لە بەرامبەر چ دەسەڵاتێک ماندەگرن؟

 

 

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم



 مانگرتن شێوازێکی خەباتە، لە زۆر سیستەمی دیموکراسی و تەنانەت دیکتاتۆریش چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ بەدیھێنانی داخوازیەکانیان پەنای بۆ دەبەن، گەلی کوردستان بە تایبەت لە زیندانەکانی رژێمە داگیرکەرەکان ئەزموونی دیاری لە مانگرتن ھەبووە و ھەیە،  بە تایبەت لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا کە ھەمیشە پڕ بوونە لە تێکۆشەرانی کورد.
 

 لە باشووری  کوردستان دوای کۆڕەوی ملیۆنی خەڵک کوردستان بۆ گرەنتی کردنی مافەکانی و پاراستنی لەھەر ھێرش پەلامارێکی رژێمی ئەوسای بەعس لە چەند شارو شارۆچکەیەکی کوردستان لەبەردەم بارەگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان "UN" پەنا بۆ خەباتی مانگرتن بردرا، ئەو جۆرە لە خەباتە لە لایەن دەیان ھەزاران کەس پشتیوانی لێکرا و ئەوسا دەنگ و سەدایەکی گرنگی لێکەوتەوە.
 

  مانگرتنی ئەمجارەی پۆڵێک لە مامۆستا و فەرمانبەر بۆ داواکردنی کەمترین مافە کە مووچەیە و لە کاتی خۆیان پێیان نادرێت، ھەروەھا مانگرتن نیە لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی داگیرکەر، بگرە لە کوردستانی ئازاد دەستیان داوەتە ئەم جۆرە لە خەباتی دیموکراسی و مەدەنی بەڵکوو بتوانن ڕای گشتی بەرامبەر بە نادادیەک بجولێنن کە لێکەوتەی حوکمڕانییەکی شکستخواردووی نادادپەروەرە.
 

شایانی باسە، لە ڕابردوودا  زۆرێک لەو ئەزموونانەی مانگرتن کە بە نموونە ھێنامانەوە کەسانی مانگرتوو لە گەیاندنی پەیامی مانگرتنیان سەرکەوتوو بوونە.

لەیلا گۆڤەن دوای 200 رۆژ لە مانگرتنی لە زیندانی ئامەد کاتێک لە زیندان ئازادکرا گووتی:" خۆشحاڵم کە بەرخۆدانی زیندان سەرکەوت"، ھەر ھەفتەی ڕابردوو مانگرتنی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان وایکرد بڕیاری لە سێدارەدانی دوو ژنە چالاکوانی کورد جێبەجێ نەکرێت، لە ساڵی 1991 مانگرتن بە پەیامی مام جەلال و بەڵێنی بەرپرسانی ئەوسای نەتەوەیەکگرتووەکان شکێندرا.
 

بەڵام ئێستا کە بۆ ھەفتەیەک دەچێت ئەو پۆلە لە مامۆستا و فەرمانبەرەی لە بەردەم بارەگای "UN"  لە سڵیمانی بەو سەرمای زستانە لە خیوتێک مانیانگرتووە نابینین بەرپرسە دەست ڕۆیشتووەکانی حکومەتی ھەرێم ویژدانیان بجولێت و پەیامێکیان بۆ ئەوان ھەبێت. کەچی منداڵێک لە تورکیا لە پایسکل بکەوێت ئەوان دەکەونە پێشبڕکێ بۆ ناردنی پەیامی ھاوخەمی.
 

نامانەوێت لە گرنگی ئەو خەباتە کەم بکەینەوە، بەڵام ڕاستیەک ھەیە کە دڵنیام مانگرتووانی ژێر خیوەتی شکۆمەندی پێش ئێمەش دەیزانن،  ئەویش ئەوەیە ئەوان و ئێمەش لەگەڵ دەسەڵاتێک تێکەوتووین نە لە خەباتی مەدەنی تێدەگات، نە باکی بە ژیانی خەڵک ھەیە، نە بە لایەوە گرنگە ئێوە خۆتان برسی دەکەن یان سەرما بردی دەبن.
 

بۆیە دەبێت میکانیزمەکانی خەبات لە ڕووی جۆری و شوێن و چەندایەتی بگۆڕدرێت، تا ئەو دەسەڵاتە ناچار بکرێت چیتر یاری بە قووت و ژیانی خەڵک نەکات، مووچە کە بەپێی یاسا مافی سادەی مووچەخۆرانە،  لەوە زیاتر نەکرێتە قوربانی ململانێی دوو دەسەڵاتی بێ باک کە (ھەرێم و بەغدا)یە. ئەوان بۆ دزینی نەوتی زیاتر و دەستگرتن بەسەر داھاتی وڵات ئامادەن خەڵک برسی بێت جا دێتە سەرشەقام یان ماندەگرێت، ھیچ باکیان نیە، ئەوی نیە لە ئاست ئەو خەباتە کوێر و کەڕ بێ وویژدانن.

سەرچاوە : سپی میدیا