مۆدێڵی داڕمانی ئاكاری سیاسی

 

 

د. سەیران بەرزنجی

 

      لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی بێت، هەمان زەلكاوی قێزەونی مێژووی مرۆڤایەتیە لە جەنگە جیهانیەكانەوە تا ئیستا كەپیایدا تیدەپەڕێت، لە پێشێلكارییە نێودەوڵەتیەكان و بێبەهاكردنی سیستەم و سووكایەتی بە مرۆڤایەتی؟ هەر لە ترامپ و پۆتین و نەتەنیاهۆ بۆ ئەردۆغان و جۆلانی و دەسەڵاتی مەلالیەوە تا دەگاتە میراتگرەكانی دەسەڵات لە باشوری كوردستان.

     لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك سیاسیەكان بازرگان بن، بە ئاشكرا بازرگانی بە ڕووباری خوێن و داهاتووی میللەتەكانەوە دەكەن لەبەرچاوی دونیادا؟  پاشان مامەڵە و ڕێكەوتن بە سەروەت سامان و خاكی نەتەوەكانی تر دەكەن،  بەڵام هیچ هەڵوێست و ناڕەزایی سەرشەقامی كۆمەڵگاكان نابینرێت؟

      لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی ، كاتێك مافیا و نیشتمان فرۆشەكان لووتكەی دەسەڵات دەگرنە دەست و فەرمانڕەوایی دەكەن؟ كاتێك بێ شەرمانە بە هاوار و سوێند خواردن، بە بەڵێنی درۆ گۆڕانكاری دەكەن، بەڵام لەبری گۆڕانكاری تەسلیم و زەلیلی سەفقاتی سیاسی و پاراستنی دەستكەوتەكانیان دەبن، لەكاتێكدا هیچ بەرەیەك یان دەستەیەكی نیشتمانی بێ بەرژەوەندی بوونی نەبێت؟

     لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك کە دوژمنی سەرسەختی میللەتەكەت و داگیرکەری خاكەکەت بە شەریفتر و باشتر بزانیت لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەت؟ لە كاتێکدا لەسەر گەورەترین مەلەفی گەندەڵی و فەسادی سیاسی دەركرابیت، كەچی سەربەرزانە شەڕی بەرزترین پۆستی سیادی بكەیت؟ 

       لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك کە خۆت بە خاوەنی شۆڕش و میراتگری خەباتی میللەت بزانیت، بەڵام سووربن لەسەر پەیڕەوكردنی هەمان سیستەمی دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە؟ نموونەیەكی كۆپی كراوبن لە سیستەم و ڕێچكەی بەشار ئەسەد و موعەمەر قەزافی و عودەی و قوسەی سەدام حوسەین لە پاشەكەوتكردن و تەخشانكردنی سامان و خۆشگوزەرانی ژیانیان؟ وە زۆر بێ باك و بێمنەت بن لە حساب نەكردن بۆ نەهامەتی و نەداریی و توڕەیی خەڵكەكانیان؟

       لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك بازرگانی كردن بەناوی دین و خواوە دەكرێت، داهێنان لە تەفسیر و دروستكردنی حەدیس و ڕێگەخۆشكردن بۆ گواستنەوەی جۆرەها فەسادی  کۆمەڵایەتی مۆدێلی  كۆمەڵگای كەنداو و شیعەگەری بۆ پەیڕەوكردنی مۆدێڵی نۆێی داگیركاری، وە ئیستغلالی هەستی سۆزی ئیمانداری خەڵكی سادە پێ دەكرێت؟ بۆ مەرامی سیاسی و ئەجندای سیاسەتی ئیقلیمی.

        لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك شادز و هاوپەیمانەكانی دز و تاڵانچیەكان، دەبنە ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەكەنە فریادڕەس و خاوەن پرۆژە بۆ قۆناغی ڕزگاری؟  خەڵکی سادە و ساكاری پێ هەڵدەخەڵەتێنن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و بەشداری سیاسی.

        لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كاتێك  كە گەورەترین بازرگانی جیهانی كە سەرۆكی ئەمەریكا بێت دەست بخاتە دەستی گەورەترین تیرۆرستی جیهانی كە ڕابەرایەتی چوار لە گروپە تیرۆرستەكانی كرد بێت، وە بەشێك بوو بێت لەڕێكخراوی قاعیدە و پاشان داعش، وە ١٠ ملیۆن دۆلار پاداشتی پێدانی زانیاری و دەستگیركردنی بووبێت؟ لە بانگەشەی خەلافەت و ڕزگاركردنی قودسەوە كە هەزاران كەسیان بە كوشت دابێت بۆ خزمەتكاری دڵسۆزو و گوێڕاگرێكی دەست لەسەرسنگ بۆ بەرنامە گۆڕانكارییەكانی ئیسرائیلی- ئەمەریكی بە چۆلكردن و دەركردنی خەڵكی غەزەوە؟

   گەورەترین پارادۆكسی ئاكاری، لە هەموو گۆی زەویەوە هەرچی موسلمانانی دنیا گەر بە قەرز یان كۆكردنەوە بووبێت، پارە پەیدا بكەیت و سەردانی ماڵی خوا بكەیت و پارە بۆ سعودیە بەریت، ئەوانیش لە یەك چركە ساتدا ٦٠٠ ملیار دۆلار بۆ تریلۆن دۆلار بە ناوی وەبەرهێنان دەخاتە دەستی ئەمەریكا و لۆبی ئیسرائیلیەوە؟ لەكاتێكدا بە بڕی ئەو پارەیە نەك تەنها غەزە ، بەڵکو چەندین ووڵاتانی موسڵمانی پڕ كارەساتباری  پێ ئاوەداندەكرایەوە، وە بە جیهادی ئیمانیش لەلای خواوەند قبوڵ دەكرا؟ 

     گەورەترین نیفاقی ئایینی، لەبەرچاوی خۆیاندا قەتڵ وعامی نەتەوەكەت و گەلەكەت بكرێت، نەتوانیت بەیەك ووشە بە داگیركاری تورك بڵێن بە ئامۆژگاری یان ڕاسپاردە بێت ؟ كە دەست لەسوتماكکردنی خاك وكوشتنی ژن و منداڵانی كوردی ڕۆژئاوا هەڵبگرێت، وە بڵێن كە سوتاندن و كاولكردنی ژینگە و كوشتنی شوانكارو خەڵكی گوندەكانی باشور حەرامە و میللەتێكی موسڵمان لەناو دەبەن؟ وەیان تكا بكەن هێرشی ڕۆژانەی درۆنەكان بوەستێنێت؟ كەچی فەتوای جیهاد دژی ئیسرائیل دەدەن؟ لە كاتێکدا لە هەموو ئایینە ئاسمانیەكان جیاوازی ناكات لە نێوان خوێنی نەتەوە ژیردەست و سەردەستەكان، وە تەحریمی شەرعیەتدان بە جەنگ و ڕێگە لە حەلال كردنی خوێنڕشتن دەكەن، ئەوە تەنها مرۆڤەكانن ئاینەكان و تەفسیر كردنیان بۆ بازرگانی و بەرژەوەندی سیاسی بەكاردەهێنن!

     لووتكەی داڕمانی ئاكاری سیاسی، كە بە دزینی قووتی خەڵك و داهاتە ناوخۆییەكان و فرۆشتنی نەوتی قاچاغ، وە نەدانی مووچە و نیوە مووچە دزراو نەدراوەكانی خاوەن پێداویستی تایبەت وفەرمانبەر و مامۆستا و پێشمەرگە بتوانن گەورەترین ئیمپراتۆریەتی خێزانەکان پێك بهێنرێت وە خاوەنی ملیارەها دۆلار بن؟ هەروەك چۆنە لە ڕاپۆڕت و میدیا جیهانیەكان قەبارە و بڕی كەمێك لە پارەكانیان بە ئاشکرا بڵاودەكرێتەوە؟ ئا بەوجۆرە لەسایەی سیاسەتی داڕماوی ئابوریی قۆرغكاریی  بنەماڵەیدا، میللەتێکی دەستەمۆكراو دەبێت بەدرێژایی ساڵ و بە بەردەوامی  لە بازنەی گەمەی پێدانی مووچەی بە  ٤٥ بۆ ٥٥ ڕۆژ جارێك لە چاوەڕوانی سواڵی حكوومەتی ناوەندیدا دەستەوسان دەوەستێت؟ لەكاتێكدا هەر ڕۆژەی جۆرە باجێكی نوێ بۆ كۆمپانیا تایبەتەكانیان بەسەریاندا  دەسەپێنن؟

سەرچاوە : سپی میدیا