لە دەیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكاندا؛ نە عەدالەت بەدیهاتوە و نە مەترسی بیری توندڕەوی كۆتایی هاتووە

 

 

facebook sharing button

twitter sharing button

email sharing button

telegram sharing button

messenger sharing button

د. بەرهەم ساڵح لە وتارێکدا لە ژێر ناو و نیشانی ( لە دەیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكاندا؛ نە عەدالەت بەدیهاتوە و نە مەترسی بیری توندڕەوی كۆتایی هاتووە)، دەڵێت"پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێکی پڕ مەترسیدار و ئاڵینگاری قورس بکەین".

د. بەرهەم ساڵح لە وتارەکەیدا نوسیوێتی" ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی دە ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنیەكان دەكەینەوە كە هەتا ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاكردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانیەكان، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شەنگال".

دەقی وتارەکە: 

لە دەیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكاندا؛ نە عەدالەت بەدیهاتوە و نە مەترسی بیری توندڕەوی كۆتایی هاتووە

بەرهەم ساڵح

كیژێكی ئێزدی لە شەقامێكی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو داعشیە هەڵاتووە دەبینێت كە دەستدرێژی كردۆتە سەر؛ تا ئێستاش بە هەزاران ئێزدی بێ ماڵ و حاڵ لە كەمپی ئاوارەکاندا دوور لە زێدی خۆیان دەژین، و چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار ژن و کچی بە کەنیزەکراوی رفێنراو بە نادیاری ماوەتەوە،  شەنگالیش تا ئێستا سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە بۆ بەدینەهاتۆتەوە.

بەداخەوە دوای دە ساڵ لەو مەرگەساتە هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێكهاتەیەكی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە. با هەمووان بۆ چاككردنی دۆخەكە هاوکار بین و پێكەوە رێكاری تەندروست بگرینەبەر ، و چیتر داواكاری رەوای خەڵكی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت،  و بە هۆی بەرژەوندییە سیاسیایەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت.

لە یادی دە ساڵەی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان لە شەنگال، بە دڵتەنگییەكی زۆرەوە ئەو رووداوە ئازاربەخشە دەكەوێتەوە یادمان كە بوە هۆی ئەوەی هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوە، هەر لە کوشتاری مرۆڤ و  رفاندنی کچان و ژنان و بزرکردنی منداڵان و وێرانكردنی ئاواییەكان. لەم رۆژەدا کە تیرۆری ڕەشی داعش شەنگالی داگیركردو تاوانی کەموێنەی ئاوای تێدا ئەنجامدا، مرۆڤایەتی لە ئاستیدا عارەقەی شەرمەزاری دەسڕێت. 
 

ئامانجی تیرۆریستان كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی ئێزدیەكان بوو، بەڵام خۆڕاگری گەلەكەمان و قوربانیدانی هێزە ئەمنیەكانمان و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پلانی تیرۆریستەكانی هەڵوەشاندەوە. توندڕەوەكان بە پاساوی لێكدانەوەی تەکفیر و نابوتی بە ناو ئایین، کە ڕیشەی لەناو ئەخلاقی رەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزییە، ئەم تاوانەیەیان ئەنجام دا.  ئەم پاساوانە سەرچاوەیان لە واقعی دواكەوتوویی و شكست و نائومێدی ئەو کۆمەڵگایانە دێت کە دابڕاون، و لەئاست جیاوازییەكاندا  هەستی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانەی لەخۆی بێهێزە زاڵ دەبێت. 

پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت، ئەم تاوانەی ڕویدا لە سایەی بەرژەوەندی هەندێ هێزو وڵاتدا بوو کەلەگەڵ تیرۆرو تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربو،  هەورەک چۆن لە ئەنجامی كەمتەرخەمی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بوو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگری كردن لە ئاواییەكانی ئێزدیەكان، ئەم هەرەس هێنانە بە جۆرێک بوو تەنانەت لە كاتی هێرشی داعشدا؛ خەڵكی ئاسایی و لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وەحشیەتی داعشەکان بە جێهێڵدران. 

با ئەم یادە بۆنەیەک بێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو ئاڵینگارییانەی تاوەكو ئێستا لەبەردەم ئاساییکردنەوەی ژیانی ئێزدیەكانە ، دەرفەتێک بێت بۆ بەخشینی هیوا بۆ داهاتویەكی گەشەسەندوو بۆیان . چونكە ئەوان شیاوی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام و پێدانی هەلن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیانی خۆیان و ڕوخساری كۆمەڵگەكەیان و نەخشاندنی داهاتوویان. 

قەبارەی ئەو مەرگەساتە كە لەبەرچاوی هەموو جیهان روویدا، ئاسەوارە نالەبارەکانی وای كرد کەلەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكوان و رێكخراوی مرۆیی ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقدا بوم هەوڵی ساڕێژی هەندێ لەو برینانە بدەین، بەتایبەتیش كە ئەو تاوانە قێزەونە رفاندنی كچانی ئێزدی گرتبوەوە و بە شێوەیەكی زۆر دڕاندانە رەفتاریان لەگەڵدا كرابو. لەو ماوەیەدا توانیمان یاسای كچە رزگاربووە ئێزدیەكان بچەسپێنین، و قوربانیانی كچانی شەبەك و توركمان و مەسیحیەكانیش بگرێتەوە، كە خۆی لە قەرەبوو كردنەوە و دووبارە ئامادەكردن و ساڕێژی دەروونی،چونەوە ناو كۆمەڵگە و نیشتەجێكردن، هەلی فێركردن و دامەزراندن و داننان بە كۆمەڵكوژی، دادگایی كردنی تاوانباران، سۆراغكردن و گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا لە لیستی وونبوەكاندان، هەروەها دانانی رۆژێكی نیشتمانی بۆ یادكردنەوەیان لە 3ی ئابی هەموو ساڵێك. لەگەڵ ئەوەی دەزانین كە هیچ قەرەبوكردنەوەیەك و داننان بەو پرسە و هاوسۆز بوون، قەرەبووی ئەو ستەمە ناكاتەوە کە ئێزدیەكان هەستی پێدەكەن، بەڵام هیوامان وایە ئەمە سەرەتایەك بوبێت بۆ پرۆسەیەكی بەردەوام و پێشكەشكردنی قەرەبووەكان لەلایەن دەوڵەتی عێراقییەوە؛ بەوەی بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقیە لە بەرامبەر گەلەكەماندا. هەروەك هیواخوازین هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئەم پرسە جدی بن و هەوڵی كۆكردنەوە و بە ئەنجام گەیاندنی بۆ بدرێت؛ و هەركەسێ هاوكاری داعش بوبێت لە ئەنجامدانی تاوانكاریەكان باجی تاوانكاریەكانی بدات و قەرەبووی قوربانیەكان بكاتەوە، لەسەروی هەمووشیانەوە قەرەبوكردنەوەی ئێزدیەكان كە لەو ماوەیەدا دەردەسەرییەكی بێ وێنەیان بینی.

ئەمرۆ، دوای تێپەڕینی دە ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنیەكان دەكەینەوە كە هەتا ئێستا بەربەستن لە بەردەم رەفتاكردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانیەكان، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شەنگال، و فەراهەم كردنی دەستبەری دەستووری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدیەكان لە رووی ئایینی و كەلتووریەوە، دوور لە هەموو پەراوێزخستنێك، سەرەڕای فەراهەمكردن و بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایش لەناوچەكەیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان ئەمەش لە پێناو گەڕاندنەوەی كۆچپێكراوەكان بۆ ماڵ و حاڵ و زێدیان؛ كە لەم دواییەدا هەندێكیان سەربەستانە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. هەروەها پشتیوانی كردنی هەوڵی نێو دەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق و بە دیكۆمێنتكردنی و كاركردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان كە سەدان قوربانی تێدایە؛ لەم نێوەندەدا پشتیوانی دەكەین لە رێكارەكانی تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگایی كردنی تاوانەكانی داعش (یونیتاد) و هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. لەم بارەیەوە پێویستە دەستخۆشی لەو بڕیارە گرنگە بكەین كە رێگا بەوە دەدات ئێزدیەكان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، كە چەندین ساڵ بەهۆی سیاسەتەكانی پەراوێزخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سەركوتكەرانەوە لێی بێ بەش كرابوون.

پێویستە بەرژەوەندی قوربانیەكان و كەس و كاریان لەسەروی هەموو ئیعتبارێكی سیاسیەوە بێت، هەموومان پێكەوە بە یەکگرتویی كار بکەین بۆ ئێزدیرکان و بەرگریان لێ بکەین و بە پیر قوربانیەكانی دەستی داعشەوە بچین، لێرەدا هەنگاوی جدی و  كاری جدیمان پیویسە چونکە دەستی دەستی و خاوە خاو لە وەڵامدانەوەی داواكاریەكانی خەڵكی خۆمان لە شەنگال ئیدی بەڕاستی شورەییە. 

ئێزدیەكان پێکهاتەی رەسەن و گوزارشتن لە كولتوری جوانی رەنگاو رەنگی ئەم نیشتمانە، بۆیە لەگەڵ یادی دە ساڵەی کارەساتی ئەواندا و یادی ئەو مەرگە ساتانەش دەكەینەوە كە بەسەر تەواوی پێكهاتەكانی دیکەی گەلەكەماندا هاتووە، هەر لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ئەنفال و كیمیا بارانكردنی هەڵەبجەوە هەتا قوربانیانی دەستی تیرۆر. 

 لەبارەی دەستەبەری دادپەروەری  بۆ قوربانیەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاكی خۆیان و پەیڕەوی رێكاری ئەمنی و پاراستنی هاوڵاتیەكانمان پێویست ناكات هیچ ڕاوچۆچونێكی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت، و ناكرێ رێگە بە داعش و نموونەكانیان بدرێت  جارێکی تەراتێن بكەن و خەڵكی بتۆقێنن و کارەسات و مەرگەسات ئەو دڕندایەتیە بەرامبەر ڕۆڵەكانمان بنوێنن  كە نواندیان چونکە ئەوەی روویدا لوتکەی تۆقاندن و داپڵۆسین و قڕکردن و لەناوبردن و ڕەشەکوژی بە کۆمەڵ بو . 

ئێمە كە یادی ئەو بۆنە ئازاربەخشە دەكەینەوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە پاشماوەی بیری داعشی لە ئێستاشدا مەترسیەكی گەورەیە و ناكرێ پشتگوێی بخەین. دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە لەناو ئایینی پیرۆز و دامەزراوەكانیدا؛ بەرەنگاری توندڕەوی و هزری تەكفیری ببینەوە و پارێزگاری لە چەمكی دەستووری مەدەنی بکەین كە لەڕاستیدا پارێزگارییە لە شوناسی نیشتمانی و ڕەنگاڵەی کۆمەڵگا، ئەو شوناس و دەستورەی کە بەکارهێنانی ئایین و سەپاندنی بۆ مەبەستی سیاسی رەتدەكاتەوە. 

دیارە كە ئایین زۆر لەوە بەرزتر و پیرۆزترە كە ئامراز بێت بەدەست سیاسیە بەرژوەندخوازەكانەوە یان بۆ پاساوهێناوە و برەودان بە بەرژەوەندی سیاسی بەكاربهێنرێت. لە بنەڕەتیشدا دەستووری عێراقی بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراسیەو رێز لەو فرەییە دەگرێت كە لە كۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە، و رێزی بۆ كۆسیستەمی بەهای ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەی عێراق داناوە. 

لە ئێستاشدا سەرەڕای دووپاتكرنەوە بەردەوامەكان بۆ كۆتایی پێهێنانی مەترسی ئەمنی تیرۆر و تەكفیر، بەڵام ئەوەی لە سوریادا دەگوزەرێ، و هەبوونی رێكخراوە توندڕەوە چەكدارییە مەترسیدارەكان كە بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێ لە ناوچەكانی باكوری سوریا و شوێنەكانی دیكە، و جگە لە کامپی  (الهول) كە دەیان هەزار كەس لە خۆدەگرێت؛ ئاڵینگاریەكی ئەمنی مەترسیدارەو ناكرێ پشتگوێ بخرێت. 

داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتووە، پێویستە ئامادەیی  بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵینگاری قورس بكەین، بەتایبەتی لە میانی دیمەنی هەرێمایەتی ئالۆزو شلەژاوی پڕ لە ململانێدا، لەم روەوە ناوچەكە پێویستی بەكاری جدی هەیە. ئەو تاوانە تیرۆریستیانەی داعش لە ئێران و روسیا ئەنجامی دان، و ئەوەی لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق لەماوەكانی رابردوودا كە رووبەرووبونەوەی چەكداری لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو رێكخراوەدا بەخۆوە بینی؛ زەنگی مەترسییە و پێویستی بە هەماهەنگی و كۆكردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەرگرتن لە كارەساتێكی ئەمنی نوێ كە بەڕێوەیەو گومان لە روودانیدا نییە. 

 لە عێراق پێویستمان بەوەیە دەرس و پەند وەربگرین، سەركەوتن لە بەدەستێهنان و هەوڵەكان رەوایەتیەكی نیشتمانی و مرۆییە، بۆ ئەوەی ئەو كارەساتانە دووبارە نەبنەوە كە ماوەی پەنجا ساڵە عێراق و ناوچەكەی گرتۆتەوە لە ئەنجامی داروخانی كۆسیستەمی هەرێمایەتی و بۆتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەیەكی پڕ كێشە پۆلێن بكرێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە كۆسیستەمێكی كاری هەرێمی سیاسی و ئەمنی و ئابوری هاوكاری بدۆزینەوە بۆ رووبەرووبونەوەی ئاڵینگاریەكانی سەردەمەکە کە گەلانی ناوچەكەش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئەم خولانەوە بێهودەیە كۆتایی پێ بێت و بگەن بە ئاستی گەلانی دنیا.

سەرچاوە : سپیمیدیا