لەبارەی ئەدەبی منداڵان و گرنگیی خوێندنەوەوە

1
ئەدەبی منداڵان، سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڕۆشنبیریی و هۆشیاریی و بەهێزکردنی ژیریی و هزری منداڵان، بەڵێ ژانرەکانی ئەدەبیاتی منداڵان، یارمەتیدەرن بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵفراوانیی منداڵ، بۆیە پێویست و گرنگە هەموو دایکان و باوکان، هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیات، کتێب و گۆڤاری تایبەت بەخۆیان بۆ دەستەبەر بکەن، بە تایبەتی کتێبی شیعر و چیرۆک، چونکە ئەو دوو ژانرە ئەدەبییە، هەم چێژبەخشن، هەم دەبنە هۆکارێکی باش بۆ گرنگیدان بە خوێندنەوە و دۆستایەتی کتێب، لەبارەی خوێندنەوە، زاناکان دەڵێن: بەشێکی مێشکی مرۆڤ، تەنها بەخوێندنەوە چالاک دەبێ، جا بۆ ئەوەی مێشکی هەموان چالاکتر بێ، پێویستە خوێندنەوە لایەنێکی سەرەکیی بێ لە ژیانی هەر تاکێکماندا، بە تایبەتی زیاتر هانی منداڵان بدەین بۆ هۆگری بوونیان بە کتێب خوێندنەوە.
لە ساڵی (2020) چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ ئەندازیار «محەمەد بەرزی» ساز کردووە، کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی و لە بواری ئەدەبی منداڵان دەنووسێ، دەڵێ: (هەر ماڵێکی ئەمەریکی منداڵی تێدا بێت، مەحاڵە کتێبی تێدا نەبێت. لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ: ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشاوم، ئافرەتی دووگیانم بینیوە، کتێبی بۆ کۆرپەلەکەی ناو سکی خوێندۆتەوە).
2
پێویستە لە هەموو ماڵێک کتێبخانە هەبێ، داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەردوو وەزارەت لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە منداڵان و دڵسۆزانی نیشتمان و خێرخوازان و چاکەکاران هەوڵ بدەن کتێبخانەی بچکۆڵە بۆ هەموو ماڵێک دابین بکەن، بە تایبەتی ئەو ماڵانەی منداڵەکانیان دەخوێنن و دەچنە قوتابخانە، هەم کتێبەکانی قوتابخانە و هەم ئەو کتێب و گۆڤارانەی بۆیان دەستەبەر دەکرێ لە نێو کتێبخانەکەیان دابنێن، دواتر ئەو منداڵانە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ کتێب و کتێبخانە پەیدا دەبێ، بەڵام دانانی کتێبخانەیەکی بچکۆڵە بۆ هەموو ماڵێک، رەنگە زەحمەت بێتە بەرچاو، بەڵام بە شێوەیەکی پلان بۆ دانان و دوور مەودا دەتوانرێ لە ماوەی چەند ساڵێک جێبەجێ بکرێ ئەگەر نیازێک هەبێ لە دڵی کاربەدەستتان، ئەگەر ئەوەش نەکرا، دەکرێ لە رێی هەموو قوتابخانەکانەوە ساڵانە چەندین کتێب و نامیلکە و گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان، وەک دیاری بەسەر هەموو قوتابیاندا دابەش بکرێ بۆ ئەوەی جگە لە کتێبەکانی خوێندنی قوتابخانە، ئەوا هەر زوو فێری هاوڕێیەتی کتێب بکرێن، بە تایبەتی کتێبە ئەدەبییەکان.
 3
 بۆ ئەوەی پەروەردە و ئەدەبی منداڵان لێک نزیکتر بن و ئاگایان لێک بێ، وا چاکە هەموو شاعیر و چیرۆکنووسانی بواری منداڵان کتێبی چاپکراوی خۆیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان، یان وەزارەتی پەروەردە بکەن. لە بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان، یاخود لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە، کتێبخانەیەکی تایبەت بە کتێبی شیعر و چیرۆکی منداڵان دابنرێ، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کتێبانەی وەک شیعر و چیرۆک کە بۆ منداڵان نووسراون لێی ئاگادار بن، بەڵکو دواتر لیژنەی پێداچوونە بە پڕۆگرامی خوێندن سوودی لێوەر بگرن لە کاتی گۆڕانکاری و دەستکاری کردنی کتێبەکانی پڕۆگرامی خوێندن.
4
 پێویستە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەکان، کتێبخانەیان هەبێ و مامۆستایان هانی قوتابی و خوێندکاران بدەن بۆ ئەوەی سەردانی کتێبخانەی قوتابخانە بکەن و ئاشنایان بکەن لەگەڵ کتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان، بەتایبەتی کتێبەکانی شیعر و چیرۆک، چونکە منداڵان زیاتر لە بابەتی دیکە، حەزیان لە خوێندنەوەی شیعر و چیرۆکە.
5
 پێویستە ئێمەی شاعیر و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان، لێک نزیک بوونەوەی زیاتر لە نێوانماندا هەبێ، چونکە لێک دوور بوونی کەسایەتییەکانی بواری منداڵان، جا بە هەر هۆکارێک بێ، خزمەت بە ئەدەبی منداڵان ناکات، بێگومان بە خۆشەویستیی و تەبایی و پێکەوەیی، دەتوانین کاری باش بکەین و ئەدەبی منداڵانی کورد بەرەوپێشتر ببەین.
6
 داواکارین لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- هەموو لقەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
- ئەکادیمیای کوردی.
- هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
کە زیاتر و زۆرتر لە خەمی بەرەوپێشبردنی ئەدەبی منداڵانی کورددا بن، چونکە ئەوان نزیکترن لە ئەدەبی منداڵان، لە چاو شوێنی دیکە.
7
پێویستە دەزگاکانی راگەیاندن، بە هەر سێ جۆرەکەی (خوێنراو، بیستراو، بینراو)زیاتر گرنگی بە ئەدەبی منداڵان بدەن، چونکە بەڕاستی هەست دەکرێ میدیای کوردی کەمتەرخەمە لە ئاست گەیاندنی پەیامە جوانەکەی ئەدەبی منداڵان. 
8
پێویستە گۆڤارێکی مانگانەی تایبەت بە منداڵان هەبێ، کە بە شێوەیەکی زانستی و پسپۆڕانە کاری تێدا بکرێ و هەموو مانگێک لە کاتی دیاریکراوی خۆی بگاتە هەموو شار و شارۆچکەکان، بە تایبەتی سەرجەم قوتابخانەکان.
 9
 هەندێ منداڵ، بەهرەیان هەیە، وەک (دەنگخۆشی، وێنەکێشان، شیعر و چیرۆکنووسین، یان موزیک و وەرزش)، پێویستە دایکان و باوکان، لەگەڵ مامۆستایان، بەهرەی ئەو منداڵە بەهرەمەندانە بەهەندی وەربگرن و زیاتر هانیان بدەن بۆ بەرەو پێشچوون، هەوڵبدەن و نەهێڵن ئەو بەهرەیەی کە هەیانە، بپووکێتەوە.  
10
 پێویستە ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە دابمەزرێ، کە تەنها تایبەت بێ بە چاپکردنی کتێب و نامیلکە لەبارەی ئەدەبی منداڵان، کە بە زمانێکی سادە و ساکار و سووک و ئاسان و شیرین بنووسرێن، بەڵکو منداڵان بە زوویی تێیبگەن و لێی سوودمەند بن، بەڵام بە چاودێری لێژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا و بێلایەن، کتێبەکان چاپ بکرێن، یاخود ئەو ناوەند و بەڕێوەبەرایەتییەی کە پێشتر هەبوون و خزمەتیان بە رۆشبیریی منداڵان کردووە، پێویستە چالاک بکرێنەوە و لە خەمی ئەدەبی منداڵاندا بن.
11
 گرنگە ساڵانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دیدار و فێستیڤاڵ و کۆڕ و چالاکیی لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان ساز بکرێ.
12
 پێویستە ئەدەبی منداڵانمان خۆشبوێ و بە جددی کاری بۆ بکەین و خەمی لێ بخۆین، ئەگەر شاعیرێک شیعرێکی جوانی نووسی، یان چیرۆکنووسێک چیرۆکی باشی نووسی، یان نووسەران کتێبیان لەبارەی ئەدەبی منداڵان چاپکرد، بە دڵ پیرۆزبایییان لێبکەین و وەک ئەوە سەیری بکەین کە خۆمان نووسیومانە، بە ڕاستگۆیی و دەرووندروستی و دڵپاکی دەتوانین کاری زۆر باش بۆ ئەدەبی منداڵانی کورد بکەین.
13
 ئەوەی من ئاگادار بم چالاکیی و کۆنگرەی جیهانیی لەبارەی ئەدەبی منداڵانەوە ساز دەکرێ، بۆ نموونە: (کۆنگرەی نێونەتەوەیی ئەدەبی منداڵان) (IBBY)دوو ساڵ جارێک لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا ساز دەکرێ، کە تا ساڵی 2021، (سی و حەوتەمین)کۆنگرەی سازکردووە لەبارەی ئەدەبی منداڵان، کە تا ئێستا یەک کورد بەناوی (یاقووب خزری) نووسەر و رەخنەگر، کە خەڵکی شاری مەهابادە توانیویەتی لە کۆنگرەی (سی و حەوتەمین) بەشدار بێ. لەو کۆنگرەیەدا هەموو ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان، خوێندنەوە و پەرەپێدانی کەلتوری خوێندنەوەی کتێب و بە گشتی هەموو ئەو بابەتانەی بە شێوەیەک پەیوەندییان بە ئەدەبیاتی منداڵانەوە هەیە گرنگیان پێدەدرێت. هەر لەو کۆنگرەیەدا خەڵاتی «هانس کریستیان ئەندێرسن» دەدرێ بە یەکێک لە پاڵێوراوانی نووسەری داستان و شیعری منداڵان بە مەرجێک توانیبێتی شوێن‌ دەستی دیار و کاریگەر بێ لەسەر ڕەوتی کتێبی منداڵان.
هەر لە وڵاتی (مالیزیا)ش (سێ و هەشتەمین)کۆنگرەی جیهانیی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان (IBBY)لە ساڵی (2022)ساز کراوە، جا دەکرێ ئێمەی کوردیش، زیاتر گرنگی بە ئەدەبی منداڵان بدەین، هەم لە ناوخۆی کوردستان و هەم هەوڵی زۆرتر بدەین و کار بکەین بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵانی کورد بگاتە ئاستی جیهانیی و لە نێو گەلان و وڵاتان بناسێنرێ و بەڵکو بتوانین لە کۆنگرەکانی داهاتووی جیهانیی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بەشدار بین.

رۆستەم خامۆش – هەولێر

سەرچاوە: knwe