لە سلێمانی دامەزراندنی نوێنەرایەتیی شێفەکانی کوردستان راگەیێندرا

لە رێوڕەسمێکدا کە چوار مانگە ژمارەیەک شێف لە سلێمانی سەرقاڵی ئامادەکردنین، دامەزراندنی نوێنەرایەتیی شێفەکانی کوردستان راگەیێندرا کە لە رێوڕەسمەکەدا 81 شێف ئامادەبوون.
ناسک سەباح، ئەندامی دەستەی باڵای نوێنەرایەتیی شێفەکانی کوردستان بە رووداوی گوت: "هەموو چێشتخانەیەک وەستا و چێشتلێنەر و شاگردی هەیە، بەڵام تائێستا کۆکراوە نەبووین لەژێر چەتری ناوێکدا، ئێستا ئەم کۆمەڵەیە هەمووی کۆکردووەتەوە و ئامانجمانە کاری ئاست بەرزتر و باشتر و چاکتر بکەین".

شێفەکانی سلێمانی دەڵێن، خاوەنکارەکان جیاوازیی زۆر دەکەن لەنێوان شێفە بیانی و کوردەکان و مافەکانیان پێشێل دەکەن. دەشڵێن، کاتێکی زۆرتر کاریان پێ دەکەن بەرامبەر پارەیەکی کەم.

هەڤاڵ ناسیح، ئەندامی دەستەی باڵای نوێنەرایەتیی شێفەکانی کوردستان باسی لەوە کرد: "جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لەنێوان شێفە بیانییەکان و کوردەکان و حسابێکی زیاتر بۆ ئەوان دەکرێت. شێفە بیانییەکان بۆ هەر رۆژیکی ئیشکردن، 100 دۆلاریان پێدەدرێت، بەڵام شێفەکانی ئێمە بە پاڕانەوە و سوپاسیشەوە 60 بۆ 70 هەزارمان دەدرێتێ." 

لە سلێمانی هەزار و 500 چێشتخانە و بنکەی گەشتیاری هەن کە بەشێکی زۆریان چێشتلێنەر و شێفیان هەیە. ئەو نوێنەرایەتییە دەیەوێت چێژی خواردنی خواردنگە و چێشتخانەکان بە رەسەنی و چێژی نایاب بپارێزێت. 

مەحموود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پلانمان هەیە لەمەودوا لە ریگەی کۆمەڵەکەمانەوە کاری ئەم نوێنەرایەتییە بەجۆرێک پێشبخەین کە هەر چێشتخانە و شوێنێک شێفی ویست بێ ئەوەی بگەڕێت بەدوایدا یەکسەر بێتە کۆمەڵەکە و لێرەوە شێفەکەیان بۆ بنێرین، وەک کاری زۆر زیاتر و باشتریش لە پلانماندا هەیە بۆ خزمەتی کەرتی گەشتیاری لە سلێمانی".

شێفەکانی سلێمانی پلانیان داناوە لە ماوەیەکی نزیکدا خولی پیشەیی لە بوارەکەی خۆیان بکەنەوە و ژمارەی شێفە کارامەکان لە چێشتخانەکانی کوردستان زیاتر بکەن.

 

 

سەرچاوە: rudaw- هۆرڤان رەفعەەت