مێژووی گوێبڕین، داخکردن و سەرتاشین لە عیراقدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 

رێگا جیاوازەکان بۆ ئەشکەنجەدانی مرۆڤ، نوێ نین، لەوەتەی مرۆڤ لەم سەرزەمینەدا هەیە، مرۆڤە سەردەستەکان بەشێوەی جیاواز سزای ژێردەستەکانی خۆیانیان داوە. بەمانایەکی دیکە، هەرکاتێک ژێردەستەکان ویستبێتیان بەهەر رێگایەک بێت خۆیان رزگار بکەن، یان پێچەوانەی ویستی سەردەستەکانیان بووبن، ئەوا لە رێگەی سزا و ئەشکەنجەی قورسەوە بەهای ئەو مرۆڤانە هێندە شکێنراوە، نەتوانن جارێکی دیکە هەوڵی هیچ جۆرە جوڵە و راپەڕین و شۆڕشێک بدەن.

عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی مرۆڤی تێدا تاقیکراوەتەوە. ئەم وڵاتە جیاواز لەهەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە نەک شێوازەکانی ئەشکەنجەدان لە توندەوە بۆ ئاساییبوونەوە نەڕۆشت، بەڵکو رێگاکانی ئەشکەنجەدان لە جەنگی هۆزەکانی نەجەف و کەربەلاوە بۆ بەعسییەکان و تاکو ساڵی 1994، هەمیشە لە گەشەو برەودا بوون و دەمەزەرد کراونەتەوە.

گوێبڕین و دەستبڕین

یەکەمجار ئەم سزایە بۆ ئەو سەربازانە دەردەکران کە لەبەرەکانی جەنگ دەڵدەهاتن، سەرەتا بڕینی بەشی سەرەوەی گوێچکەی بوو، ئەگەر ئەم کارەشی دووبارە بکردایەتەوە ئەوا گوێیەکەی تریشیان دەبڕی. لە حاڵەتی سێیەمیشدا ئەوا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچوو.

لە شاری ناسریە و لە ساڵی 1994دا کاتێک کەسێک بەدەستێکی بڕاوەوە پزیشکێکی کوشت، ئیدی بەعس یاسای ژمارە 117ی دەرکرد و لەیاساکەدا هاتووە «هەر پزیشکێک یارمەتی جوانکاری ئەو کەسانە بدات کە شوێنێکی جەستەی لەسزادا بڕاوە، ئەوا ئەویش تووشی سزای دەستبڕین دەبێتەوە»

ئەمەش بۆئەوەی هاووڵاتیان هەمیشە چاولەخواربن، بەعس ‌‌لەکۆتایی هەر یاسایەکی لەم جۆرەدا دەیوت «هەرکەسێک کارێکی نیشتمانی ئەنجام بدات، ئەوا دەستکاری یاسای گوێبڕین و دەستبڕینەکەی بۆ دەکەین»

ناوچەوان داخکردن

بەپێی قسەی سەربازێکی عیراقی کە هەڵهاتووە لە عیراق گەیشتۆتە کوێت، دەڵێت: تا ساڵی 1993 نزیکەی 2000 سەربازی ناوچەوان داخکراوی عیراقی هەبووە، نووسەر کەنعان مەکییەش دەڵێت «لە شۆڕشی نوێی گەلی کوردیشدا کاتێک ژمارەیەکی زۆر سەربازی عیراقی بەدیل دەگیرێن، دەبینن 800 سەربازیان ناوچەوانیان داخکراوە»

بەعس بۆ ئەم سزادانە یاسای ژمارە 109ی دەرکرد، یاساکە بەپێی جۆری تاوانەکە ناوچەوانی داخدەکرد، ئەمەش یان دوو هێڵی هاوتەریب بەهێمای (یەکسان) بەدوو شیشی سورکراو داخدەکرا، یان لەشێوەی پیتی ئێکس (X)ی ئینگلیزی بوو.

خواریزم نمونەی باڵای سەدام

بەپێی بۆچوونی (شالجی) سەدام حسێن بۆئەوەی مرۆڤ تائاستی تێکشکان و تەریککردن ببات و بیخاتە دەرەوەی ژیانی راستەقینە، سزای ناوچەوان داخکردنی لە چیرۆکێکی مێژوویی وەرگرتبوو بەناوی (خواریزم)، ئەم خواریزمە لەسەدەی دەیەمدا گوایە نووسەرێکی عەرەبی خیانەتکاربووە، فەرمانڕەواکەی ناوچەوانی داخکردووە، لەدوای ئەوەش خواریزم هەرگیز نەدەچووە ناو خەڵک و کۆمەڵ، هەرکاتێکیش بیویستایە بچێتەناو کۆبوونەوەیەکەوە دەبوو دووجار مێزەرەکەی بەدەوری سەریدا بپێچێتەوە بۆئەوەی شوێنی داخکردنەکەی دەرنەکەوێت و وەک عەیبەیەک لێی نەڕوانن.

لاقەکردن و چاوشکاندن

خێڵەکانی تکریت کە سەدام کوڕی ئەو مێنتاڵێتەیە، دەستێکی باڵایان هەبوو لەسزادانی نەیارەکانیاندا لە رێگەی چاوشکاندن و لاقەکردنەوە، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا هەر حاکمێکیان بەدڵ نەبوایە، داوەتیان دەکرد بۆ ماڵی سەرۆک خێڵێکی دیکە، لەکاتی گەڕانەوەشدا کۆمەڵێک چەکداری دەمامکداریان دەناردە رێگاکەی، تا هێزیان تێدا هەبوایە لە حاکمەکەیان دەدا، پاشان لاقەی ژن و کچەکانیان دەکرد، دوابەدوای ئەمەش دەمامکەکانیان لادەبرد و خۆیان ئاشکرا دەکرد، بەمەش حاکمەکە کەسێتی دەشکێنرا و ناچاردەبوو تکریت بەجێبهێڵێت.

سەرتاشین و سمێڵتاشین

لەکۆنەوە بۆ ئێستا، سمێڵ لەمێنتاڵێتی زۆر خێڵ و هۆزدا نیشانە و رەمزی پیاوبوونە (پیاوەتییە)، ئەمەش لەو تێگەشتنە باوەوە سەرچاوەی گرتووە کە (سمێڵ) نیشانە و هێمای جیاکاری نێوان هەردوو رەگەزەکەی مرۆڤە.

هۆزەکانی نەجەف و کەربەلا کە ساڵانێکی زۆر لە شەڕی یەکتریدابوون و هەر ئەوانیش نەیانهێشت (ئەبوو جەعفەری مەنسوور) بەغدا لە شوێنی نەجەف و کەربەلادا بەناوی (شاری ئاشتی) بنیات بنێت، کاتێک دیلی هۆزێکی دیکە دەکەوتە دەستیان، پێش هەرشتێک سەر و سمێڵیان دەتاشی.

قسەیەکی گشتی هەیە دەوترێت ئەم خێڵانە بۆیە دیلەکانیان بە سەر و سمێڵی تاشراو دەناردەوە بۆ یەکتر و نەیاندەکوشتن لەهەندێک حاڵەتدا، چونکە پێیانخۆش بووە سەربازەکانیان کاتێک دیل دەبن بکوژرێن بەڵام بە سەروسمێڵی تاشراوەوە نەینێرنەوە بۆ ناو هۆزەکەیان.

مردن بە ئازارەوە

ئەم سزایانە ئەگەر مرۆڤ نەکوژن، ئەوا مرۆڤ دەخەنە دۆخێکی دەروونییەوە کە تا دەمرێت بە ئازارەوە بژی، ئازارێک کە هەموو جارێک تا لێواری مردنێک دەیبات و دیسان دەیگێڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، ئازار لەدوای ئازاریش دایدەبڕێت لە هەموان، کە مرۆڤیش دابڕا لە گشت و لە کۆمەڵگە ئیدی ئەوە جۆرێکە لە مردنی لەسەرخۆ، کە مرۆڤ دابڕا لە کۆمەڵگە ئیدی هەموو جۆرە ژیانێک بۆ ئەو مردنە، هەموو ناو چواردیوارێکیش بۆ ئەو گۆڕە!

مرۆڤ لەدوای ئەم سزایانە ناگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، بەڵکو دەگەڕێتەوە ناو جیهانێک لە ئازار و مەرگەسات، دەگەڕێتەوە بۆ ناو کەشوهەوایەک کە هیچی لە کەشوهەوای پێش سزاکان ناچن و هەموو شتێک بە ئەو نامۆ و دەستکاریکراوە.

ماسۆشێست و سزا

مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت چێژ لە سزادان (ماسۆشێست) ببینێت، مرۆڤی ئاسایی لەگەڵ سزادان و ئەشکەنجەدانی ئەوانی دیکە گەورە نەبووە، بە پێچەوانەوە ئەو مرۆڤانە هەمیشە چێژیان لە سزادانی ئەوانی دیکە بینیووە کە هەڵگری رۆحێکی دیکتاتۆرانە و تاکڕەوانەن، چونکە هەمیشە بەو ئاراستەیە کاردەکات هەموو شتێک لە چواردەوریاندا لە رێگەی سزاوە بێدەنگ و چاوشۆڕ و چاوشکێن ببێت و بۆ هەمیشە بێدەنگی بکەن. وەک چۆن مەهامی یەکەمی سەدام و دەستوپێوەندەکەی ئەوە بوو.

لەبەردەم مۆدێلێکی نوێدا

بەپێی خولگەی مێژوویی، ئەم جۆرانەی سزا ناوبەناو دەردەکەونەوە، هەرکاتێکیش لەهەر جوگرافیایەکی سیاسیدا دەرکەوتنەوە، ئەوە نیشانەی رۆژگار و سەردەمێکی خراپە لەو شوێنەدا؛ واتا ئەم سزایانە لە هەر کات و شوێنێکدا دەربکەون، مەترسییە بۆ رۆژگارێکی کارەساتبار و بەمێگەلبوونی کۆمەڵگە و مۆڵگەبەستن و بێدەنگی، هەموو بێدەنگییەکیش سەرەتای دەرکەوتن، یان بەهێزبوونی دەسەڵات و ویستێکی ماسۆشێستیانەیە و نابێت قبوڵ بکرێت و رێگە بدرێت گەورەببێت و گەشە بکات و لە مۆدێلێکی نوێدا خۆی بەیان بکاتەوە.

 

سەرچاوە: پۆلەتیک پرێس