لە یاداشتنامەی کارمەندێکی کەرتی تایبەتی فرۆشتنی ئۆنلاینەوە...

 

زۆرجار کارکردن لە کەرتی تایبەتدا شەڕێکی بێدەنگە..

تۆخۆت ماندوودەکەیت، میلێکی زیادە دەڕۆیت،فێردەبیت تێدەگەیت،

تۆخۆت ڕێکدەخەیت، بەدواداچوون لەگەڵ نوێنەر و بریکارەکان دەکەیت،

بەرپرسیارێتی خۆت و کەسانی دیکە دەگریتە ئەستۆ،

هەڵەکان چاک دەکەیتەوە کە خەتای تۆ نەبوون،

بەرامبەر فشار و سەختی و وشەی ڕۆژانە دەوەستیتەوە کە وەڵامە نەرێنیەکانی وەک "بیری لێدەکەمەوە،بابزانم ،پرسیاردەکەم ڕووی نەداوە" یان "هێشتا وەرم نەگرتووە".

وە هەر جارێک ئەرکێکم تەواو دەکرد، لە شوێنێکی نادیارەوە ئەرکێکی تر دەردەکەوت. نەک لەبەر ئەوەی کەمتەرخەمیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی حەزت لە کەڵەکەبوون نییە، و ڕازی نیت لە مانەوەی کارەکان بە هەڵپەسێردراوی یان ناتەواو.

بەڵام کێشەکە لە خودی کارەکەدا نییە، بەڵکو لە هەڵسەنگاندنەکەدایە...

وەک ئەوە وایە ڕاپەڕاندن و کارکردن بە بەرهەمهێنان یان بەخۆبەخشی ناپێورێت، بەڵکو بە خۆدزینەوە  و زمان لووسی وماستاوکردن و نزیکبوونەوە لە  "بەرپرس" و توانای پۆلێشکردنی وێنەی مرۆڤەکان لەڕوو بەتایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتدان.

ئەگەر بێدەنگ بیت و سەرنجت تەنها لەسەر کارەکەت ودەستکەوتەکەی کۆمپانیا بێت، ئەوا نەبینراو دەبیت. ئەگەر زۆر باسی خۆت بکەیت،بەخۆتا هەڵبدەیت تەنانەت کەمێکیش، دەبیتە "سوپەرکەسایەتییەک" کە چەپڵەی بۆ لێدەدرێت، تەنانەت ئەگەر بەشداری کارەکەی کەمتریش بێت...

ئێمە کار ناکەین لەبەر ئەوەی حەزمان لە خۆنمایشکردنە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ویژدانمان زیندووە،  دەستکەوت بۆ خۆی چێژێکە. بەڵام پەیوەندییەکی ئۆرگانی گەورە هەیە لە نێوان دڵسۆزی وخۆنەویستی لەسەرکارو وەرگرتنی پاداشتی ماندووبوونت بەسوپاسێ یان  شتێکی ئاسایی..!

وە هەندێک جار، بیردەکەمەوە... چیدەبێت ئەگەر وەک هەندێک کەس مامەڵەم کردبێت ؟

تەنها دادەنیشم، زەردەخەنە دەکەم، سەرم دەجوڵێنم و وا نیشان دەدەم کە سەرقاڵم..!

ڕەنگە زیاتر پشوو بدەم... و ڕەنگە هەڵسەندگاندیان بۆم باشتر بێت..

بەڵام ئەوە پەروەردەی من نییە. ئەوە سروشتی من نییە. ویژدانم ڕێگەم پێنادات.. بۆیە هەرگیزشادمانم ناکات .