جوتیار ئاسۆس
یەکێک لەو گۆڕانکارییە بنگەییانەی کە کەمتازۆر بەسەر دەرون و کەسایەتی هەمووماندا هاتووە گرێیی سەرسامیە بە مرۆڤی لومپەن هەتا ئاستی دڕندەی ڕەها. بەڕەنگێک کە زۆرمان تەنانەت هەست بەخۆشمان ناکەین کە هەندێجار لەناخەوە پاڵپشتی بۆ لایەنی شەڕخواز دەردەبڕین، بەتایبەتی کاتێ کە لە فیلمێکی سینەمایی دەڕوانین. مرۆڤ لەلای نەوەی تازە بەڕوونی هەست بەو گۆڕانکارییە دەکات بەجۆرێک کە ئەو جیاوازیە بەڕوونی لەنێوان نەوەکانی ڕابردوو و گەنجانی ئەمڕۆ بەدیدەکرێت. بۆنمونە کاتێک دایک و باوکێک لەگەڵ منداڵەکانیان تەمەشای فیلمێک دەکەن، دەبینن کە منداڵە هەرزەکارەکانیان بەرامبەر دایک و باوکیان یاخود گەورەکان لایەنگری لایەنی مەرگدۆست و شەڕخوازەکان دەکەن. ئەوەش بۆی هەیە لە ئەنجامی یاخیبوونێکی گەنجانە/هەرزەکارانە بێت لەوساتەدا بەرامبەر بە دایک و باوک، یاخود بەڕاستی ئەمڕۆ گۆڕانکاری بەسەر جیهانبینی و ئیدراکی تاکەکان و بەتایبەتیتر بەسەر لاواندا هاتووە.
یەکێک لەو تێبینیانەی سەرەتای ساڵی ٦۰ەکانی سەدەی ڕابردوو پسپۆڕی مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆگی) د. عەلی وەردی هەیبوو، کە لە سەردەمی خۆی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بۆوە، بەتایبتی لە ڕوانگەی شانازیکردنی نەتەوەیی عەرەبیەوە د. عەلی وەردی ڕەخنەباران کرا، کاتیک وتی؛ "زۆرینەی کەسایەتی عەرەبی ئێڕاقی، کەسایەتی دووفاقن. واتە؛ تاکی عەرەبی ئێراقی دەتوانن لەیەک کاتدا سەرسام بن بە کەسایەتیەکی ئاشتیخواز و نورانی و لە هەمان کات سەرسامیش بن بە کەسایەتیەکی دڕندە و خوێنڕێژ و لومپەن". لەڕاستیدا ئەوساش ئەوە تەنیا خەسڵەتی مرۆڤی عەرەبی ئێراق نەبووە، بەڵکو نزیکەی تەواوی ناوچە پڕدانیشتوانەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست وەک بەغداد و تاران و قاهیرە و دیمەشق و بەیروت و شارەمەزنەکانی تورکیا و هتد. بەوڕەنگە بوون. ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە هێندە بەربڵاو بووە کە نزیکەی تەواوی جیهانی گرتۆتەوە، بەتایبەتی دەزگاگەلێکی میدیایی زەبەلاحی جیهانیش ئەگەر بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست هەوڵی جوانکاری لایەنی شەڕخواز و مەرگدۆست دەدەن، بەتایبەتی لە ڕێگەی هەندێ فیلم و دراما و یاریە دیجیتاڵیەکانەوە.
کەسایەتی تێشکێندراو و سەرکوتکراو چ لەناو خێزانێکی توندڕەو و چ لەناو کۆمەڵگایەک یان سیستمە حوکمڕانە تۆتایلتارەکانیش بە هەمان شێوە بە ژمارەی زۆر سەرهەڵدەدەن. ئەو مرۆڤانە لە باشترین باردا کەسایەتی خۆیان لە سەر شەقام دەگۆڕن بۆ کەسانی لومپەن هەتا تاوانباری تاوانی سوک، لە خراپترین باردا گروپە توندڕەوەکان لەخۆیان دەگرن و لەلایەک دەیانکەن بە دڕندەیەکی تۆقێنەر، لەلاکەی تر لەڕێی پڕوپاگەندەوە دەیانکەن بە پاڵەوانی کۆمەڵایەتی میدیایی و وەک دەزگایەکی کۆپیکردنەوە ئەو کەسایەتیانە دەکەن بە نمونەی بالا بۆ گەنجان بۆ شوێنگرتنەوەیان. خەسڵەتەکانی ئەو مرۆڤانە ئەگەر لە یەکێک بۆ یەکێکی تر جیاوازیشبن، لە زۆر خاڵدا هاوبەشن بەتایبەتی لەو لایەنەوە کە هەمیشە حەز دەکەن لە چەقدا خۆیان دەربخەن و ببن بە وێردی سەرزمانی خەڵکی. ئەو جۆرە مرۆڤانە لە گەنجیدا هەوڵدەدەن هەتا دوائەندازە خۆیان وەک مرۆڤی دڕندە و تۆقێنەر پیشان بدەن و ئەگەر هەندێکیان توانیان خۆیان لە تۆڵەکردنەوە بپارێزن و بکەونە تەمەنەوە، ئیتر هەموو خولیا و خەیاڵیان دەبێت بە دەسکەوتی زیاتری ماددی و بەو ڕەنگەش ئامادەن زۆر بەزوویی و بەرامبەر بە دەسکەوتی زیاتر بەرەی خۆیان بگۆڕن. ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەمڕۆ لە شارەکانی دیمەشق و حومس و حەما و لازقیە و حەلەب کەوتوونەتە کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی وەحشیانەترین شێوازەکانی کوشتن بەرامبەر بەوانەی تر کە بەر لەمان هەمان کاریان ئەنجام داوە، بەوەش دەبن بە پاڵەوانانی سۆسیالمیدیا.
زۆرینەی ئەو جۆرە مرۆڤانەی لەبەر کامێراکان کوشتن و تیرۆر ئەنجام دەدەن، ئەگەر لە جێیەکدابن کە گرنگیان پێنەدرێ یاخود شایەتحاڵ و سۆسیالمیدیا بوونی نەبێت ، هەتا دوائەندازە مرۆڤی بێکاریگەریی و لاگر و بێدەنگ دەنوێنن، بەجۆرێک ئەگەر نەیانناسین ، وادەزانین کە کەسایەتیەکی بەڕێز و خاوەنی پەروەردەی بەرزیشن. لەڕاستیدا مرۆڤە دڕندەکان لە دەیەکانی ڕابردوو هەمیشە خۆیان لاتەریک دەکرد، بەشەوان هاتوچۆیان دەکرد و نەدەچوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتیەکان، لەبەر زۆر هۆکار، کە ساناترینیان لەترسی زەفەربردنی دوژمنان و تۆڵەکردنەوەبووە. جیاوازیە بنگەییەکە ئەوەیە خوێنڕێژە گەنجەکانی ئەمڕۆ لە سوریا دەچنە بەر کامێرا و زۆریان خۆیان لێدەبێت بە پاڵەوانە مەرگدۆستەکانی ناو فیلمەکان کە لە مێردمنداڵیدا لە کەناڵەکان بینیویانە.
ئەو جۆرە مرۆڤە هەتا دوائەندازە دڕندەن ، بەڵام هەرگیز مرۆڤی ئازا نین. هەر سوپایەک بڕبرەی پشتی ئەفسەرو پلەدارەکانی ئەو جۆرە مرۆڤانە بێت، سوپایەکی بەزیوە و هەرگیز بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری هاوسەنگ ناگرێت و زۆر بەزوویی دەدۆڕێ. هاوشێوەی سوپای ئێراقی دوای جەنگی کەنداوی دووەم (جەنگی کوێت)، کە لەگەڵ گەورەبوونی کوڕەکانی سەدام حوسەین ژمارەیەکی باڵا لە ئەفسەر و پلەدارە خاوەنئەزمونەکان وەلانران و گەنجانی هاوڕێی عودەی و قوسەی سەدام حوسەین لە شوێنیان دادەنران و دواتر لە داگیرکردنی ئێراق لە ساڵی ۲۰۰۳ تەنیا ۳ ڕۆژ خۆیان بۆراگیرا. ، یاخود وەک دواهەمین سوپای سوریا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرگەی ۷ ڕۆژی نەگرت، ئەوانیش لە ۱٥ ساڵی ڕابردوو نزیکەی تەواوی ئەفسەر و پلەدارە خاوەن ئەزمونەکانی گۆڕابوو بەکەسایەتی خوێنڕێژ و تاوانبار و دەستسور بە خوێنی گەلانی سوریا. ئەم گروپە تەکفیرییەش کە خۆی ناوناوە تەحریر ئەلشام لە دووەم ڕۆژی حوکمڕانی سوریا تەڵقینی لەناوچوونی خۆی دا و ئەگەر ژمارەیەک پلەدار و فەرماندەی جیهادی خاوەن ئەزمون و جەنگاوەریشیان لەگەڵدابێت، ئەوا لەدوای دەستبەسەراگرتنی حوکمی دیمەشق ئەبومحەمەد جولانی و کەسە نزیکەکانی لە چەشنی زیلنسکی بوون بە ئەستێرەی سۆسیال میدیا و فەرماندارە خاوەن ئەزمونەکانیشی وەلادەنرێن و ئەوانەی کە لەجێی ئەوان دەبن بە تاقم و دەستەودایەریان ، خوێنڕێژەکانی تیکتۆک و تەلگرام و تویتەرن و دەبن بە بایەقوشی جەنگێکی ناوخۆیی لە ڕادەبەدەرخوێناوی لە ڕۆژاوای سوریا
سەرچاوە : سایتی ئازاپرێس