د. ماجید
مەهەپەییەکان پێیانوایە باشترین چارەسەر بۆ کێشەی کورد کوشتنیەتی
هاوسەرگیریی پیرۆز لەنێوان مەهەپە و ئاک پارتیدا هەیە
ڕۆژی 9\9\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، سیمینارێک بەناونیشانی (میلیشیا لەهەناوی تورکیا- مەهەپە بە نمونە) بۆ د. ماجید خەلیل بەڕێوەچوو..
سەرەتا د. ماجید باسی لە مێژوی دروستبونی مەهەپە و ئایدیۆلۆژیای تۆرانی و گورگە بۆرەکان کرد و گەڕاندیەوە بۆ سەردەمی روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە لەوکاتەوە ئایدۆلۆژیای ئەوان خەون بینینە بە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا، تەنانەتە سێ هیلال لەناو ئاڵاکەیاندا هەیە کە بە مانا هەر سێ کیشوەرەکە دێت. ئەوان خەون بەو کاتەوە دەبینین کە دەسەڵاتیان تا فەرەنسا گەیشتبوو.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، کە مەهەپەیی و گورگە بۆرەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دەسەڵاتخوزیەکانیان هەموو کارێکی خراپ ئەنجام دەدەن، ئەوان خۆیان بە دوژمنی کورد و ئەرمەن دەزانن، کۆمەڵکوژی زۆری ئەو دوو نەتەوەیەشیان کردوە. وتیشی: تەنانەت لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، دەستیان برد بۆ لەکەدارکردنی کەسایەتیە سیاسی و روناکبیری و چالاکە کوردەکانی باکوری کوردستان بەوەی کە ژن یان کچ یان خوشکێکی کەسایەتیەکەیان دەفڕاند و هەڕەشەیان دەکرد ئەگەر واز لە کارەکانی نەهێنێت ئەوا دەستدرێژی سێکسی دەکەن سەر رفێنراوەکە...
د، ماجید رایگەیاند: کە مەهەپەیی و گورگە بۆرەکان هەموو جۆرە دانوستانێک لەگەڵ کورد رەتدەکەنەوەو پێیانوایە باشترین چارەسەر بۆ کێشەی کورد، کوشتنی کوردە. وتیشی: مەهەپەیی و گورگە بۆرەکان بە سەدان هەزار ئەندامیان هەیە و پەلیان هاویشتوە بۆ ناوچە و وڵاتانی درەوەی تورکیا، ئێشتا لە سوریا و باشوری کوردستان بە تایبەتی لە کەرکوک بونیان هەیە.
ناوبراو باسی لەوەکرد کە ئایدیۆلۆژیای مەهەپەییەکان بەهێزە لە تورکیا، لەلایەن هەموو حکومەتەکانی تورکیاوە پشتیوانیان لێ کراوە، ئەوەتا ئێستا هاوپەیمانیش لە نێوان مەهەپە و ئاک پاریدا بونی هەیەو ئەمەش مەترسی بۆ سەر دیموکراسی لە تورکیا دروستکردوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ماجید، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو. یەکێک لە بەشداربوەکان ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا جگە لە میلیشیاکانی مەهەپە، ئاک پارتیش دەستی بە دروستکردنی میلیشیا کردوە بە ناوی کۆمپانیای ئەمنی و سەربازی (کۆمپانیای سادات) کە وەکو بەدیلی سوپای تورکیا و هاوشێوەی هێزی فاگنەرن بە مۆدێلە تورکەیەکەی. وتیشی: کۆمپانیای سادات لە کەرکوک بونیان هەیە وەکو فاگنەری تورکی. هاوکات بەشێکی تری بەشداربوەکان پێیانوابوو، مەهەپە خاوەن ئایدۆلۆژیای کۆنەخوازی ناسیۆنالیستی پێویستی بە ختوکەدانی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی هەیە و ئاک پارتیش پێوستی بە ختوکەدانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی هەیە، بۆیە هاوسەرگیریەکی پیرۆز لەنێوان ئەم دوو ئایدۆلۆژیایەدا دروستبوە.
سەرچاوە : چاودێر