حەمید ئەبوبەکر بەدرخان
بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان
ئەڵمانیا
*
گەلی کورد، بە درێژایی مێژوو ژێردەستەیی زۆر دیوە و ستەمی لێکراوە، بەڵام هەرگیز سەری دانەنەواندووە بۆ دوژمنانی... بەدرخانییەکان، میرنشینییەکەیان لەپێناوی سەردانەنەواندن دانا! دوای ئەوەش درێغییان نەکردووە و رۆڵەکانیان چەندین کاری ناوازەیان کردووە، بەڵام کاری دیار و جیاوازیان دەرچواندنی یەکەمین نۆبەرەی ڕۆژنامەی کوردییە بەناوی ( کوردستان )، کە بە کوردی و تورکی، جوتە برا ( میقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان ) لە 21.04.1898 لە قاهیرە لە چاپخانەی هیلال لە قاهیرە، دەریانچواند.
جۆرجی زێدان، هەم نووسەرێکی میسری و هەم خاوەنی چاپخانەی دار هیلال بوو لە قاهیرە و بەگەرمی باوەشی بۆ ئەو جووتە برایە بەدرخانییە کردەوە، بەڵام بەداخەوە، جوتەبرا ناچاربوون رۆژنامەکە لە جنێف و .... یش چاپ بکەن، ئەمە بەڵگەیە کە جۆرجی زێدانیش لەلایەن عوسمانییەکانەوە فشاری لەسەربووە کە رۆژنامەکەیان بۆ چاپ نەکات.
ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور لە ساڵانی (٢٠٠٤ - ٢٠٢٣ ) لە ١٦ وڵاتی جیاواز، شازدە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخانی لە یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و هونەری، ئەنجامداوە ...
لەو یادەدا نامانەوێت قسەکانی ساڵانی پێشووتر دووپات بکەینەوە، بەڵکو چاومان لەوەیە پتر بگەڕێین بەشکو بتوانین بەهاوکاریی دڵسۆزان، ژمارە ١٩ ی ڕۆژنامەی کوردستان، کە تا ئێستا بزرە، بدۆزینەوە ...
شیاوی باسە، لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردووی تەمەنی ئەکادیمیای بەدرخان، چەندین نووسەر و رۆژنامەوان، لە ( ئەندامانی بۆرد و دەستەی نووسەران ) خۆبەخشانە لەهەموو بوارەکانی ( ڕۆژنامەی بەدرخان و چالاکییەکان و فێستیڤاڵەکانی بەدرخان و سیمینارەکان و چاپکردنی کتێب و ئینسایکڵۆپیدیای هەولێر ... ) کاریانکردووە، ئەمە هەم جێگای دەستخۆشییە و هەم لەلای خۆمەوە پێیدەزانم.
لەماوەی رابردوودا ئەکادیمیای بەدرخان بە ئەرکی سەرشان و خەمی خۆی زانیوە یادی هەر یەک لە نەمران ( مارف خەزنەدار و کەمال فوئاد ) بکاتەوە لە بەرانبەر خزمەتیان بە کولتوریی کورد و دۆزینەوەی ژمارە ئۆرجیناڵەکانی ڕۆژنامەی کوردستان. هەڵبەت سەرەتا ژمارە ( ١ ) ی ڕۆژنامەکە لە مۆسکۆ ، ساڵی 1968 لەلایەن دکتۆر مارف خەزنەدار و ٢٧ ژمارەیتر لە ئەڵمانیا لەلایەن دکتۆر کەمال فوئاد لە ساڵی ١٩٧١و پاشان ژمارە (١٠) و (١٢) لەلایەن دکتۆر جەلیلی جەلیل دۆزرایەوە، کە لە فێستیڤاڵی بەدرخان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دهۆک راگەیەندرا .
ئەکادیمیای بەدرخان توانی لەدوای کۆچی دوایی مارف خەزنەدار، لە چلەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک ئامادەبکات بە نێوی ( مارف خەزنەدار ،مەملەکەتێک لە کتێب ) و بۆ کەمال فوئادیش کتێبێک بەناوی ( کەمال فوئاد ، پیاوێک لە یاقوت ) لە ساڵی 2016 چاپ و بڵاوبکاتەوە.... سەرەڕای ئەوانەش سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە دوو چاپی جیاواز لە ئێران و میسر جگە لە ژمارە 19 چاپ و بڵاوکردەوە .
بەهیواین ڕۆژنامەنووسان، پڕۆژەکانیان پەرەپێبدەن بە مەبەستی بەردەوامبوون و بوژاندنەوەی پتری بواری رۆژنامەوانیی کوردی.