لە نێوان کڕوزانەوە و دەستمایەی نەتەوەییدا

 د.شیلان فەتحی

35 ساڵ تێپەڕی بەسەر یەکێک لە رووداوە تراژیدیییەکانی گەلەکەمان، کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی زاڵمانەی رژێمی بەعس. هاوشێوەی گەلانی دیکەی بن دەست، گەلی کورد لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی لە ئازادی و رزگاریی، رێی خەبات نەما تاقینەکاتەوە تاکو گەیشت بە خەباتی چەکداری، لەو پێناوەشدا بە سەدان مرۆڤ گیانیان بەختکرد، بوونە مێژووی سووری گەلەکەمان. 

ناچارکردنی حکومەتی دوای رژێمی بەعس بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتی کوێت کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داگیرکرا، لە پێوانەی زیانەکانی گەلی کورد و خاکەکەی بەرامبەر بە کوێت، ئەوپەڕی نابەرامبەری هەیە

لەبەرامبەر خۆڕاگریی گەلەکەمان، دوژمنە بەزۆر سەپێندراوە یەک لەدوای یەکەکان، جۆرەکانی کوشتن و بڕین، شێوازەکانی مەرگیان لەسەر تاقیکردینەوە، ئەنفال و شاڵاوە دڕندانەکانی، بێ بەزەیی و دڕندەیی دوژمن و مەزڵومیەتی گەلەکەمانی سەلماندەوە. 
وێڕای کۆمەڵکوژی مرۆڤەکان، وێرانکردن و خاپوورکردنی هەزاران گوند، شێواندنی ژێرخان و سەرخانی سروشتی خاکی کوردستان، بە بەرچاوی هەموانەوە، دەرخەری ئەو راستییەن لە نێوان زۆردار و ماف زەوتکراودا. 
وڵاتانی جیهان و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش زۆر بە ناوەختەوە پەرژانە سەر مەرگی سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوان، بێگومان لە خۆڕایی لە کوردەواری نەوتراوە: «پارە دین بەرە»، روونتر بەگوێرەی رووداوەکە و کەڕ و لاڵ بوونی وڵاتان بدوێین، بەڵێ بەرژەوەندی هۆکاری فەرامۆشکردنی گەلێکی ئەنفال کراوە.
لە سێدارەدانی سەدام، لەسەر تاوانی دۆسێیەکی دیاریکراو کە بەراورد بە تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد، بچووک بوو، لەهەمان کاتدا ناچارکردنی حکومەتی دوای رژێمی بەعس بە قەرەبووکردنەوەی کوێت کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داگیرکرا، لە پێوانەی زیانەکانی گەلی کورد و خاکەکەی بەرامبەر بە کوێت، ئەوپەڕی نابەرامبەری هەیە. 
بە هەموو پێوەرێکی یاسایی دەبوو لەسەر تاوانەکانی دژ بە گەلی کورد و خاکەکەی بە سزا بگەینرێ، حکومەتی نوێی عیراقیش کە لە رووی یاساییەوە میراتگری حکومەتەکانی پێش خۆیەتی دەبوو ناچار بکرێت بە قەرەبوو کردنەوەی گەلی کورد، کە نەکرا، ئەوە شایانی هەڵوێستە و بەخۆداچوونەوەیە.
بونیادی نەتەوەیی پێویستی بە ستراتیژی دوورمەودا، دوای دەیان رووداوی تراژیدی مرۆڤایەتی دژ بە کورد و خاکەکەی، کە خۆی  لە کوشتنی مرۆڤ بە تاک و کۆمەڵ و تێکدان و بێ خێرکردنی خاک و وێرانکردن و هەوڵی چڕ و پڕی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیەکدا دەبینێتەوە، بە ئارەزوو لە نوێ بەخشینی دیمۆگرافیای شار و دێ، هەر بە چالاکی فەرشی سوور و چەپڵە و چەپکە گوڵ و وتاری بێ کردار نەک ناتوانێت برین ساڕێژ بکات، برین بە سوێتر دەکات، درەنگتر دەکەوین بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە جۆرا و جۆرەکانی سیاسەتی لە مێژینەی دوژمنکاری.
ئێستا کە جوگرافیاکەمان تەنراوە بە هەلپەرستی سیاسی و تێرنەخۆرەی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، باشترین بژاردە تەریبکردنی بەرژەوەندییەکانمانە بە بەرژەوەندخوازان، ئەگەرنا نە دوژمن کۆتایی دێت و نە ئامانجیش دەمرێت، لەو نێوانەدا دەبێت لەبری هەفتە یادی کڕوزانەوە، یادی ئەنفال بکەین بە ساڵانە یادی تێفکرین و پڕۆژە و کار، لێکۆڵینەوەی سیاسی و خوێندنەوەی ساتەوەختی ئەنفالکردنمان و هۆکار و هاوکێشەکان، بەدەنگەوە هاتن و بێدەنگکردنمان. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: رژێمی لەناوچووی عیراق بە بیانووی هەبوونی بێگانە کۆمەڵکوژی کوردی کرد لە کاتێکدا زۆرینەی جموجۆڵە سیاسی و رەسمی و حکومییەکان، پرسە چارەنووسسازەکان و ..هتد بە ئاشکرا نەک هەبوون، بەڵکو جێ دەستی وڵاتان بەسەر عیراقدا دەبیندرێت، ئەنفالکردنی گەلێک لەپێناوی چی؟ 
ئەوانە و کۆمەڵێک پرسیار کە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد وردتر زۆر ژیرانە قۆناغ و دۆخ و هاوکێشەکان بناسن، لەبەرامبەردا بە ئەرکی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان جێبەجێبکەن، دواجار سەرکەوتنی نەتەوەیی سەرکەوتنی هەموو جومگەیەکی بازنەی ژیانە بە گشتی لەناویدا سیاسەت و حکومڕانی و دەستمایەی نەتەوەیی.

 

سەرچاوە: کوردستانی نوێ