبی دەریانکرد وبارەگاکەشیان لەقاهیرەو گواستەوە تونس و پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابووریەکانیان لەگەڵ بڕین وبەخائنی ئاینی ئیسلام و نەتەوەی عەرەب لەقەڵەمیان دا، وەڵامی سادات ئەوەبوو (ناکرێ تا کۆتایی هەربجەنگین و ئێمە گەل و دەوڵەتی میسرین لەهەموو ڕووێکەوە گەورەین و لەمێژووشدا هەروابووە گەورەکان باجی گەورەتر بدەن ) دوای دەیان ساڵ  لەتیرۆرکردنی سادات ئێستا ووڵاتانی عەرەبی هاتوونەتە سەر پیادەکردنی ستراتیژیەکەی سادات لەڕێککەوتن وگونجان لەگەڵ دووژمنەکەیان !! بەپێچەوانەشەوە کارەکتەرە گەورەکان ئۆباڵی گەورەتریان دەکەوێتە سەرشان ئەگەر لەچرکەساتە هەستیارەکاندا قوربانی گەورەتر نەدەن.

جەنابی سەرۆک، نەک من بەڵکو زۆرینەی میللەتەکەمان لەو قەناعەتین کە بەڕێزتان دەتوانن ڕۆڵی میحوەری و یەکلاکەرەوە ببینن لە چاککردنی پەیوەندییەکان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، چونکە واقعی سیاسی ئەوەمان پێدەڵێ کەئەم دووهێزە جووتە شاباڵی هەرێمی کوردستانن بەهەموو لایەنە نێگەتیڤ وپۆزەتیڤەکانیانەوە. پێمان ووایە کاتی ئەوە هاتووە بەڕێزتان لەدەرەوەی حزبایەتی و وەک مەرجەعی ڕاستەقینەی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ڕۆڵ ببینن، بەتایبەتی دوای کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان و شەهیدکردنی د. قاسملۆو زیندانی ئۆجەلان و نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت، تەنها بەڕێزتان ماوون کەبەئینسافەوە هەموو لایەنە سیاسیەکان کۆبکەنەوەو دووبارە پڕۆسەێکی سیاسی بنەخشێندرێ بێ ئەوەی هێڵی سوور بەسەر هیچ حزب و لایەن و کەسایەتێک بهێنرێ، هەموومان دەزانین هەژموونی ئیقلیمی زۆر بەهێز هەیە بەڵام کاری دەستەجەمعی و کۆگیری بەرگەی هەژموونی بەهێزیش دەگری. ئێستا چرکەساتێکی مێژووییە و کاتی جولەی بەڕێزتانە بۆئەوەی هەمیشە بەگەورەیی لەمێژووی ئەم میللەتە غەمناکە بمێنیەوە.

سەرچاوە : خەندان