لە سپارتا نووسینی کتێبی'مەحاڵبوون"م تەواوکرد

د.ساماڵ مانی

شوقەیەکم لەوێ بە کرێ گرتبوو ئەو زستانەی پار زۆر بە هەرزان (هەرزانتر لە کوردستان و بێگومان زۆر هەرزانتر لە بەریتانیا)، دەیڕوانیە سەر دیمەنی زۆر جوان و دڵڕفێن. دەوروبەر پڕ لە شوێنەواریی دێرین بە دڵی من، هەندێکی بە ئۆتۆمبیل پێی دەگەیشتی بە کرێیەکی کەم و هەندێکی بە ڕۆیشتنی دوور دوور تا خاڵیکردنەوەی مێشک لە بیرکردنەوە ژاکاوەکان.

یەکێک لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بازاڕە هەفتەی دێهاتیەکان، میوە و سەوزە و بەرهەمی باخەکانیانم لێدەکڕین، یەکدوو ماسی ڕاوی ئەو ڕۆژە کە تەنها 'سیباس'م تیا دەناسینەوە ، شیر و ماست و هێلکە و پەنیر و کەرە و خۆراکیتری هەفتەکەمم دەکڕی بیبەمەوە بۆ شوقەکە، لەگەڵ هەندێ کاکڵەی گوێز و بایەم و هەنگوین و هەنجیری وشک، کەی برسیم بوو خواردنم لەبەردەستدا بێت و دانەبڕێم لە نووسین لەبەر بازاڕکردن.

کە گەڕامەوە، جانتاکەی پشتم و دوو عەلاگەی گەورەم بە دەستەوە بوو، زۆر قورس بوون. باوکی ئەو پیاوەی شوقەکەم لێ بەکرێ گرتبوو لە دوورەوە بەرەوو ڕووم هات یارمەتیم بدات.
ئەو: ئەی ئەیئەیەی یەی.

(بەدەم خۆیەوە) کۆمەڵێک قسەی بەزمانی خۆیان کرد و لێی تێنەگەیشتم.

کە گەیشتمە بەردەرگاکە زۆر سوپاسم کرد و کیسەکانم لێوەرگرتەوە تا بیانبەمە سەرەوە بۆ شوقەکە.

تەلەفۆنەکەی دەرهێنا و بە ئیشارەت ووتی بوەستە.

بە دوودڵیەوە وەستام کەمێک.

تەلەفۆنەکەی دایە دەستم بە ئینگلیزیی لێی نووسرابوو:
مەدام ،هاتوویت بۆ ئەم شوێنە خۆشە، کەچی هەفتەیەکە بە شەو و ڕۆژ لەماڵەوەیت، نایەیتە دەرێ، هیچ نایەیتە دەرێ! ژنەکەم ڕۆژێکیان بە زۆر ناردمی وتی بزانە ماوە؟ نەهاتم.
من: سەیریم کرد و هیچم نەووت.

هەرچەند هەوڵمدا، نەمزانی چۆن بە کورتی تێی بگەیەنم پێم نەزانیبوو ماوەیەکی هێندە زۆرە نەهاتوومەتە دەرەوە.

سەیریم ئەکرد، هەستم ئەکرد وەڵامەکەم زۆر دوورودرێژ دەبێت. منیش پەلەم بوو بچمەوە سەر نووسینەکەم و ئەوەی دەمویست بیڵێم تەواو بێت و بینووسم.

ئەو: (بەسەر ڕاوەشاندن و بەزەییەوە) ئەی ئەیەیەیەی. (بە غەمباریەوە بە جێی هێشتم).

پاش چەند ڕۆژێک، ئەو بەشەم تەواوکرد کە سەرقاڵی کردبووم، ئیتر هاتمە ناو ژینگەی دەوروبەرم لە نووسینی بەشەکانیتری کتێبەکە و ڕۆژانە پیاسەی بەیانیان و ئێوارانم ئەکرد بۆ ڕاگرتنی تەندروستیم.
یەکەم بەیانیی کە چوومە دەرەوە، خۆی و ژنەکەی لە چا-قاوەخانەکەی سەرسوچی کۆڵانەکە دانیشتبوون. بینیمیان، بە جۆرێک ڕوویان گەشایەوە تەنها لە دایک و باوک و کەسوکارم دیوە کاتێک دڵشاد ئەبوون پاش دیتنی سەلامەتی مناڵەکانیان.

ئەمجارەیان ئەوان فریا نەدەکەوتن پرسیار بکەن، من بە تەلەفۆنەکەی ئەو ، بەئینگلیزیی ،ئەو وەڵامە دوورودرێژەی پێشتر نەدەوترا، پەیتا پەیتا بۆم دەنووسین و ئەوان هەردووکیان سەریان نابوو بەیەکەوە و بە زمانی خۆیان دەیانخوێندەوە و منیش بۆم باسدەکردن سەرقاڵی چی بووم وا ئاگام لە ڕۆژەکانی هەفتە نەمابوو و نەیاندەبینیم لەدەرەوە.

سێ هەفتەکەی دوای ئەوە، هەر یەکدوو رۆژ جارێ ژنەکەی ئێواران قاپێک خواردنی گەرمی یۆنانی و هەستێکی پڕ لە میهرەبانیی بۆ ئەهێنام.

کە ماڵئاواییم لێ کردن، پێم ووتن:
ئێمە و ئێوە زۆر لە یەک دەچین. هەردوو قەوم، شەڕکەری زۆر ئازا و نەترسین، کەچی دڵ گەرم و پڕ لەمیهرەبانیی و محەبەتین.

کە خوێندیەوە، سەیرێکی کردم، بەر لەوەی ئەو قسە بکات من بە ئینگلیزیی پێم ووت: "لە سپارتا کە پێیان دەووتن 'شەڕە'، نەیاندەپرسی بۆ؟ دەیانووت لە کوێ یە؟ بە پەلە خۆیان بۆ ئامادە دەکرد.
ئەوە سەرگوزەشتەی مێژووی ئێمەشە.

زۆر دیار بوو تێگەیشت، چوونکە لەگەڵ مندا بە ئینگلیزیی دەیووتەوە "لەکوێ؟" "نەک بۆ؟"
Not why?
But
Where is it?
کە ئەوەم بە ئەو ووت، زانیم ئەو لە یەکچوونە، هۆکارێکە بۆ گەڕانەوەی بەردەوامم بۆ سپارتا و شوێنەوارەکانی
بیرەوەریەکی ڕۆژانی نووسینی 'مەحاڵبوون'

 

سەرچاوە : سایتی زەمەن