سروە نوری عەزیز
لەیادی کۆچی دوایی رەوانشاد مەلانوری دەروێش عەزیز ١٩٣٠ - ٢٠١٦
"چاوەکەم زانیوتە بۆچی خەو لە چاوم ناکەوێ
چونکە من پێش خزمەتم، پێش خزمەتتان نانون شەوێ"
دنیای باوکم هەروەک هزروبیری زۆر فراوان بوو. دنیاکەی هێندە رەنگاورەنگ بوو هەمیشە هەموو رەنگە جیاوازەکانی پەلکەزێرینە بە ئاسانی خۆیان دەردەخست. تیشکەزێرینەکانی خۆر هەمیشە لەسەر شەونمی کتێبەکانی بە چەندین رەنگی جیاواز خۆیان دەنواند.
لە یادمە، کاتی زەردەپەڕ، کاتێ دوکانەکەی دادەخست، لەبەر خانەقاوە بە شەقامی کاوەدا، بەرەو کتێبخانەکانی شار بەرەوژوور دەبۆوە... سەرەتا سەردانی کتێبخانەی سلێمانی دەکرد، لەوێ لە هەواڵی کتێب و گۆڤاری نوێی دەپرسی. ئەوەی دەیویست دەیکڕی و پاشان بەرەو کتێبخانەی بێکەس زیاتر بەرەو ژوور دەبۆوەوە... لە رێگای گەرانەوەشیدا چەند کتێبخانەیەکی دیکەی بەسەردەکردەوە. کاتێک کە دەگەیشتە ماڵەوە دەمێک بوو خۆر لە پشت گڵەزەرەدەوە چاوەکانی لەیەک نابوو، بەڵام کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤار و کتێب ماڵەکەمانی رووناک دەکردەوە. باوکم زۆر لە خەمی خوێندن دا بوو، بەتایبەتی خوێندنی کچان، هەمووجار بەم پارچە شیعرەی "ئەحمەد موختار بەگی جاف" گرنگی خوێندنی بە یاد دەهێناینەوە:
"بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە ئەسیری پەنجەی جەهلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ، نۆرەی زەفەرتانە"
باوکم، کە بە مەلا نوری دەروێش عەزیز ناسراوبوو، لە ساڵی ١٩٣٠ لە گەرەکی سەرشەقام[1] لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری سلێمانی لە ئۆگەستی ساڵی ٢٠٠٠ دا بەم شێوەیە باسی گەرەکی سەرشەقام و بنەماڵەکەمان دەکات: " گەرەکی سەرشەقام، کە بە سێهەمین گەرەکی شاری سلێمانی دەژمێردرێت پێکهاتووە لە (جوولەکان، چوارباخ، داری شێخ هەباس، هۆمەرمەندان، کونجێ، حەوشی پەستەک سوور، شیوی قازی). لەلایەن بنەماڵەی عەبدورەحمان سێ شەش و حاجی سەید هۆمەر باخەوان و عەزیز ئاغا و برایم ئاغای هولەوەیس لە ساڵی ١٨٠٠ دا دروستکراوە. عەبدورەحمان سێ شەش باپیرە گەورەی منە و سێ شەش لە حساباتی کەشناسیەوە ببوە نازناوی".
باوکم سەرەتا، لە ساڵی ١٩٣٩ لە لای مەلا لە حوجرە لە مزگەوتی شێخ حسێنی قازی لە گەرەکی سەرشەقام، خوێندویەتی. لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٤ بە ئێواران چۆتە قوتابخانەی زانستی بۆ ئەوەی فێری زمانی ئینگلیزی ببێت.
هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە زۆر خولیای بۆ کتێب و خوێندنەوە هەبووە. بە بەردەوام هەر رۆژنامە و گۆڤار و کتێبێک دەربچوایە دەیکڕی. لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بەشداری لە گۆڤاری گەلاوێژ دا کردوە.
باوکم خولیایەکی دیکەی، جگە لە خوێندنەوە و کۆکردنەوەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامە، هەبوو... ئەویش خولیای وێنەگرتن و بەدۆکومێنتکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە شاردا ڕوویاندەدا. لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە خاوەنی کامێرای خۆی بووە. هەمیشە کامێراکەی ئامادەبوو، چی ڕوویبدایە لە گەرەکدا، یا لە شاردا وێنەی دەگرت.
یەکێک لەو رووداوانەی کە باوکم دەیگێڕێتەوە و وێنەی گرتووە، ساڵی ١٩٦٥ لە کاتی نەبوونی نەوت و گرانیدا بە هۆکاری ئەوەی کە سەرۆکی ئەو کاتەی ئێراق عەبدولسەلام عارف، هاتنی نەوتی بۆ سلێمانی قەدەغەکردبوو، دەیگوت "نەوت بۆ شاری سلێمانی مەنێرن بەڵکو ئەم زستانە لەسەرما رەقببنەوە".
(ئێستاش، زیاتر لە پەنجاساڵ دوای ئەم رووداوە، دوای ئەو هەموو قوربانیە، لە بەغدا هەر هەمان سیاسەتی عەبدولسەلام عارف دەگوزەرێ).
کتێبخانەکەی باوکم گۆڤار و کتێبی قەدەغەی زۆری تێدابوو.
لەگەڵ ئەوەی کە زۆرجار لەسەر کتێبێکی قەدەغە یا وێنەیەکی قەدەغە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا ماڵیان بەسەر خاوەنەکەیدا دەڕووخاند، بەڵام هەرگیز باوکم نەیدەتوانی دەستبەرداری کتێب و گۆڤار و وێنە قەدەغەکراوەکان ببێت. لە ساڵانی شەستەکاندا گوێسەوانەی ماڵەکەمان ببووە حەشارگە بۆ گۆڤار و کتێبە قەدەغەکان. لە حەفتاکان و هەشتاکانیشدا، نهۆمە نهێنیەکەی دوکانەکەی، کردبووە ماڵێکی دڵنیا و ئارام، بۆ کتێب و گۆڤار و وێنەکان... هەندێجار دەیگوت "ڕۆژێک هەر دێ بتوانم بیانخەمە بەر تیشکی خۆر و شار لە ئامێزیان بگرێت".
باوکم مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو، دڵسۆزی کوردستان و وشەی کوردی بوو. دژی نارەوایی و گەندەڵی بوو. لە ساڵی ١٩٤٦ و تا ساڵانی پەنجاکانیش بەهۆکاری نەخۆشی چەندینجار سەردانی بەغدای کردوە. هەروەک لە ژمارەی ١١٨ ی گۆڤاری سلێمانی ساڵی ٢٠١٠ دا خۆی دەڵێت : "لەساڵی ١٩٤٨ دا لە شاری بەغدا بەشداری رێپێوانێکی گەورەی کوردەکانم کرد کە لە شەقامی رەشیدەوە بە بەشداری هەزاران لاو و پیری کورد کرا بۆ داخوازی داواڕەواکانی کورد، کە لە سەردەمی وەزارەتەکەی ساڵح جەبردا بوو، چەند شەهیدێکیش لەو خۆپیشاندانەدا خوێنیان بەخشی...".
زۆر بە داخەوەم بابەگیان کە نەک نەوەکەی تۆ بەڵکو نەوەی نەوەکەشت، ئەمرۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هەمان ماف و داخوازیەکانی گەلی کورد لەسەر شەقامەکانی کوردستان و ئەوروپاش بەشداری خۆپیشاندان دەکەن.
باوکم هەر لە تەمەنی شانزدە ساڵیەوە، رۆژژمێری بەکاردەهێنا. هەموو ساڵێک ڕۆژمێری نوێی دەکڕی. لەم رۆژژمێرانەدا رووداوە گرنگەکانی تایبەت بە شاری سلێمانی و کوردستانیشی، جگە لە رووداوەکانی نێو خێزان و گەرەک، تۆماردەکرد.
"ئەو رۆژژمێرانە گەنجینەیەکن لە مێژووی شار کە باوکم بۆی بەجێهشتووین. بەو هیوایە کات هاورێم بێ و رووداوە گرنگەکانی نێو رۆژژمێرەکان لە بەرگێکدا کۆبکەمەوە و ئەو مێژووە لە فەوتان بپارێزم".
باوکم بە مەلا نوری ناسرا بوو. بەڵام هیچ کاتێک مەلایەتی نەکردوە بەڵکو لە دوای حوجرە، لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمە خوێندویەتی و شارەزاییەکی زۆری لە ئایینە جیاوازەکاندا هەبوو. هاورێی جوو، کریستیان تەنانەت هاوڕێی کۆمۆنیستیشی هەبوو.. خواکەی باوکم مرۆڤدۆست و میهرەبان و ئاشتیخواز بوو.
کە بیر لە خاسیەتە تایبەت و بەرزەکانی باوکم دەکەمەوە وەکو مرۆڤێکی خاوەن ئاینی بودیزم م دێتە پێشچاو.
لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، ئەرشیفی کتێبخانەکەی لە هاوکاریکردنی گۆڤاری سلێمانی دا بەکاردەهێنا، خۆشی بە بەردەوامی لە گۆڤاری سلێمانیدا وتاری دەنوسی و وێنەی کۆنی مێژوویی شاری بۆ گۆڤارەکە دەنارد. ئەندامێکی چالاک بوو لە کۆمەڵەی کەلەپووری کوردی دا... دۆستێکی دڵسۆزی بنکەی ژین بوو.
گۆڤاری سلێمانی نازناوی "خەمخۆری شار" یان بۆ باوکم دانابوو.
زۆر بە داخەوەم کە دووروڵاتی ڕێگای نەدام ماوەیەک لە نزیک باوکمەوە بژیم...
بەتایبەتی لە ساڵەکانی دوایی ژیانیدا، تابتوانم لە نزیکەوە گوێرادێری ئەو گەنجینەیە بم لە مێژووی شار و بەسەرهاتی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی و مێژوو و کولتووری شار لە سەردەمی لاوێتی ئەودا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٩ ی مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٦، زەنگی تەلەفۆنەکە رایچڵەکاندم... زەنگێ هەرگیز لە هزرمدا دەرناچێ:
ماڵئاوا بابە گیان... ماڵئاوا خەمخۆری شار
"ئەمن ئەمرم بەڵام وێنەم ئەمێنێ هیوام وایە کە گەل خۆشی ببینێ"