مافی مرۆڤ: سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان دژ بە خۆپێشاندەران و رۆژنامەنووسان دەکەین

 

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند لە سلێمانی مامۆستایان و رۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی سلێمانییەوە رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە.

داواش دەکات هەرچی زووە سەرجەم دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان. یەکێک لەوانەشی کە ئازادکراوە، دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەک کەسمان راگیراون."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی مامۆستایان و دەستگیرکردنی بەشێک لەو مامۆستایانە و ژمارەیەک رۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، 25ـی ئادار ژمارەیەک مامۆستا لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد بۆ مەبەستی داواکردنی مووچە و بەرامبەر خراپی ژیانیان، بەداخەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی سلێمانی رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەوە و ژمارەیەک لەو مامۆستایانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیرکران".

بەپێی راگەیێندراوەکە لەنێو خۆپیشاندەرانیشدا ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەوە و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانیاندا گیرا."

دەستەکە پشتیوانیی لە هەر "خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی مەدەنی و یاسایی دوور لە توندووتیژی بۆ بۆ داواکردنی مافەکان" دەکات و سەرکۆنەی هەموو جۆرە تووندووتیژییەک دەکات؛ "ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و توندوتیژییانە وا وێنا دەکات کە دوورن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێکارە یاساییەکان و ئازادی رادەربڕین."

دەستەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو جۆرە مامەڵەیە "جگە لە نیگەرانیی نێوخۆیی کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسیە، لە هەمان کاتدا لە ئاستی نێودەوڵەتی و رێکخراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤیش بووەتە جێی سەرنج و رەخنە و کاریگەری لەسەر ناوبانگی ئەو ئازادی و دیموکراسییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا شانازی پێوە دەکەین، دەبێت."

ئاوات ئازاد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگ دەبێت لە خۆپێشاندانەکانیان لە دژی پێنەدانی مووچەکانیان بەردەوامن، یەکێک بوو لە گیراوانی ئەمڕۆی خۆپێشاندانەکەی شاری سلێمانی.

ئاوات ئێواری رۆژی دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، بە رووداوی گوت: "ئێمە کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەر بووین کە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانمان لە دژی پێنەدانی مووچەکانمان بڕیارماندا خۆپێشاندان ببەینە دەباشان، شوێنی مانەوەی کاک بافڵ تاڵەبانی، بەشێکمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراین."

ئەو گوتیشی: "ئەوانەی لە ئاسایش راگیرابووین، ژمارەمان نزیکەی 50 کەس دەبوو لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس، بەڵام ئێوارە ئەوانەی کە مانەوە ئازاد نەکرابوون تەنیا چوار کەسێک دەبوون، جگە لەوەی لە شاری کەلاریش ئەمڕۆ سێ مامۆستامان دەستگیرکرابوون."

لەگەڵ ئەوەی ئەو مامۆستایە گوتی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لە شەقام و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا خراپ بووە، گوتی" لە ئاسایش مامەڵەکە باش و ئاسایی بوو."

بەیانیی ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی چوونە سەر شەقام بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکردنی مووچە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکردن و دواتر ژمارەیەکیان دەستگیرکردن.

رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە ناوەكانی (نەبەرد ئەحمەد، ئاری عیزەدین، ئاسۆ محەممه‌د) كە ویستویانە لە كەلارەوە بچنە سلێمانی دەستگیركردووە، چەند ئەندامێكی دیکەیان لەناو خۆپێشاندانەكان دەسگیركراون."

سەرچاوە :سەنتەری میترۆ

-Rudaw