مرۆڤ لە خانەی تۆڵەدا !!

 

 

 

دەسەڵات سەودا بە مۆڕاڵی مرۆڤایەتی  دەكا!!
 تاڤگە سابیر 

هزری په‌ڕگیریی یان خانەی تۆڵە وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌بۆسه‌دا بێت، هه‌میشه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێت تاكو سه‌ر بكات و له‌ڕه‌فتارێكدا به‌رجه‌سته‌بێ و خۆی بخاته‌ڕوو، ئه‌و ڕه‌فتاره‌ش كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌و به‌دوایدا دێت توندوتیژییه‌. توندوتیژیی ڕه‌گوڕیشه‌ی بایۆلۆژی و بۆماوه‌یی نییه‌، ڕه‌فتارێكی وه‌رگیراوه‌و به‌هۆی زه‌مینه‌یه‌كی شیاو و له‌باره‌وه‌ بووه‌ به‌نه‌ریت. سه‌ره‌تا به‌نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێت. وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌میش هۆكاری خۆی هه‌یه‌و به‌بنه‌بڕكردنی هۆكاره‌كانیش، ئه‌گه‌ری به‌رقه‌راربوونی چاره‌سه‌ر دێته‌ ئاراوه‌.

مرۆڤ لەهەر ئاست وپلەوپۆستێکدا بێت كەڕۆچووە خانەی تۆڵە دەبێتە بروسکەی چەخماخەوزه‌نگێكی ترس ، په‌یامێكی مه‌ترسی بۆ پێشبینی گرمەوناڵەی هەورێکی ڕەشی باراناوی ترسناک  وەک سەرچاوەی تاوان   بۆ كۆمه‌ڵگا..!   

پێویسته‌ به‌وردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ ئەوەی زیان بگه‌یه‌نێت ..زیانەکانی وەک ئاژاوە،شەڕو لێدان و ده‌ستدرێژی ودزی و ڕاووڕوت و ئاژاوه‌گێڕی تا وێرانكردن و تێكدان و فه‌وتاندنی موڵكی تایبەتی وگشتی ..یانئەم کەسە ببێتە سەرچاوەی تاوانی كوشتن و  …تاد

 ڕه‌نگە. ئه‌م تاوانانه‌ كه‌سێك لەخانەی تۆڵە دایدەڕێژێ یان چه‌ند كه‌سێكی توندڕه‌وو په‌ڕگیر، پلانی بۆ داده‌ڕێژن و هه‌رخۆیان یاخود به‌  چه‌ند كه‌سێكی توندوتیژ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی بۆی داڕێژراوه‌ به‌جێ به‌جێكردن ده‌گات. باری سایكۆلۆژی ئه‌و كه‌سانه‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتره‌و هه‌موویان له‌وه‌دا له‌یه‌ك ده‌چن كه‌ له‌زه‌لكاوی نوشست و نائومێدیدی خانەی تۆڵەدا گیرخواردووی بێچاره‌ن.

لە خانەی تۆڵە بۆ توندوتیژ پێش ئه‌وه‌ی هیچ ڕه‌فتارێكی توندوتیژیی لێبوه‌شێته‌وه‌، كه‌سێتییه‌كی نائارامی هه‌یه‌و له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیدا هه‌ست به‌ئاسایش ناكات و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خۆی په‌نا ده‌باته‌به‌ر توندوتیژیی. ئه‌گه‌ر بۆی چووه‌سه‌رو سه‌ركه‌وتنی پێبڕا ئالێره‌وه‌ ده‌یكات به‌نه‌ریت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ری.

کەسانی شوێنکەوتووی تۆڵە وتۆڵەكردنەوە لەخانەی تۆڵەی بی دەرگاو پەنجەرەدا ولەتاریکیدا دەژین ،ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌ بۆ دیارده‌و ڕووداوه‌كان ده‌ڕوانێت و هه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی پێ ڕاسته‌. نه‌ك هه‌موو گۆشه‌نیگاكانی تری پێ چه‌وت و ناڕێكه‌ به‌ڵكو ئاماده‌ش نییه‌ گوێیان لێبگرێت ومافی ده‌ربڕینیان لێده‌ستێنێته‌وه‌و دان به‌بوونیاندا نانێت. به‌لای ئه‌وه‌وه‌ بایه‌خدان به‌ڕاوبۆچوون وپێشنیارو ئامۆژگاری خه‌ڵكی و هه‌ستونه‌ستیان، لاوازییه‌و وازهێنانه‌ له‌مافی خود.

کەسی ناو خانەی تۆڵە توندوتیژن ،هەستیارن ،ئاسودە نین و له‌و بڕوایه‌دان كه‌ دەبێت ئامادەبن بۆ بەرگری ،چونکە لەهەر چرکەیەکدا مەترسی هێرشیان له‌سه‌ره‌ یان بواری دەستپێشخەری  هێرش ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستی دوژمن .. بۆیه‌ به‌به‌رده‌وامی ئاماده‌یه‌ بۆ داكۆكی كردن له‌خۆی و هێز به‌كارده‌هێنێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بیروڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی به‌ڕه‌وا ده‌بینێت چونكه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ ئەم بەرگری لەخۆی دەکات...!

بەبڕوای ئەو هەمووان  وەک ئەو بیردەکەنەوە وکۆمەڵگا جه‌نگه‌ڵستانه‌و یاسای جه‌نگه‌ڵ ده‌یبات به‌ڕێوه‌.

له‌هزری خۆیدا ده‌ڵێت: خه‌ڵكی ته‌نها ڕێز له‌به‌هێزه‌كان ده‌گرن و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر گورگ نه‌بێت گورگ ده‌تخوات..!

مرۆڤ لە خانەی تۆڵەدا ‌گومان و راڕاییدا ده‌ژی و باوه‌ڕی به‌خۆی نییه‌و ده‌یه‌وێت به‌ڕه‌فتارێكی سه‌رچڵ و سه‌ركه‌شانه‌ی پشت به‌ستوو به‌هێز، ئامانجه‌كانی به‌دی بهێنێت تاكو خودی خۆی بسه‌لمێنێت. بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جێگیری و هاوسه‌نگی ده‌روونی خۆی، خه‌ڵكی وه‌ك كه‌ره‌سه‌و شتومه‌كی بێ هه‌ست وبێ بایەخ ده‌بینێت وا ده‌زانێت بۆ خزمه‌تی ئه‌و دروست بوون و ناتوانێت له‌ڕووی ویژدانییه‌وه‌، له‌گه‌ڵیاندا هاوبه‌ش بێت وتێكه‌ڵیان نابێت و پێی خۆشه‌ هەربه‌گۆشه‌گیریی و دووره‌په‌رێزیی لەتاریکی خانەی تۆڵەدا بژی.

هەندێ لەکۆمەڵناس ودەرونناسەکان دەڵێن ؛

" گه‌رای توندوتیژیی، له‌خێزانی داخراوی نه‌ریتخوازی له‌قاڵبدراودا، شین ده‌بێت و پاشان ده‌بێته‌ نیشانه‌ی كه‌سێتی ناو خێزان و لێی نابێته‌وه‌"

ڕاسته‌ كۆمه‌ڵگای داخراو زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارو به‌پیته‌ بۆ به‌رهه‌م هێًنانی خێزان و تاكی توندوتیژ، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌و خێزانه‌ی تاكی توندوتیژ به‌رهه‌م ده‌هێنێت هه‌ر داخراودا بێت. له‌كۆمه‌ڵگای كراوه‌شدا ئه‌و خێزانانه‌ زۆرن كه‌ له‌گه‌شه‌پێكردنی منداڵه‌كانیاندا، به‌ته‌نها پشت دەبەستن به‌ شێوازی ڕه‌خنه‌و له‌قاڵبدان و دڵڕه‌قی و سزای توند و ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان له‌هه‌موو شتێكدا نمونه‌یی بن و به‌كامڵی ته‌واو بگه‌ن.. ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ و په‌روه‌رده‌كردنانه‌ش، هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ، گه‌شه‌نه‌كردنی ویژدان و خۆ به‌كه‌م یان به‌هیچ زانین و شه‌رانگێزیی و نائارامیی و ململانێی ده‌روونیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

سەرکردن وبنکردنی هەستەکانە مرۆڤ جیا دەکاتەوە ،وەک لەهەردوو بارەکەی خۆبەگەورە زانین ،یان خۆبەکەم زانین دابڕانە لەئاستی دەریای ئارام و نۆرماڵی کۆمەڵگا ولەهەروبارەکەشدا ئەم مرۆڤە هەڵگری نیشانه‌كانی كه‌سێتی توندوتیژییە. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ویژدانی كه‌سێك وه‌كو پێویست گه‌شه‌ی نه‌كردبێت ئه‌وا ناتوانێت هەڵسەنگاندنی ڕاست ودروست بۆکەسەکانی دەوری خۆی بکات تا له ‌خۆشیی و ناخۆشییه‌كاندا، هاوبه‌شی كه‌سانیتر بكات..! ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست به‌ كه‌میی یان به‌ گەورەیی ڕادەبەدەر بكات ئه‌م گرێی ده‌روونییه‌ له ‌ژینگه‌ی ناله‌بارومۆلەقدا بەگیری دێنێ  وهەردەم سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ خۆ به‌زلزانین و به‌كه‌مزانینی كه‌سانی تر و زیادڕه‌وییكردن له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكانی خوددا.