لێكەوتە دەرونیەكانی هەواڵی كوشتن

 

 

یادگار ئیسماعیل

 

كوشتن و خۆكوشتن كردەیەكی مرۆڤەكانە و بابەتێكی جیهانی و ڕێژەییە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت بەڵام ئەوەی لە كوردستان ڕودەدات جێگای هەڵویستە لەسەركردنە بەتایبەت مامەڵەی میدیا و فاكتەرەكان و ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆمەڵگا ..

مامەڵەی میدیا بەو شێوەی ئێستا لەگەڵ هەواڵی كوشتن و خۆ كوشتن بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە فاكتەرەكان لەپاڵ دەیان هۆكاری دیكەی كۆمەڵایەتی و ئابوری و دۆخە خودیەكان و نەخۆشی و گرفتەكان.

میدیا چۆن دەبێت هەنگاو بە هەنگا و پرۆسەكان بگوازێتەوە لە كاتێكا لەوە گرنگرتر هۆیەكانی ڕودانی كارەساتەكانە بۆ نمونە لە زۆربونی چەك ، نەبونی هۆشیاری ، تێبینی لەسەر سەروەری یاسا ، مامەڵەكردن لەگەڵ بكوژو بە پاڵەوانكردنی !!،  شەریعەت و یاسا؟! ... و دەیان پرسی دیكە كە باس ناكرێت و تەنیا فۆكسەكە لەسەر كردارەكەیە..

بەشێكی زۆر لەوانەی بیرۆكەی كوشتن و خۆ كوژیان هەیە دەناسرێنەوە بە كۆمەڵێك ئاماژەی زارەكی و نازارەكی ، دەی چی دەبێت لەو كاتانە با هاوكار بین دەستیان بگاتە شوێنێكی كلینكی بۆ چارەسەر و هۆشیاری نەك بۆ نوشتەو شێخ و مەلاو فلان و فلان تا كاڕەسات ڕودەدات...!!

هەواڵی كارەسات و كوشتن دەبێتە هۆی زەبری دەرونی بۆ خەڵك ، چونكە مەرج نیە ڕوداوی زەبراوی تەنیا بەسەر كەسەكەدا هاتبێت هەندێك جار بە بینین و گێڕانەوە مروڤ توشی تڕۆما دەبێت و پێویستی بەچارەسەرە و دەبێت وریا بین ئەو هەموو دیمەنە خەمناكە كاردەكاتە سەر بیرو هەستەكان و دواجار تاك و كۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت و چالاكیە باش و خۆشبەخشەكان بەهایان نامێنێت چونكە باس ناكرێت..

هەمیشە دەڵێم نەخۆشی دەرونی زمانی هەبوایە هاواری دەكرد ، چونكە هەرچی هۆكاری كوشتنە دەدرێتە پاڵ نەخۆشی دەرونی لە كاتێكا بەو جۆرە نیەو بۆ پەردەپۆشی ڕوداوەكانە و زۆر جار خێزانەكان بۆ ئەوەی نەبێتە ستیگما و لەكەیەكی كۆمەڵایەتی بۆیان دەڵین بكوژ نەخۆشی دەرونی هەبوو میدیاش هەروا شوێن دەكەوێت بێ ڕاستی فاكتەرەكان..

بۆ نابێت ئێمە چاومان لە شتە جوان و باش و بەهێزەكانی خۆمان و دەوروبەر بێت ، بۆچی ئەوەندە شكاندن و تاوان و لەكەداركردن بۆڵت بكرێت كە دواجار هەر ئەوەی زۆر باس بكرێت و لەبەر چاو بێت ئەوانە دەبنە ڕەفتار ، ئیدی كاتی هەڵویستەیەكی جدی نیە بۆ میدیا و تاك و ڕێكخراوو سەندیكاكان تا پڕۆژەی جدی چارەسەر پێشكەش بكرێت؟!..

 

سەرچاوە : سپی میدیا