
چیا عەباس
پەندێک دەڵێت: وەک درەختێک بە پێوە بمرە.
شەشی حوزەیرانی ١٩٦٣ تەمەنم ١٣ ساڵ بو، شاهیدی کارەساتە خوێناویەکانی ئەو رۆژە بوم کە رژێمی فاشستی بەغدا لە سلێمانی ئەنجامی دان. مەبەستم نیە بەم نوسینە لە یادەوەریەکانی ئەو رۆژەدا تەنها تورەیی و دڵگرانی و خواستی تۆڵەکردنەوە دەربرم، بەڵکو دوای ٦٢ ساڵ پرسیار لە دەسەڵاتی کوردی ئەم هەرێمە داماوە بکەم: ئێوە لە کوێی بەرپەرسیاریەتی مێژوییدا دان؟
ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا وەک درەخت ماڵئاواییان کردوە ناودار و ناسراون. لە بەرامبەر ئەم تاجە گوڵینانە چەندین سەرکردە و سیاسەتمەدار و ... لە رێباز و پرەنسیپەکانیان لایان داوە، مایەپوچیان بۆ خۆیان و دەور و بەریان تۆمار کردوە. لە کۆمەڵگای کوردەواری لە باشور نمونەی ئەم مایەپوچانە کەم نین. مایەپوچی تەنها بە خیانەت پێناسە ناکرێت، لادانی کۆمەڵایەتی و فەرمانرەوایی و گەندەڵی و ... زەلکاوە گەنیوەکەی دەرازێننەوە.
ساڵەکانی ١٩٦٧-١٩٧٤ حەوت ساڵی زێرینی ژیانی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتیم بو، لەو ساڵانەدا وەک خوێندکارێک لە زانکۆی بەغدا دەستەیەک لە رۆڵە تێکۆشەر و پاک و و رۆشنبیری کوردی ئەو سەردەمەم ناسی: لە سەرویانەوە مرۆڤێکی مەزنی کورد شەهید صالح یوسفی، خاڵە شەهاب، شەهید ئارام، رەنج نوری شاوەیس، فەرهاد عەونی، شەهید مامۆستا عەزیز و رەوف ئەکراوی، خوالێخۆشبوان شێخ دارۆ، جلال خۆشناو، عادل موراد. عبدالرزاق فەیلی، كاکە شازاد، کاک نەوشیروان و چەندین رۆڵەی نەبەردی تر. نهێنی بنەرەتی سەربەرزی ئەم دەستەیە لەو سەردەمە و دواتریش یەک هاوکێشە بو: هەمو بۆ هەر یەکێک و هەریەکێکیش بۆ هەمو. ئەم پرەنسیپە لە سەردەمەکانی خەباتی شاخ و نهێنی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول کەرەستەی بنەرەتیان بو، مایەپوچبون نەیتوانیوە خۆی لە قەرەی بدات.
باجی (.....) شاژنێکی کوردی هەژاری نەخوێندەوار بو کە پارویەک نانی بۆ دو کور و کیژەکەی لە سلێمانی بە جل شۆرتن و نان کردن لە ماڵان پەیدا دەکرد، ئەم شاژنە سێ مرۆڤی نەبەرد و مەزنی نەناسراوی بۆ کورد و کوردایەتی گۆشەکرد، تا دوا هەناسەی ژیانی ئەوەی لە ژیانیدا بیری لێ نەکردۆتەوە مایەپوچبون بوە.
خۆم لە قەرەی پێش راپەرین نادەم، نەک وردە زانیاری نەبێت، باشترە لە دوای راپەرینەوە دەست پێبکەم، قۆناغێک زۆربەمان لە گەڵیدا رۆیشتوین وئاگادارین، زۆر باسکراوە و نامۆ نین بە روداو و ئاکام و فیگەرەکانی...تاد.
سەردەمی راپەرین و دوای بایەخی بەرچاوی دنیا بەو روداوە و کۆرەوەکە شاندی کورد بە دو وەجبە دەچنە لای سەدام. یەکەم بە سەرۆکایەتی مام جلال و دوەمیش مسعود بارزانی... هەر دو سەرکردە لە دید و بۆ مەبەستی جیاواز لە بەغدا کار دەکەن، یەکەم بەنەفەسی مناوەرەی سیاسی و چاوەروانکردن و نە رێکەوتن لەگەڵ سەدام و نە شەرکردنیشی، دوەمیش بۆ رێکەوتنێک (لێکتێگەیشتنێک) لەگەڵ سەدام.
دواتر بەرەی کوردستانی کە لاوازبونی سەدامی لەو ساتانەدا بە کۆتایی دەسەڵاتی دەزانێت و لە ژێر فشاری چەند بەرپرسێکی کورد بریارێکی سەرپێیانەی عاتفی دەدات بە رەتکردنەوەی ئەگەرەکانی پشودان و خۆرێخکستنەوەی نێو ماڵی کورد. ئەو دۆخە تا روخاندنی سەدام ١٢ ساڵی خایاند، دۆخێک کە کورد تێیدا باجێکی گەورەی مایەپوچی مۆراڵ و سیاسی سەرکردەکانی بە خوێنی هەزاران کوژراو و ماڵوێرانی و سەرگەردانی خولەکانی شەری ناوخۆ بەخشی. تا ئەم چرکەیەش پشکی شێری مایەپوچی لەوێوە سەرچاوەیان کردوە.
کارەساتەکانی ٣١ ئۆگۆست و ١٦ ئۆکتۆبەر حاشا هەڵنەگرن بۆ زەلکاوی گەنیوی مایەپوچی سیاسی لە باشور.
دواتریش شەرە پەرۆ و رەنگ و زمان و پارە و مانۆری سیاسی و سەربازی رێگاخۆشکەری بنەرەتی بون بۆ گەورەترین کارەساتی مایەپوچبونی سیاسی و فکری و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی لە باشور کە پارتی و یەکێتی بەخولەکانی شەری ناوخۆ خەتمیان کرد. لەوە کارەساتتر کاتێک بەزەبری ئەمریکا شەرەکە وەستێنرا سەرکردە و بەرپرسەکانی ئەو دو حزبە وەک ئەوەی نەبایان بینێبێت و نە با بێ شەرمانە قۆڵیان کرد بە قۆڵی یەکتردا و کەوتنە دۆشینی میللەتی کورد.
راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان، تایبەت ئەوانەی لە ویکیلیکس بڵاوکراونەتەوە (نزیکەی ٨٠ راپۆرت) دەیسەلمێنن کە دارمانەکە تەنها لە مایەپوچبونی سیاسی و و حوکمرانیدا قەتیس نەبوبو، بەڵکو بەخەستی تەشەنەی کردبو بۆ بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دارایی و حوکمرانی و گەندەڵی کەسایەتیە سیاسیەکان. زیادە بۆ ئەمانەش بازرگانیکردن بە پرسی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکان و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربرێن و کوشتن و زیندانیکردن و نانبرینی ئۆپزسیۆنی دڵسۆز لوتکەی مایەپوچبونی دەسەڵاتی کورد لە باشور دەسەلمێنن.
سەردەمەکانی ئیمپراتۆریەکانی رۆما خانەوادەکان (نبلاء) و خەڵکی عادی دو روی یەک دراوی سەردەمەکەیان بون: قەیسەر و شورای میللەت. لەم هەرێمەی خۆمان "شازادەکان" زۆر بە سەقەتی و کاڵفامانە بە شانازیەوە هەوڵیان دا لە سایەی رێکەوتنێکی ستراتیژی نارەسەن کۆپی ئەو ئەزمونەی چەند هەزار ساڵ لەمەوپێش بسەپێنن: دەسەڵاتی رەهای حزب و بنەماڵە بە رتوشەکانی پەرڵەمانێکی پوچەڵ برازێننەوە، لە فیفتی بە فیفتیەوە بۆ رێکەوتنەکانی ژێر زەمینەکان، تەنانەت لەمەشدا مایەپوچبونیان دروێنە کردوە چونکە وەک عەرەب وتەنی: " فاقد الشیء لا یعطیە"
ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم بە کولەمەرگی و هاوکێشەکانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و عیراق دو ئیدارەیی لە ژێر یەک سەقفدا بەرێوە دەبەن، راستە بەمە کیانی هەرێمی کودستان لە تەواوی دارمان پارێزراوە، بەڵام کیانێک زۆربەی کەرەستەکانی مایەپوچبونی هەمەجۆرەی تێدا خەزن کراون، چونکە جوگرافیا، دەسەڵات، زمان، ئەخلاق، پێشمەرگە، مێژو و تەنانەت سەروەریەکانیش وەک پشکەکانی دو کۆمپانیای بازرگانی دابەشکران.
ئێستا لە سایەی مایەپوچیدا و کروزانەوە لە دۆخی ئاڵۆزی عێراق و ناوچەکەدا دەسەڵاتی هەرێم هیچ کارتێکی سیاسی و سەربازی بەدەستەوە نەماوە تا لە سایەیاندا دەرفەتێک بۆ هەناسەدان برەخسێنێت. خۆیان و پاشکۆکانیان وەک سەپانێکی گوێرایەڵ درێژە بە دۆخەکە دەدەن چونکە گیرفانی شەرواڵەکانیان هێشتا بە دڵی خۆیان پڕ نەبون.
سەرچاوە : سپی میدیا