هەریەکە و خواردنێکیان هێناوە بۆ بەخشین، ئەمە کولتووری کاکەییەکانی گوندی هاوارە لە هەڵەبجە، رۆژەکەشیان ناو ناوە "ماستی قەڵاتێ".
لەیلا عەلی تەمەن 59 ساڵ، لە منداڵییەوە بەشداری یادکردنەوەکەی کردووە کە سەرەتا ماست و نانی وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ ماست و نانساجی دەبەخشێت.
لەیلا عەلی بە رووداوی گوت، "جاران بە قاپ وەرمان دەگرت و بە مەشکە دەمانبردەوە، پیرۆزە دەبێت هەر هیچ نەبێت لەم رۆژەدا بە یەک پیاڵەیش بێت ماست بەریتەوە و بیخۆیت."
20ـی مانگی چواری هەموو ساڵێک دیاریکراوە بۆ یادکردنەوەی رۆژی ماستی قەڵاتێ، بەڵام ئەمساڵ، بەهۆی مانگی رەمەزان دواخرا، رۆژی چوارشەممە و لە رێوڕەسمێکدا یادەکە بە بەشداری کاکەییەکان و بەشێک لە موسڵمانان بەڕێوەچوو، تێیدا جگە لە خواردن بەخشینەوە، چەند پارچە میوزیكێکی یارسانیش پێشکێشکرا.
عاسی فایەق، بەڕێوەبەری رێکخراوی شنروێی کاکەییەکان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا سێ جار ئەم رێوڕەسمە بە فەرمی کراوەتەوە، دووانیان تەنیا بۆ ناوخۆی گوند بووە، بەڵام ئەمەیان خزمانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەولێریش هاتوون و بەشدارییان کردووە."
لە کۆندا ئەوانەی خاوەن مەڕوماڵات بوون لە گوندەکە، ساڵانە رۆژێک دەچوونە سەر بەرزییەک و لەوێ بەرهەمی شیرەمەنی ئاژەڵەکانیان دەبەخشییە هەژار و کەمدەرامەتەکانی کاکەیی لە گوندی هاوار، هەر بۆیە ئەو یادکردنەوە تایبەتە بە کاکەییەکانی ئەو گوندە.
ژیان ئیسماعیلی 38 ساڵان کە موسڵمانە، 15 ساڵە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کاکەییەک پێکهێناوە، ئەویش ساڵانە بەشداری یادکردنەوەکە دەکات و دەڵێت، تامی ماستەکەیش جیاواز و خۆشە.
ژیان ئیسماعیل، مامۆستایە و باس لەوە دەکات، "رۆژەکە زۆر خۆش و تایبەتە، ئەو ماستەی وەریدەگریت و دەیخۆیت، بەڕاستی تامی لە ماستەکەی ماڵەوە خۆشترە، من ئەمڕۆ وەرمگرت، بەڵام خەسووم بەخشی."
بەپێی ئامارێکی نافەرمی کە لای کاکەییەکان هەیە، لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان نزیکەی 250 هەزار کەس دەبێت و تەنیا لە گوندی هاواریش نزیکەی 700 خێزان دەبن.
مێژووی رۆژی "ماستی قەڵاتێ" دەگەڕێتەوە بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا، لە دوای ساڵی 1979 و چۆڵکردنی گوندی هاوار لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوەکو ئێستا سێ جار بە فەرمی رێوڕەسمەکە کراوەتەوە، بۆ ئەمساڵیش بە درووشمی "بەخشین نەریتمانە" بەڕێوەچوو.
سەچاوە: rudaw