نوری بێخاڵی
ئەوە شتێکی نوێ نییە کە لە هەموو وڵاتاندا دە ساڵ جارێک (ڕەنگە لە هەندێکیان زیاتریش بێت) سەرژمێری دەکرێت، هەموو سەرژمێرییەکی دەوڵەتیش لە بنەڕەتدا بە ئامانجی داڕشنی پلان و بەرنامەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری کۆمەڵگا. ئێ خۆ عێراقی بەقوڕ گیراویش تا ساڵی ١٩٩٧؛ کەم و زۆر بەدوای یەکدا ئەو سەرژمێرییەی کردووە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی یەک لە دوا یەکی سەرژمێرییەکانی عێراق، گۆڕینی دیمۆگرافیا بووە، نەک گەشەپێدان، ئەمەی ئەمجارەشیان هەر ئەوەیە، ئینجا ترسناکتریش، چۆن؟
یەکەم: لە بنەڕەتدا لادان و نەهێشتنتی پرسیاری نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێریدا؛ لێدانی دوابزمار بوو لە تابووتی ماددەی (١٤٠)، ئەو ماددەیەی کە لەسای (خەمخۆریی!) سەکردایەتیی سیاسیی کوردی دانوستاندکاری ڕۆژگاری نووسینەوەی دەستوور (بە مردوو و زیندوویانەوە!) بۆ پشکی داهات و پلە و پۆستی حیزبەکانیان لە (عێراقی هیوا و ئاشتی!)دا، نەک بۆ قورسایی پێگە و کاریگەریی سیاسیی کورد لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا، هەر لە سەرەتاوە بە مردوویی لەدایک بوو!
دووەم:
لە ئاکامی کۆتایی ئەم سەرژمێرییە و دەرکەوتنی ئەنجامەکانیدا (لە پەیوەست بە ڕێژە و ژمارەی دانیشتواندا) پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، لەسەر بنەمای کەمیی و زۆریی ژمارە و ڕێژەکە دادەنرێت.
نەک هەر ئەوە، ئەنجامی سەرژمێرییەکە هەر لەسەر پشکی بودجە نا، بەڵکوو مەترسییەکی گەورە و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنیی زۆریشی لەسەر پێگە و کاریگەریی کورد لە بڕیاری سیاسیی عێراقیشدا دەبێت، چۆن؟
گریمان وەک ئەوەی وەزارەتی پلاندانان و بەرپرسانی عێراق پێشبینیی دەکەن، ئەگەر کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە چل و پێنج ملیۆن، ئەوا ئەم ئەنجامە ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر دابەشبوونی جوگرافیی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا دەبێت، چۆن؟
لە ئەگەرێکی وادا، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر دەکرێن و لەوانەیە بگەیەندرێنە سەروو (٤٥٠ )کورسی، لە دۆخێکی واشدا:
گریمان ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان؛ لە کۆی ئەو ڕێژە و ژمارەیەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتە حەوت ملیۆن کەس (بەو ملیۆن و قسوور عەرەبەیش کە لەسەری کرانە ماڵ و بوونە خانەخوێ!)، کەواتە لەناو ئەو ژمارە زۆرەی کورسییەدا،
کورد ئەوپەڕی حەفتا کورسی بەر دەکەوێت، ئینجا چ حەفتا کورسییەک؟
حەفتا کورسیی پەرش و پەرتەوازە، کە هەر یەکێکیان لە بەغدا، لەسەر ئاوازی حیزبیی خۆی گۆرانی بەسەر (لەیلا)کەیدا دەڵێت و لەسەر ڕیتمی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سەما دەکات. حەفتا کورسی پەرش و بڵاو، کە چیدی هێزی ئەوەی نابێت لەگەڵ ئەوانی تر بچێتە ناو هاوپەیمانیی سیاسی، یان ڕاستتر بڵێین: کەس لەوانی تر (بەتایبەتی شیعە) باکیان بە هاوپەیمانێتیی کوردی پەرتەوازە نابێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بۆ ئامادەکردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانتتێران بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بۆ تێپەڕاندنی یاساکان!
بە کوردی و بە کورتی:
لە دوای ئەم سەرژمێرییە، ماددەی (١٤٠) دەبێتە مێژوو و چیتریش (قەواڵە)ی بەیت و بالۆرەی (هاوسەنگی، سازان و هاوبەشی)یش کە بەرهەمی ڕێککەوتنی سیاسیی پێشوەختەیە، نەک قورسایی و پێگەی پەرلەمانی و حوکمڕانی، وەک دەڵێن، قەواڵەیەکی بەتاڵە!
سەرچاوە : خەندان