لە هەڵەبجە رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە حەکیم مەلا ساڵح بەڕێوەدەچێت

لە هەڵەبجە رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە بەرهەمەکانی حەکیم مەلا ساڵح، نووسەر و لێکۆڵەر بەسەرپەرشتیی وەزارەتی رۆشنبیری بەڕێوەچوو.
رۆژی شەممە 20-08-2022 لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە رێوڕەسمی رێزلێنان بۆ حەکیم مەلا ساڵح بەئامادەبوونی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، دەلیل جەمال وەکو نوێنەری محەممەد حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە سەرەتا بە گوتاری وەزیری رۆشنبیری دەستی پێکرد کە لەلایەن دەلیل جەمال خوێندرایەوە. لە گوتارەکەدا ئاماژە بە سەردەمی پێشمەرگایەتی و ئاوارەبوونی حەکیم مەلا ساڵح درا، "حەکیم مەلا ساڵح لە سەردەمی شاخیشدا لەگەڵ پێشمەرگایەتییەکەی و تەنانەت لە کاتی ئاوارەبوونیشیدا بەردەوام بوو لە گەڕان بەدوای ئەدەب و نووسین و دەستنووسەکاندا بۆ خزمەتکردنی ئەدەب و کولتووری کوردی".

حەکیم مەلا ساڵح لە ساڵی 1968 دەستی بە کاری سیاسی و ئەدەبی کردووە پەیوەندیی بە یەكێتیی قوتابییانی کوردستانەوە کردووە، دواتر لە ساڵی 1982 دوای ئەوەی لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە دەستگیرکرا، چووە شاخ و دەستی بە خەباتی پێشمەرگایەتی کرد، لەو کاتانەشدا بەردەوام بوو لە نووسین و کتێبێکی بە ناوی یادنامە بڵاوکردەوە.

نوێنەری وەزیری رۆشنبیری لەبارەی ژیانی ئەو نووسەرە رایگەیاند، حەکیم مەلا ساڵح ناوێكە بە دوو ئاراستە، یەکەم: خەبات لە پێناو ئازادی دووەم: قەڵەمێک بۆ مێژوو و شانازی. "وەزارەتی رۆشنبیری بە رێزەوە سەیری هەموو هەوڵ و تێکۆشانی حەکیم مەلا ساڵح دەکات".

حەکیم مەلا ساڵح لە ساڵی 1954 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە وازی لە خوێندنی زانکۆ هێناوە. تائێستا 31 کتێبی چاپکراوی هەیە و هەشت کتێبیشی ئامادەن بۆ چاپکردن. زیاتر لە 50 ساڵە دەستی بە نووسینی بابەتی وێژەیی و نووسینی هۆنراوە و لێكۆڵینه‌وه‌ کردووە.

دواتر ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە گوتارێکی بە ناونیشانی "حەکیم و هونەر لە رۆژگارە سەختەکاندا" خوێندەوە و ئاماژەی بەوە دا، لە سەردەمی ئەدەبی سیمبولیزمدا، ئەو کاتەی رەخنە لە دەسەڵاتی بەعس دەگیرا، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ و لە بەرگێکی دیکەدا، لەو سەردەمەدا حەکیم مەلا ساڵح دەستێکی باڵای هەبوو لە پەرەدان بە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری شارەکە.

کتێبە چاپکراوەکانی حەکیم مەلا ساڵح: 
یادنامە

ئەو درەختەی کرمی خۆی گیانی چنی

مەولەوی: لێکۆڵینەوە، پشکنین و شیعری بڵاونەکراوە

دیوانی بێسارانی

دیوانی مەهجووری

شیوەنی هەڵەبجە

یوسف و زوڵێخا - خانای قوبادی

مەولەوی و تەقینەوەی زمان

سروەی بەرەبەیان دیوانی قانع

بەشێک لە دیوانی مەجزوب

ئەنوەر مەسیفی لە سێ قۆناخی شیعریدا

هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا- پێنج بەرگ (هەمەڕەنگ، شاعیران، کولتوور میتۆلۆژیا، شانۆ و مۆسیقا، چیرۆک و رۆژنامەگەری)

دیوانی ئەحمەد بەگی کۆماسی

فەرهەنگی سانسکریتی - لێکۆڵینەوە

دیوانی سالمی سنە

دیوانی یوسف بەگی ئیمامی

دیوانی ناتیق

دیوانی شەهید فاتیح

چریکەی سەنگەر - لەبارەی مۆسیقا و گۆرانی

شێخێکی دیکەی راپەڕیو

زمان و بیرکردنەوەی شیعری

مەولەوی و پەخشانی کوردی

وەرزی دروێنەی مرۆڤ

مەولەوی وەک شاعیرێکی ناتورالیزم

دیوانی ئەحمەد موختار جاف - بەرگی دووەم

دیوانی میرزا شەفیعی کولیایی

دیوانی خەستەی مۆردینی

کتێبە ئامادە و چاپنەکراوەکان:
کۆمەڵە چیرۆکێک (لە پرسەی خۆمدا)

کۆمەڵە چیرۆکێکی پۆلیسی - هیچکاک

کۆمەڵە چیرۆکێک لە فارسی و عەرەبییەوە بە ناوی (زەنگ)

کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان

کۆمەڵە چیرۆکی (پارووە نانێک) بەرهەمی کیومەرس کوڵەجۆیی کرماشانی

دیوانی خانای قوبادی

شیرین و فەرهاد - خانای قوبادی

بۆ سەر خەرمانی شیعری کوردی - بەرگی یەکەم

نالی لە روانگەیەکی ترەوە

 

سەرچاوە: rudaw