مۆزەخانەی نیاندەرتاڵ

 

    که‌مال چۆمانی

 

مۆزەخانەی نیاندەرتاڵ مۆزەخانەیەکی ئەڵمانیایە لە شاری مێتمان، لە هەرێمی نۆرپ راینە-وێستفالیا. مۆزەخانەکە نزیکی دۆڵی نیاندەرتاڵە کە نیاندەرتاڵەکان لێی ژیاون دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا. ئەو مۆزەخانەیە  گەشەسەندنی مرۆڤ لە چاخە کۆنەکانەوە پیشاندەدات. ساڵانە سەروی ١٥٠ هەزار سەردانکەری هەیە.
 

دوێنێ شەو دۆکیومێنتاری <<نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان>>م لە نێتفلیکس تەماشاکرد. تا بڵێی دکیومێنتارییەکی جوان و پڕ زانیاریی. ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەسەر ئێسکپەیکەرێکی نیاندەرتاڵێکی ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە شانەدەر ژیاوە، دۆزینەوەیەکی نوێ و گرنگە بۆ کۆی مرۆڤایەتی. ئەو دکیومێنتارییە ناوی ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستانی بە دونیا ناساند، هەرچەندە شتێکی نوێ نییە.
 

 بەڵام ئەوە دەکرێ دەرفەت بێ بۆ زیاتر کرانەوە بە روی دونیا و عێراق و ناوچەکە نەک شەڕی قەومی و بەرزبونەوەی حەماسی نەتەوایەتیی، بەڕاستی جێی بەزەییپێداهاتنەوەن ئەو ئێپنۆناسیۆنالیستانە.
 

چۆن؟
 

هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق پێویستییان بە گەشتیارییە. پێیوستییان بە گەشەپێدانی مەعریفە و پەروەردە هەیە. گەلانی عێراق پێویست دەکات خۆیان بتوانن لەسەر خاک و مێژو و شوێنەوارەکانی خۆیان لێکۆڵینەوە بکەن، خۆیان سەرکردایەتیی لێکۆڵینەوەکان بکەن. ئەمەش بەوە دەکرێ دەزگاکانی خوێندن و لێکۆڵینەوە پێشبکەون، بۆیە گرنگە ئەو دۆزینەوەیە بکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی لە تەنیشت ئەو ئەشکەوتە مۆزەخانەیەک دروستبکرێ بۆ ئەوەی گەشتیاریی گەشەبکات. خوێندکارانی باخچەی ساوایان تا خوێندکارانی زانکۆ ساڵانە سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بکەن و لەسەر مێژوی مرۆڤایەتیی و گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی فێرببن، وەک چۆن لە هەر وڵاتێک ئەمە بۆتە نەریتێکی پەروەردەیی. 
 

دەڤەری مێرگەسۆر و برادۆست و سۆران و رواندز و چۆمان چەقی گەشتیارییە، بەتایبەت لە هاوینان. هەبونی مۆزەخانەیەکی وا هەم لەڕوی کەلتوری و پەروەردەیییەوە، هەم لەڕوی ئابورییەوە دەرفەتێکی گەورەیە. 
 

ئایا هەرێمی کوردستان و عێراق، دەڵێم هەردوکیان چونکە مۆزەخانەیەکی وا کارێکی زۆر گرنگە و دەبێ کۆی وڵات بەشدار بن لە گەشەپێدانی، لە دەوڵەمەندکردنی، دەتوانن کارێکی وا بکەن؟ بێگومان دەتوانن، بۆچی نا. 
 

ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، یان هەرکامێک لە حکومەتەکان بەتەنیا، ئەو دۆزینەوەیان کردە دەرفەت بۆ دروستکردنی مۆزەخانەیەک بۆ پێشخسنی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی و پەرەپێدانی گەشتیاریی و ئابوریی، ئەوە بەڕاستی جێی دەستخۆشییە، ئەگەرنا ئەوە تەنها لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی رۆژئاوایییەکانە لەسەر ناوچەکەی ئێمە تەنها نارسیسیزمی هەندێک لە ئێپنۆناسیۆنالیستەکان بۆ ماوەیەک تێردەکات و هەندێک لە ئێپنۆناسیۆنالیست و شۆڤێنی عەرەب و ناسیۆنالیست و فاشیستی تورک شێت و هار دەکات بە هۆی ناوهێنانی کوردستان لە دۆکیومێنتارییەکە.

 

 

سەرچاوە : سپیمیدیا