به‌ختیار محه‌مه‌د
1- ((ئه‌گه‌ر هه‌موو گه‌نجینه‌یه‌كت تاقی كرده‌وه، ڕاستگۆیی باشترینیانه))
2- ((ئایا نازانی، كه درۆی ڕاسته‌قینه… بۆ خواوه‌ندان و بۆ خه‌ڵكیش وه‌كو یه‌ك قێزه‌ونه؟))
كه‌س نازانێ كه‌ی مرۆڤ فێره درۆكردن بووه؟
ئایا درۆكردن دیارده‌یه‌كی شارستانییه؟
ئایا پێویستییه‌كی مرۆییه و به‌رهه‌می به‌رژه‌وه‌ندی و ناكۆكی و ملانێكانه؟
ئایا سه‌ره‌تا درۆ له نێوان كێ و كێ – دا ده‌ستی پێكردووه و په‌یدا بووه؟
له چ شوێنێكی ئه‌م جیهانه و له چ كات و ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی‌دا درۆ كراوه و سه‌ری هه‌ڵداوه؟
ئایا درۆ هۆكارێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌كه‌وه مرۆ به‌رده‌وامیی به ژیانی خۆی بدا و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هۆكارێك بووه بۆ تاوان و ماڵوێرانیی؟
ئایا مرۆڤ (مرۆڤایه‌تی) ده‌توانێ به‌بێ درۆ بژی؟
ئه‌گه‌ر ده‌توانێ بۆ ناتوانێ درۆ نه‌كا و بۆ واز له درۆ ناهێنێ؟
ئایا درۆكردن به پله‌ی یه‌كه‌م پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه؟ ئه‌ی ئایین چۆن ده‌ڕوانێته درۆ؟ بۆ به ڕه‌هایی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه؟ ئه‌ی هه‌ڵوه‌ستی فه‌لسه‌فه له ئاست درۆدا چییه؟ ئایا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه هه‌یه، كه چه‌مكی درۆ ڕه‌ت نه‌كاته‌وه و به كارێكی خراپ و قێزه‌ونی نه‌زانێ؟ ئایا هه‌ر كۆمه‌ڵگه نییه، كه درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ و هه‌ر ئه‌ویش نییه، كه ده‌توانێ له‌ناوی ببا؟ ئایا درۆیه‌كان جیاوازن؟ واته جیاوازن له ئاستی كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وی دیكه و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا؟ واته ئاستی خراپی درۆی سیاسی وه‌ك درۆی كه‌سیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه؟ ئایا هه‌رگیز درۆی ئابووری و بازرگانی به درۆی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌راورد ده‌كرێ؟ ئایا، كه ده‌سه‌ڵات (سیاسه‌تمه‌دار) درۆ ده‌كا، وه‌كو ئه‌وه‌یه، كه دراوسێ و هاوڕێكه‌ت درۆت له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ ئایا، كه درۆ زۆرجار ئامراز و هۆكاری تاوانه، ئامراز و هۆكارێكی به‌رگرییش نییه: به‌رگرییكردن له خۆ؟ به‌ڵام مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ی درۆ له چ بوار و له چ ئاستێكدایه؟ له بوار و ئاستی سیاسی؟ یانیش له بوار و ئاستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ ئایا، كه ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز وه‌كو ئه‌وه‌یه، كه بێ ده‌سه‌ڵات و ناده‌سه‌ڵاتدار درۆ ده‌كه‌ن؟… هیوادارم له‌م وتاره‌مدا بتوانم به پێی توانا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه و هه‌ندێك به تێر و ته‌سه‌لی له‌م چه‌مكه (دیارده‌یه) بڕوانین و بدوێین.
پێده‌چێ به‌ر له‌هه‌ر شتێك درۆ (وه‌ك زۆر دیارده‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی) به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ژیار بێ. واته درۆ یه‌كێكه له به‌رهه‌مه نه‌رێنییه‌كانی په‌ره‌ستاندنی ژیار. پێشده‌چێ پره‌نسیپی (سه‌ره‌تای) درۆ، به‌ره‌ژه‌وه‌ندی بێ؛ جا ئه‌م به‌رژه‌وه‌نده چ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی بێ، یان به‌رژه‌وه‌ندی كۆمهڵهكیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێ. پێده‌چێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێوه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاتی (به‌رژه‌وه‌ندی) جیاوازی چینایه‌تییه‌وه هه‌بێ: به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازی چینه‌كان، به‌های درۆی به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێ. واته هه‌رده‌م له پشت درۆكردندا جۆرێك له ده‌سه‌ڵات هه‌یه: ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ته‌نانه‌ت تاكه‌كه‌سیش. واته درۆكردن پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه: ترس له ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بێ؛ به‌ڵام گه‌وره‌ترین ترسی درۆ له حه‌قیقه‌ته، حه‌قیقه‌تی كه‌شفكردنی خۆی، بۆیه زۆرجار درۆ، یان ده‌سه‌ڵات، یانیش تاكتیك و فرت و فێڵ دژ به حه‌قیقه‌تی ئاشكرابوونی خۆی به‌كار ده‌هێنێ. له ژیاری ئێمه‌دا درۆ هه‌ر ته‌نیا دیارده‌یه‌كی قێزه‌ونی زیانبه‌خش نییه، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی ژیاریی سوودبه‌خشیشه. ماده‌م سته‌م هه‌یه، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ. ماده‌م ترس (ترساندن) هه‌یه، ده‌شێ درۆی سوودبه‌خشیش هه‌بێ: درۆی فریاكه‌وتن (ئه‌گه‌ر بشێ ئه‌م ناوه‌ی لێ بنێین). ئه‌م جۆره درۆیه پلاتۆ (ئه‌فلاتوون) پێی ده‌ڵێ: ((درۆی گۆكراو{ملفوظِ})). به‌م شێوه‌یه‌ش وه‌سفی ده‌كا: ((درۆی گۆكراو هیچ نییه جگه له لاساییكردنه‌وه و وێنه‌یه‌كی كاڵی بارێكی ده‌روونی به‌ر له درۆكه، نه‌ك درۆیه‌كی ته‌واو…)).(3) هه‌ڵبه‌ت درۆ هه‌ر پرسێكی (كێشه‌یه‌كی) ئه‌خلاقیی نییه، به‌ڵكو پرسێكی (گرفتێكی) گه‌وره‌ی فره‌ڕه‌هه‌ندی مرۆڤی سه‌رده‌مه. ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین، ناتوانێ به‌بی درۆ بژی: درۆ خه‌سڵه‌ت و میكانیزمێكی بنچینه‌یی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخی سه‌رمایه‌دارییه. به‌رچاوترین درۆی ڕۆژانه، كه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ده‌یبینین، ڕیكلامهكانن بۆ شمه‌ك و كاڵاكان: له‌مه‌وه به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه چۆن به‌رژه‌وه‌ندی درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: درۆی پێویست و زه‌روری. ئه‌م درۆیه درۆیه‌كی ئه‌خلاقییی نییه، به‌ڵكو درۆیه‌كی ئابوورییه؛ به‌ڵام ئایا هیچ درۆیه‌ك هه‌یه، كه له پرسی ئه‌خلاق به‌دوور بێ؟ ڕاستییه‌كه‌ی درۆ دۆڕاندنی ئه‌خلاقه. واته كه‌ی ئه‌خلاق نه‌ما، ئه‌و كاته درۆ ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌و كاته‌ی ئه‌خلاق وێران ده‌كرێ، ئیدی پرۆسه‌ی درۆكردن به سیستماتێك له كۆمه‌ڵگه‌دا و له ژیانی تاكدا ده‌ست پێ ده‌كا. ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كاره‌ش ئه‌نجام ده‌دا – به پله‌ی یه‌كه‌م – ده‌سه‌ڵاته. هیچ هێزێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات پێویستی به‌تێكشكاندنی ئه‌خلاق و پێویستی به وه‌زیفه‌ی درۆكردن نییه. ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌ی، كه ده‌سه‌ڵات هه‌میشه شه‌رعیه‌تی پێ ده‌دا. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاری ناشه‌رعی، شه‌رعیه‌ت به درۆكردن و پرۆسه‌ی درۆكردن ده‌دا. ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار ئه‌گه‌ر درۆ نه‌كا، ناتوانێ هه‌بێ. درۆ ئۆكسجینی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره. ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك ماكیاڤیللی پێی وایه، كه ((سه‌ركه‌وتنی ئه‌سكه‌نده‌ری شه‌شه‌م بۆ درۆیه سه‌رسووڕهێنه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه)).(4) ئه‌فلاتوونیش به‌م شێوه‌یه ڕه‌وایه‌تی به‌درۆی فه‌رمانڕه وا و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌دا و ته‌نیا به ئیمتیاز و به مافێكی ڕه‌وای ئه‌وانی ده‌زانێ و ده‌ڵێ: ((ئه‌گه‌ر درۆ بۆ كه‌سێك بشێ، ئه‌وا ته‌نها بۆ فه‌رمانڕه‌وایان ده‌شێ، ئه‌ویش بۆ فریودانی دوژمن و بۆ باوه‌ڕپێهێنانی خه‌ڵكی بۆ چاكه‌ی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌رنا بۆ هیچ كه‌سێك ڕێگه پێدراو نییه، كه له‌م ئیمتیازه‌دا به‌شدار بێ، به‌ڵكو ئێمه وای داده‌نێین، كه درۆكردنی خه‌ڵك بۆ زه‌ره‌ری ده‌وڵه‌ت یه‌كسانه به درۆكردنی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كه‌ی و شاگرد له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی له باری ته‌ندروستییه‌كه‌ی و درۆی كه‌شتییه‌وان له‌گه‌ڵ كاپتنه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی كه‌شتییه‌كه و ده‌ریاوانه‌كانی…)).(5) هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: (( كه فه‌رمانڕه‌وایان ناچارن زۆر په‌نا بۆ درۆكردن و چه‌واشه‌كردن ببه‌ن له پێناو سوودی پێڕه‌وانیان. ئێمه پێشتر گوتمان، كه ئه‌م جۆره درۆیه به كه‌ڵكه به‌و سیفه‌ته‌ی كه ده‌رمانه.)).(6) درۆ زۆربه‌ی جار – له‌سه‌ر ئاستی تاكدا – ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه: هه‌ستكردن به كێماسی ده‌شێ درۆ (كه‌سایه‌تییه‌كی درۆزن) به‌رهه‌م بهێنێ. لێره درۆ ئامرازی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه: قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كێماسییه‌كانی ژیانی تاك؛ تاكێك، كه له ئاست تاكانی دیكه‌دا خۆی به كه‌متر ده‌زانێ. ئه‌م حاڵه‌ته هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی چینایه‌تی، هه‌م ڕه‌هه‌ندێكی خودی و زاتیی هه‌یه. ده‌شێ بڵێین تاك لێره كه‌سێكی درۆزن نییه، به‌ڵكو وه‌همداره. واته وه‌همی چیرۆكی گۆڕینی واقیعی هه‌یه. ئه‌و به درۆ خۆی ده‌كاته كه‌سێكی پاڵه‌وان. به تایبه‌تی ئه‌مه له ئاست نموونه‌ی كه‌سه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕوو ده‌دا. واته كه‌سی درۆزنی وه‌همدار، به داتاشینی چیرۆكی درۆ خۆی ده‌كاته هاوبه‌شی كه‌سه به‌رپرسه‌كانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌و له چیرۆكێكی خه‌یاڵیدا، كه خۆی دایتاشیوه، ده‌بێته ئه‌ندامێكی پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئیدی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسی بێ یان كۆمه‌ڵایه‌تی یانیش ئابووری، گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه، كه ئه‌م كه‌سه له ئازاری واقیعی كه‌مسه‌ری ڕزگاری ببێ، بۆیه‌ش چێژ له هه‌موو وههم و هه‌موو درۆكردنێك وه‌رده‌گرێ. هیچ شتێك هێنده‌ی ده‌سه‌ڵات (به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه ته‌قلیدییه‌كاندا) مرۆڤ شه‌یدای خۆی ناكا. له‌مه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات كه‌سی درۆزن و ماستاوچی به‌رهه‌م ده‌هێنێ؛ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هیچ پێگه‌یه‌كیان نییه، بۆیه ده‌یانه‌وێ له ڕێی درۆ و مهراییكردنهوه، پێگه‌یه‌ك له‌ناو ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتدا بۆخۆیان به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌م پێگه‌یه زۆربه‌ی جار پێگه‌یه‌كی پاشكۆییه. واته پێگه‌یه‌كه پاشكۆیی و كۆیله‌یی بۆ ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌می ده‌هێنێ. سه‌رله‌به‌ری پاسه‌وانه‌كان – له هه‌ر ئاستێكدا بن – ئه‌م پێگه‌یه‌یان هه‌یه: پێگه‌ی پاشكۆیه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات. ده‌بێ بزانین، هه‌ندێ جار درۆ، درۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێ. به‌نموونه ده‌ڵێم: من هه‌رچه‌ند ڕاستگۆ بووبم له ژیانی خۆمدا، به‌ڵام كه درۆم كردبێ، ئه‌وا – زۆربه‌ی جار – له ترساندا درۆم كردووه: ترس له دایك و باوك، له مامۆستایهكهم، له پۆلیس و ئاسایش، له هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك، كه ویستوویانه هه‌ڕه‌شه‌م لێ بكه‌ن. من به‌م شێوه‌یه درۆزن بوویمه: واته به شێوه ئه‌رێنیی و خۆپارێزییه‌كه‌ی (هه‌رچه‌ند به‌مه ناگوترێ درۆزن، كه سیفه‌تی هه‌میشه‌یی نه‌بێ). به‌ڵێ زۆر جار ترس له كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا درۆمان پێ ده‌كا؛ بۆیه درۆ هه‌ندێ جار پێویسته و ڕێی نه‌جاته (ڕزگاربوونه). ئه‌م درۆیه سوودبه‌خشه، زه‌ره‌رمه‌ند نییه. درۆیه‌كه ده‌شێ ژیانی كه‌سێك له مه‌ترسی ڕاسته‌قینه ڕزگار بكا (یان له هه‌ڵوه‌ستێكی زۆر ناخۆشی شه‌رمه‌زارانه). كێ له ئێمه هه‌یه جارێك له جاران درۆی سپی نه‌كردبێ؟ ئه‌و درۆیه‌ی هیچ زه‌ره‌رێكی نییه و ده‌شێ سوودی هه‌بێ. ئێمه هه‌ندێ جار به ناچاری درۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیشمان ده‌كه‌ین؛ هه‌ڵبه‌ت درۆی سپی، تا له فڵانه شت ڕازییان بكه‌ین و واز له گریان و لاساری و داخوازه ناماقووڵه زۆره‌كانیان بهێنن. به‌نموونه پێی ده‌ڵێین ئه‌و شته‌ی تۆ له هی برایه‌كه‌ت یان له هی خوشكه‌كه‌ت جوانتر و باشتره (خۆ ئه‌گه‌ر واش نه‌بێ)، تا واز له داواكارییه لاساره‌كه‌ی بێنێ و نه‌ڵێ منیش وه‌كو ئه‌وان و هی ئه‌وانم ده‌وێ؛ به‌ڵام نابێ درۆكردن له‌گه‌ڵ منداڵدا له‌م سنووره (سپییه) تێپه‌ڕێنێ، ئه‌گه‌رنا مه‌ترسیدار ده‌بێ و ده‌بێته درۆی ڕه‌ش (ترسناك). درۆی ڕه‌ش له‌ناو گه‌وره‌كاندا هه‌یه، نابێ له‌گه‌ڵ منداڵ به‌كار بهێندرێ. به‌نموونه ساده‌ترین درۆی ڕه‌ش ئه‌وه‌یه، كه به درۆ به‌ڵێنیان پێ بده‌ین ئه‌و شته‌یان بۆ ده‌كه‌ین، پاشان نهشیكهین و ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر جارێك و دووجار به‌ڵكو چه‌ندین جار دووبار ببێته‌وه و ببێته دیارده لای دایكان و باوكان و پهروهردهكارانیان.
له‌نێوان درۆی ڕه‌ش و درۆی سپی‌دا سنوورێكی ئه‌خلاقیی هه‌یه: هه‌موو درۆیه‌كی ڕه‌ش له به‌دڕه‌وشتییه‌وه سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا و به‌رهه‌می هه‌ره‌سی ئه‌خلاقه: ئه‌خلاقی تاك و ئه‌خلاقی كۆ؛ كه‌چی له درۆی سپی‌دا هێزی ئه‌خلاق به‌رجه‌سته ده‌بێ: ئه‌خلاقی یارمه‌تی دانی خود و ئه‌وی دیكه. ڕاستییه‌كه‌ی ماده‌م ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار و ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی هه‌یه، ئه‌وا درۆش به هه‌ردوو دیوه ڕه‌ش و سپییه‌كه‌ی (ئهرێنێنی و نه‌رێنییه‌كه‌ی) له ژیانی تاك و له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێ. ئایا درۆی خۆڕسكانه هه‌یه؟ واته ئایا هیچ مرۆڤێك هه‌یه، كه هه‌ر به‌خۆڕسك كه‌سێكی درۆزن بێ؟ ئێمه ده‌زانین منداڵ تا كه‌مێك گه‌وره نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تێكه‌ڵاو نه‌بێ و كارلێك نه‌كا، ناشزانێ درۆ بكا (واته درۆ لێره به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی عه‌قڵیشه). له‌مه‌وه پێناچێ مرۆڤ به خۆڕسك بوونه‌وه‌رێكی درۆكرده بێ. واته درۆ به‌رهه‌می په‌ره‌ستاندنی ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیاره. به‌نموونه: مرۆڤ فێربووه درۆ بكا، تا باشتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی – له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانی دیكه – بپارێزێ. فێربووه درۆ بكا، تا له‌ناو خێڵ و هۆز و گه‌له‌كه‌یدا خۆی بكاته ده‌سه‌ڵاتدار. كێ هێنده‌ی دیكتاتۆره‌كان درۆزنه (ئه‌وان داهێنه‌ری میدیای درۆزنن)؟ ئێمه درۆ ده‌كه‌ین، تا فێڵ له‌وی دیكه بكه‌ین. واته زیانی پێ بگه‌یه‌نین (هه‌ڵبه‌ت درۆی گه‌وره و ڕه‌ش). هه‌ر درۆیه‌ك زه‌ره‌رمان پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وا درۆیه‌كی گه‌وره و ڕه‌شه. واته درۆیه‌كی ترسناكه. درۆی ترسناك ئه‌وه‌یه، كه حه‌قیقه‌ت له‌ناو ببا. واته ڕاستی شته‌كان له‌ناو ببا. به‌نموونه بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانێك درۆ ده‌كرێ، تا ڕاستی كردنی تاوانه‌كه له‌ناو ببردرێ. ئه‌م جۆره درۆكردنه ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ بیكا. واته ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی درۆوه ڕاستی تاوانه‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه. ئه‌و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش بڕوا به درۆیه‌كانی نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و له‌ڕێی هێزه‌وه وه‌ك ڕاستی درۆیه‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێ. هه‌ركه‌سێكیش ئه‌م درۆیه ئاشكرا بكا، ئه‌وا ده‌شێ ژیانی بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. له‌مه‌وه ڕاستگۆیی و ده‌ستگرتن به ڕاستییه‌وه شتێكی دژوار و مه‌ترسیداره. ڕاستیگوتن دژی درۆكردنه، دژێكی ڕه‌ها؛ به‌ڵام هه‌ندێ جار درۆ له‌پێناو ڕاستیدا ده‌كرێ. ئه‌م درۆیه درۆی سپی و درۆی تاكتیكییه. واته درۆ لێره ده‌توانێ وه‌ك پهرژێنێك ڕاستیی (حه‌قیقه‌ت) بپارێزێ. ئه‌م جۆره درۆیه ڕاستییه، به‌ڵام به توێكڵی درۆ. واته ڕاستییه‌كه، كه له به‌رگی درۆدا خۆی ده‌رده‌خا. ئێمه ئه‌م جۆره درۆیه هه‌میشه له‌نێوان جه‌للاد و قوربانیدا به‌دی ده‌كه‌ین. جه‌للاد ده‌یه‌وێ به ئه‌شكه‌نجه‌دان دانپێدانان (ڕاستییه‌كان) به‌ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام قوربانی هه‌وڵ ده‌دا ئه‌م ڕاستییانه وه‌ك نهێنی له‌لای خۆی بپارێزێ، تا تاوانبار نه‌كرێ؛ چونكه جه‌للاد هه‌وڵ ده‌دا له‌ڕێگه‌ی دانپێدانانه‌وه (به‌ده‌ست هێنانی ڕاستییه‌وه) ڕاستییه‌كان بكوژێ. ته‌نانه‌ت جه‌للاد هه‌ول ده‌دا درۆش به كه‌سی قوربانیی بكا، تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕاستییه‌ك – ئه‌گه‌ر به درۆش بێ – به‌ده‌ست بهێنێ و بیكوژێ و له‌ناوی ببا. ڕاستییه‌كه‌ی وه‌زیفه‌ی جه‌للاد ئه‌وه‌یه، كه ڕاوه‌دووی حه‌قیقه‌ت بنێ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، كه جه‌للاد لێی ده‌ترسێ و دژی جه‌للاده. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار فۆبیای له ڕاستیی هه‌یه، هه‌ربۆیه‌شه ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌خنه قه‌ده‌غه ده‌كا، چونكه ڕه‌خنه جه‌وهه‌ری ڕاستییه. ڕه‌خنه ڕاستی دروست ده‌كا و ئاشكرای ده‌كا، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه؛ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه نه‌بێ، ئه‌سته‌مه ڕاستییش هه‌بێ. تا ئێستا، هه‌موو جیهانی پێشكه‌وتوو، ڕه‌خنه په‌یدای كردووه و به‌رهه‌می هێناوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه نییه؛ جنێو و جه‌نگ هه‌ن، به‌ڵام ڕه‌خنه وه‌ك فه‌لسه‌فه و فیكری فه‌لسه‌فی نییه؛ ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه له ئاسته هه‌ره ساده و سه‌ره‌تایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی نییه، بۆیه له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا عه‌قڵ (ڕه‌خنه و فیكر) بێ ده‌سه‌ڵاته و سۆز (دابونه‌ریت و ده‌مارگیریی و ئایین) باڵاده‌سته. لێره‌وه، كه ڕه‌خنه نه‌بوو، درۆ زۆر ده‌بێ: درۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی و … تاد. تۆ بنۆڕه! چۆن ڕێژه‌ی درۆ له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا یه‌كجار زۆره له‌چاو كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك سوید و دانمارك…؛ چونكه له‌وێدا مێژووی فیكری ڕه‌خنه ئازادی دروست كردووه، به‌ڵام لای خۆمان وا نییه: لای خۆمان چونكه ڕه‌خنه (به واتا فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكرییه‌كه‌ی) نییه، ئازادیش (به واتا كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگایی و یاساییه‌كه‌ی) نییه. واته ڕاستییش (وه‌ك كولتوور، وه‌ك ئه‌خلاقی باو، وه‌ك جه‌وهه‌ر و میكانیزمی كاری ده‌زگاكان و وه‌ك ویژدان و ئه‌خلاقی كه‌سه‌كان) نییه. لێره‌وه ڕاستی له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌دا وه‌ك پراكتیك دیارده‌یه‌كی فره‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراو نییه، كه‌چی درۆ به پراكتیك دیارده‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی په‌سه‌ندكراوه: ئێمه به قسه دژی درۆین، به‌ڵام به كردار و له واقیعدا وا نین. زه‌رده‌شتیش ده‌ڵێ: ((باشترین چاكه ڕاستییه و به‌دترین تاوان درۆیه)).(7)
په‌راوێزه‌كان:
1- ول ديورانت, قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الديني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 94
2- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 139
3- هه‌مان ژێده‌ر، ل 140
4- ول دیورانت، قصة الحضارة (النهضة / الاصلاح الدیني), ترجمة: محمد بدران, د. عبدالحميد يونس, المجلد الحادي عشر (21 / 22), 2001, ص 69
5- افلاتون, الجمهورية, ترجمة: عيسى الحسن (الطبعة الاولى, 2003), ص 148
6- هه‌مان ژێده‌ر، ل 246
7- اكرم بهرامی، په‌یامی زه‌رده‌شت، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: وریا قانیع (له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان 2013)، ل 73
سەرچاوە : دەنگەکان