دوای چوار ڕۆژ لەبەڕێوەچوونی سێیەمین فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار، 150 ژن وەک خاوەنکار تیایدا بەشداربون و زیاتر لە 180 هەزار گەشتیار سەردانی کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرپەرشتیارانی سێیەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لەناوپارکی شاری یاری لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری چوار ڕۆژ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەیان ڕاگەیاند.
عومەر نەجم، سەرپەرشتیاری گشتی سێیەمین فێستیڤاڵی بازاڕی کەلار، وتی: فێستیڤاڵەکە لەژێرچاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵی بازاڕ بە یەکێک لە شا ڕێگاکانی بازاڕسازی و نمایش و بڕاندەکان دادەنرێت 200 براند و خاوەنكار و کۆمپانیا بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کرد.
وتیشی: 150 ژن وەک خاوەنکارو بەرهەمهێنەر بەشداریان کردووه و زیاتر لە 180 هەزار گەشتیار ڕوویان لە فێستیڤاڵەکە کردووە و بەنزیکەی 1 ملیارو 400 ملیۆن دینار مامەڵە کراوە و نزیکەی 2000 هەزار هەلی کاریش ڕەخساوە بۆ گەنجان بەهەردوو ڕەگەزەوە و سێ هەزار پشکنینی پزیشکی بۆ گەشتیاران ئەنجامدراوە.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەشدا، 8 پرۆژەی بچووک دروسن بوو و زیاتر لە پێنج تۆن خورما بەمیوانان دراوە.
سەرچاوە: rojnews