لە ڕێگەی شانۆگەری سەر شەقامەوە، ژنان پەیامەكانی دژ بە تووندوتیژی دەدەن بە گوێی كۆمەڵگەدا و پەیامیان ئەوەیە؛ هەموو لایەك كۆتای بە تووندوتیژییەكان بەرامبەر ژنان بهێنن.
ئەمڕۆ لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، شانۆی “ڕەش و سپی” نمایشكرا، لەلایەن گروپی بەرەنگاربوونەوەتی تووندوتیژی لەسەر بنەمای كۆمەڵایەتی نمایشكرا.
گوڵستان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری چالاكییەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی، “لە هەڵمەتی نیشتیمانی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر ژنان، ئەم شانۆگەرییە نمایشكرا، کە ناوەڕۆكەكەی باسی كێشە و گرفتەكانی ئەو ژنانەی دەكرد، کە ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە”.
وتیشی:”ئەم شانۆگەرییانە پەیامێكن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بتوانین كۆمەڵگا بەرەو هەڵسانەوە بڕوات، تووندوتیژی ژنان كەم ببێتەوە، ژنانیش لەسەر پێی خۆیان بووەستن”.
تێشو نامیق، ئەکتەری بەشدار لە شانۆگەرییەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی، “شانۆییەكەمان باسی لە كێشەكانی ژنان دەكرد، هەموویان لە چیرۆكێكی ڕاستییەوە وەرگیراون، ئەویش ئەوەیە چەندەها توندوتیژی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە كوردستاندا، لە ناوەڕۆكی شانۆییەكەدا باس لەوەشكرا، ئەگەر ژنان بەكۆمەڵ ڕووبەڕووی كۆسپەكان ببنەوە، هیچ كەسێك ناتوانێت ڕووبەڕوومان بێتەوە”.
سەرچاوە: rojnews