عهلی حهمه ساڵح
کۆتای ساڵی ٢٠١٢ بوو ، لە خانوەکەی گەڕەکی عەلی ناجی.. لە مەجلیسی کاک نەوشیرواندا بوین، کەسێک کە پێشمەرگەی دێرین بوو… دۆستی کاک نەوشیروان و مام جەلال بوو( من نەم دەناسی) .. چەند جارێک تەئکیدی لەوە دەکردەوە کاک نەوشیروان نەدەبوو یەکێتی جێبهێڵیت.
کاک نەوشیروان نەیدەویست بابەتەکە بکاتەوەو دەیگوت: نەماندەتوانی پێکەوە کاربکەین… ئەو بەڕێزەش کۆڵی نەدەدا..
کاک نەوشیروان هاتە سەر باس…
دوو گرفتمان هەبوو…
یەکیان: بە وردی باسی ناوخۆی حیزبی کرد چۆن بوە.. چەندین ناوی هێنا(باسکردنی بە پێویست نازانم)، زۆر وردەکاری وت.
رەبتی سەرۆک کۆمارو کۆمیتەو ڕێکخراوە دیموکراتیەکان و دارایی و هێزی چەکدارو ئەمنی و زۆر شت.
دواتر.. وتی هەموو شت لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە درایە پارتی، باسی وردەکاری ئەو یاسایەی سەرۆکایەتی هەرێمی کرد.
باسی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد کە بەبێ مام جەلال کراو، پرۆژەی پەسەندکراو چی بوو.
دواتر باسی سەردانێکی مام جەلالی کرد بۆ سەری ڕەش.
زۆر وردەکاری وت: لەبەر ئەوەی هەردوو بەڕێزان ( مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیان نەماون باسکردنی بە پێویست نازانم.
باسی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی کرد لە ساڵی ٢٠١١ یەکێتی چۆن بۆ پارتی تێپەڕاند. وتی: ئەو یاسایە زۆر مەترسیدارە.
وتی: بەرپرسی سوپا، نەوت، پەیوەندی دەرەوە، ئەنجومەنی ئاسایش…. چی لای پارتی نیە!
خاڵێکی دیکە…
ساڵی ٢٠١٣، من کاندیدبوم بە (١٤٠ هەزار دەنگ) بومە ئەندامی پەرلەمان، دوای هەڵبژاردن وتم: کاک نەوشیروان پلانمان چیە؟
وتی: بێ پلان نین.
دواتر: وتی: تەلەفونم بۆ د. نجەمەدین کەریم کردوە، وتومە: چی دەکەی..
وتی: کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی مان هەیە، وتم: زۆر باشە پێیان بڵێ: ئێمە ٢٤ کورسیمان هەیەو ئێوە ١٨… وادانێن ئێوە زۆرترن فراکسیۆنێکی ٤٢ کورسی پێکدەهێنین، پارتی ٣٨ کورسی هەیەو ئێمە حکومەت تەشکیل دەکەین و سەرۆک وەزیرانیش با بۆ یەکێتی بێت.
کاک نەوشیروان چاوەڕێی وەڵام بوو.
پاش ماوەیەک کاک نەوشیروان، وتی: ئیش لەگەڵ ئەمانەدا ناکرێت.
ناوی بەرپرسێکی یەکێتی هێنا( ئێستا لەدەرەوەی یەکێتی) یە… وتی: لەبری ئەوەی وەڵامی من بداتەوە…
ڕۆشت لە ڕۆژنامەی الشرق الاوسط بڵاوی کردەوە کە نەوشیروان مستەفا، دەیەوێت کودەتا بەسەر پارتی و بارزانی دا بکات! هەندێک قسەی ڕەقی بەرامبەر ئەو کەسە کرد.
کاک نەوشیروان لە ژیاندا نەماوە…
وەک وەفاو ئەرکێکی ئەخلاقی ئەم نوسینەم بە پێویست زانی…
کاک نەوشیروان پشتیوانێکی گەورەی من بوە لە ژیانمدا..
سەرچاوە : خەندان