لێبوردەیی کۆمەڵایەتی لەنێوان کردارو پەرچە کردار

لێبوردەیی کۆمەڵایەتی لەنێوان کردارو پەرچە کردار

 

زانا تۆفیق به‌گ

بەشێکی زۆری سەرکەوتنەکانی سەدەی ناوەڕاست و شوڕشەکانی فەڕەنسا لە نێوان  پێش رێنساس دوای ڕێنساس هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ لێبوردەیی کۆمەڵایەتی. چونکە چەمکی لێبوردەیی وەکوئەلتەرناتیڤی چاکسازی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری گێرا بۆ سەرلەنوی بونیادنانەوەی هزروتێزەکانی پێکەوەیی لەسەر بنەمای لێبوردەیی بەتایبەتی لە ناو کایەی سیاسیدا. ئەزموونەکانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی ئەوروپا لە دوای سەردەمی ڕێنساس و ئەو گوڕانکاریە گەورانەی کە لە بوارەکانی پیشەیی و زانستی و عەقلێەتی تاکدا ڕوویدا. فەزلەکەی دەگەڕینتەوە بۆ بەکار‌هێنانی چەمکە لێبوردەیی  بەشێوەیەکی گشتی بەتایبەتی لە ناو کایەیی سیاسی و زهنی تاکدا ، لە دوای هەڵگیرسانی شوڕشی فەرەنسی و تێکشانی زیندانی باستیل وەکو ڕەمزی زۆرداری و کۆیلەیی مرۆڤی فەرەنسی،  ئەو سەردەمە سەردەمی  پیاوانی کەنیسەو لویسەکانی فەرمانڕەوایی  ووڵات بووکە خۆیان وە ک نوێنەری خودایی سەر زەمین  وە کۆمەڵگایان وەکو کویلە و ڕەعیەت سەیر دەکرد.

گەورەترین کاری جدی بۆ پێکهێنان و دروستکردنی چەمکی لێبوردەیی بریتیە لە پەروەردە و ژێنگەی تەندروست بۆ نەشونماکردنی چەمکی لێبوردەیی لە ناو زهنیەتی تاك بەتاکی کۆمەڵگادا،  بەتایبەتی پەروەردە وەکو داینەمویی ئەو موڕاڵە. وە جێگیرکردنی لەناو پرۆسەی فێرکردن و یاساکان و ڕێزگرتن لە هزرە جیاوازەکانی تاك بەتایبەتی  لە  کاتی بەرکەوتەکانی ژیانی ئاسایی و خێزان وتاکەکانی کۆمەڵگادا و پاشان گواستنەوەی بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی فەرمانڕەوایی ووڵات. 

بەشێکی زۆری چارەسەرنەکردنی کێشەکانی کۆمەلگای کوردی دەگەڕیتەوە بۆ غیابی چەمکی لێبوردەیی لەناو کایەیی سیاسی و نەبوونی لەناو ژیانیی پەروەردەیی خێزانی کورد تا دەگاتە دامەزراوەکانی دەوڵەت و خویندگاکان و زانکۆ ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی لە ناو دەسەڵات و نیزامی سیاسی هەرێمی کوردستان.

زۆربەی زۆری ناوەندە ئەکادیمیەکانی خورئاوا و بەتایبەتی موستەشریقەکانی سیاسی و ئابووری و کەلتوری بەم شێوەیە باس لە کۆمەڵگایی کوردی دەکەن دەڵێن مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە دۆستی هەموو بەهایەکی دەرەوەیی خۆیانن جگە لە وجودیی خودیی خۆیان وە دژی هەموو گوڕانیەکی ایجابین کە لەلایەن بەشێکی خۆیانە دروست دەکرێت. وە دۆستی  هە موو عورفیەکی دەرەکین جگە لە کایەیی کۆمەڵایەتی خۆییان وە گیانی تولە و ئیرەیی بی مۆڕاڵی وەکو بەشێکی گرنگی کاریی ڕوژانەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانندا بوونی هەیە، کە دیارە ئەم جورە بیرکردنەوانە دوورن لە چاندنی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی. 

نەبوونی دیدگایی هاوبەش و تێڕوانینی جیاواز نزیکبوونەوەی ئارگۆمینتە جیاوازەکانی کایەیی سیاسی لە ناوحیزبی کوردی و دەسەڵاتی بەڕیوەبردن لە ئێستایی کوردستاندا دەگەڕیتەوە بۆ بڕوا نە بوون بە چەمکی لێبوردەیی لە نێوان یەکتریدا نەبوونی ئەم چەمکە لەناو بڕیاری سیاسی و هەڵویستی سیاسیدا دەرئەنجامیەکی خراپی دەبێت بۆداهاتووی هەرێم.   نەگەڕانەوەی زهنیەتی لێبوردەیی و ژیری لەناو بڕیارو ڕەفتارەکانماندا ڕۆژبە دوای رۆژ بەرەو توانەوەی خۆشەویستمان دەبات، وە ڕق و توڵە پانتاییەکی فراوانی دروست کردوە لەناومینتاڵیەتی  کۆمەڵگاکەماندا، کەواتە ئێمە هەنگاو دەنین  بەرەو بێ هیوای ، وگەیشتن بە سێبەرەکانی سەرابیەکی بێ کۆتایی.

سەرچاوە : خەندان