ئا/ مالیک محەممەد
ە
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە حەما چەند چەکدارێک ئاگریان لە دارێکی کریسمس بەرداوە و دوای ئاگر تێبەردانیشی "هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان لە هاووڵاتییان کردووە و نەیانهێشتووە ئاگرەکە بکوژێننەوە."
دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە ناوچەی سقێلبییەی پارێزگای حەما، چەند چەکدارێک ئاگریان لە دارێکی کریسمس بەردا، کە مەسیحییەکانی شارەکە لەوێیان دانابوو. دوای ئاگر تێبەردانیشی هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان دەکرد و رێگەیان نەدەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە، دواتر کە شوێنەکەیان بەجێهێشت تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە ئاگرەکەیان کوژاندەوە."
بەهۆی ئەو رووداوە دەیان دانیشتووی سقێلبییەی خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد دەستدرێژی بۆ سەر سیمبولە ئاینییەکانیان رابگیرێت.
لە دوای ئەو رووداوە، کەسێک کە پێدەچێت بەرپرسیاریێتی لە نێو گرووپە چەکدارەکاندا هەبێت، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ناوچەی سقێلییە لەگەڵ چەند پیاوێکی ئاینی مەسیحی دەرکەوت و گوتی ئەوانەی دارەکەی کریسمسیان سووتاند "سووری نەبوون". بەڵێنیشی دا سزایەکی ئەنجامدەرانی بدەن "زیاتر لەوەی چاوەڕێی دەکەن."
بەرپرسەکە رایگەیاند دارەکەی کریسمس لەسەر ئەرکی دەستەی تەحریری شام نۆژەن دەکرێتەوە و رووناک دەکرێتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات و دەشڵێت، هەر لە حەما هێرش کراوەتە سەر عەلەوییەکان و مەترانێکی ئەرسەدۆکس، چەند چەکدارێکی دیکەی نەناسراویش بە هەڕەمەکی تەقەیان لە شوێنێکی پەرستشی مەسیحییەکان کردووە و ترس و دڵەڕاوکێیان لای هاووڵاتییان دروستکردووە.
سەرچاوە : ڕووداودیجیتال